په‌یام له یاره دووره‌کانه‌وه!
مرۆڤ له دایک ده‌بێ، به‌ڵام به بێ زمان. ئه‌وه‌ی مانا به بوونی زمانیش ده‌دا، مرۆڤه. ئه‌وه دایکه کۆرپه فێر ده‌کا چۆن په‌یڤه‌کان بناسێ و گۆیان بکا، لێره‌وه تێده‌گه‌ین، زمان له ڕێی بوونه‌وه‌ره‌وه ده‌پارێزرێ، نه‌ک به پێچه‌وانه‌که‌ی. مرۆڤ که نه‌زانێ بپه‌یڤێ، ڕێێهک هه‌یه، لێیه‌وه فێری په‌یڤین ده‌بێ، ئه‌ویش مرۆڤی دیکه‌یه. مرۆڤ له ڕێی په‌یڤینه‌وه، به‌شێک له‌و خواستانه بۆ ئه‌وانیتر ده‌گوازێته‌وه، که له ده‌وروبه‌رین. مرۆڤ له سه‌روه‌ختی له دایکبوونیدا وه‌ک قوتووی به‌تاڵه، مرۆڤه‌کانی تر و بوونه‌وه‌ره‌کانی تر و بیرکردنه‌وه به‌رده‌وامه‌کانی، ڕێڕه‌و و ئامانجه‌کانی ده‌خه‌نه به‌ر ده‌م و هۆکاری هه‌ره بنیاتی ده‌بن، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک تاکه‌که‌س، کۆمه‌ڵگه له خۆیدا بتوێنێته‌وه، یان به پێچه‌وانه‌وه. به‌ڵام زۆرجار ئه‌وه ده‌بینین، نه‌ک خه‌ڵک، به‌ڵكوو نووسه‌رانیش فۆرمێک به‌رهه‌م دێنن، که ده‌کرێ بڵێم: کۆمه‌ڵگه‌ی تاکه‌که‌سییه، کۆمه‌ڵگه‌ی تاکه‌که‌سی به‌و مانایه‌یه: نووسه‌ر، هێندێک کات خۆی ده‌کاته ده‌مڕاستی کۆمه‌ڵگه، یا ده‌سته‌بژێرێکی کۆمه‌ڵگه و له‌و ڕێیه‌وه کار بۆ کۆمه‌ڵه‌ئامانجی ترسناکی تاکه‌که‌سی ده‌کا… ئه‌گه‌ر مرۆڤ خواستی هه‌بوو، ده‌سته‌ڵات و شکۆمه‌ندییه بێ زیانه‌کانی بمێننه‌وه، هه‌وڵی پاراستنیان ده‌دا، بێ ئه‌وه‌ی بهێڵی ببێته کۆمه‌ڵگه‌ی تاکه‌که‌سی. که‌وابوو: مرۆڤ زۆرکات پێوه‌سته به ڕابوردووه‌وه، بێ مه‌یل، یان بێ ئه‌وه‌ی له‌مه به ئاگا بێ. له‌مه‌وه تێده‌گه‌ین: ته‌نیا زمان له سه‌روو مرۆڤه‌وه‌یه، هه‌ر زمانیشه ڕه‌وتار و پهیڤینهکانی هه‌ر کام له تاکه‌کان، بۆ ئه‌وانیتر ده‌گوازێته‌وه.
ئه‌گه‌ر به شێوه‌ی سه‌رچیخ، سه‌رنج له پێوه‌ندیی نێوان ڕۆشنبیر و زمان بده‌ین: ڕۆشنبیر، به‌ر له‌وه‌ی نووسه‌ر بێ، که‌سێکه به چهندجۆر، له پێناو کۆمه‌ڵێک ئامانجی ئه‌خلاقی و ویژ‌دانیدا بیر ده‌کاته‌وه، دواجاریش هه‌موو هه‌موو ئه‌مانه له بۆته‌یه‌کدا ده‌توێنێته‌وه، که خزمه‌تکردنه به کۆمه‌ڵگه. به‌و جۆره: نووسین، به‌رهه‌می بیر کردنه‌وه‌یه و هه‌موو نووسه‌ره‌کانیش ڕۆشنبیر نین، به‌ڵام هه‌ر کام له ڕۆشنبیره‌کان ده‌توانن بنووسن. ئه‌م ده‌ربڕینه، به‌رهه‌می له‌مێژینه‌ی زۆربه‌ی هزرمهندهکانه و لێکدانه‌وه هه‌مه‌جۆره‌کانیش ده‌ری ده‌خه‌ن: نووسینی به‌رپرسیارانه، هیچکات له‌گه‌ڵ فریودانی ئه‌وانیتردا له پێوه‌ندیدا نییه، ئه‌مه به ده‌ر له‌وه‌ی: نووسه‌ره فریومهبهستهکانیش هه‌مان قسه ده‌ڵێنه‌وه.
ئه‌گه‌ر نه‌ختێک له‌و نووسینانه ورد ببینه‌وه، که له دوای 17ی 2ه‌وه و له لایه‌ن هێندێک که‌سی خۆبه‌ڕۆشنبیرزان و فه‌یله‌سووفی ته‌له‌ڤیزیۆنه‌وه نووسراون، بۆمان ده‌رده‌که‌وێ: جگه له‌وه‌ی به خواری بیر ده‌که‌نه‌وه، مه‌رامگه‌لی جۆربه‌جۆریش له پشت ڕستهکانیانهوه خه‌وتوون، ئه‌و مه‌رامانه‌ی داوا ده‌که‌ن حورمه‌تی له ده‌ستچوو بۆ نووسه‌ره‌کان و نووسینه‌کانیان بگه‌ڕێته‌وه… ئه‌م جۆره نووسه‌رانه، له ساته‌وه‌ختی وه‌ها ناسکدا، ئه‌وه به ده‌رفه‌ت ده‌زانن، وه‌ک پاڵه‌وان خۆ بنوێنن و له ڕێی نووسینیشه‌وه، وه‌ک گۆڵهمرۆڤ بقرووسکێنن، که ئیشی مرۆڤ له‌و جۆره کاتانه‌دا ئه‌وه‌یه، خۆپێشاندان بکا، نه‌ک له پشت ڕسته‌کانه‌وه بقرووسکێنێ.
که باسم له زمان کرد، بۆ ئه‌وه بوو خوێنه‌ر بیری بکه‌وێته‌وه: زۆربه‌ی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی له ئێستادا هه‌ڵوێستی قسه‌یی و کاتی، وه‌ک وه‌ره‌قه‌ی ساخته له هه‌مبه‌ر ده‌سته‌ڵاتی دوو زلحیزبه‌که و هێندێک جاریش ئۆپۆزیسیۆن به‌رز ده‌که‌نه‌وه، سه‌روه‌ختێک و تا ئه‌م یه‌ک- دوو ساڵه‌ی دوایی، ئه‌گه‌ر به‌شێک نه‌بووبن له‌و که‌سانه‌ی ڕهوایییان به گه‌نده‌ڵیی ده‌سته‌ڵاتی سیاسیی کوردی ده‌دا، بێده‌نگترینی هاووڵاتییان بوون. هه‌رکه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش سه‌ریهه‌ڵدا و هه‌ستیان به بزاڤه‌کانی سه‌رکه‌وتنی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه کرد، هه‌ر کام له‌و نووسه‌رانه، به شێوه‌ی جوداجودا، خۆیان کرد به سه‌رقافڵه‌ی خاوهندرووشمهکان، ئه‌و درووشمانه‌ی ته‌نیا بۆنی مه‌رامی ژه‌هراوییان لێدێ. هێندێک جاریش درووشمی سیمبۆلیکیان بۆ ئۆپۆزیسیۆنێک به‌رز کرده‌وه، که دابڕاو نییه له نه‌خۆشییه‌کانی ده‌سته‌ڵات، بگره به‌شێکیشه له ده‌سته‌ڵات، به‌ڵام له فۆرمێکی تردا؛ به‌شێکه له ده‌سته‌ڵات و به ناوی هاووڵاتییان و که‌سانی ناڕازییه‌وه له‌گه‌ڵ حیزبه‌کاندا که‌وتووه‌ته ململانێوه. به کوردتی ده‌توانم بڵێم: ئۆپۆزیسیۆنیش یه‌کێکه له‌و هێزانه‌ی، قومار له‌سه‌ر خوێنی گه‌نجان و ده‌سته‌ڵاتی پتر و هێزی پتر ده‌کا، بێ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی میلله‌ت له سه‌رووی داخوازییانه‌وه دانابێ.
ئه‌گه‌ر نه‌ختێکیش ورد ببینه‌وه، چه‌ندین پرسیار دێنه به‌رده‌ممانه‌وه: بۆ فارووق ڕه‌فیق له سلێمانی، خۆی کردووه‌ته ده‌مڕاستی خۆپێشانده‌ران؟ بۆ فه‌یله‌سووف، یان ئه‌فلاتوونی به‌ر ده‌رکی سه‌را، له یه‌که‌م ڕۆژدا که خۆی پێشانی خه‌ڵک و ده‌سته‌ڵات دا و چلوحهفت هاووڵاتیی بریندار له‌وێ بوون و له‌م خوێنڕێژییه به ئاگا بوو، ڕاسته‌وخۆ چووه‌وه ماڵی خۆی؟ شێرکۆ بێکه‌س له کام لایه‌نه‌وه جیاوازیی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتداره حیزبییه ترسناکه‌کان هه‌یه، تا ڕێی پێ بدرێ له به‌ر ده‌رکی سه‌را، دژ به ده‌سته‌ڵاتداره سته‌مکاره‌کانی کورد، ده‌نگ هه‌ڵبڕێ؟ ئایا شێرکۆ بێکه‌س ترسناکه، یان فه‌رهاد پیرباڵ؟ چۆنه له حه‌فته‌م ڕۆژدا، ئه‌م شاعیره میللییه ئیلهامی بۆ هاتووه، که پێویسته بچێته ڕیزی خۆپێشانده‌رانه‌وه؟ بڵێی ئه‌م چوونه ته‌نیا بۆ ئه‌وه نه‌بێ، تا له ڕاگه‌یاندنه‌کاندا وێنه‌ی ڕوخساری ده‌ربکه‌وێ و بڵێ منیش هه‌م؟ کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور بۆ زه‌حمه‌ت ده‌کێشێ، به‌وه‌ی له دانمارکه‌وه نامه بۆ گه‌نجانی هه‌ولێر بنووسێ، که‌چی ئه‌وه‌نده زه‌حمه‌ت ناکێشێ، بلیتێک ببڕێ و بگه‌ڕێته‌وه هه‌ولێر، پاشان وه‌ک هاووڵاتی، نه‌ک نووسه‌ر و ڕۆشنبیر [ڕۆشنبیر به که‌سێک ناگوترێ، که چیرۆکنووسه، که چه‌ند گوت‌وبێژی له‌گه‌ڵدا ساز کراون؛ حه‌فت- هه‌شت نووسین و ڕۆمانی نووسیون] به‌شداریی له خۆپێشانداندا بکا [ئه‌گه‌ر پاساوی نه‌هاتنه‌وه پاره‌یه، ئاماده‌ییی ئه‌وه ده‌رده‌بڕم، که هه‌شت مسقال زێڕه‌که‌ی هاوسه‌رم، که هه‌مانه، بۆی ده‌فرۆشین]؟ ئه‌و خوێندنکاره‌ی قوتابخانه‌ی ڕزگاریی سه‌روه‌ختی زوو و نووسه‌رانی تر، به چ شێوه‌یه‌ک بڕیار ده‌ده‌ن، وه‌ک نووسه‌ر و مرۆڤی به ئه‌زموون، نامه بۆ هاووڵاتیان بنووسن؟ ئه‌مانه چه‌ند پرسیارێکن. له بیریشم نه‌چووه: که‌سی تریش هه‌ن، که له دووره‌وه فیکه لێده‌ده‌ن، به‌ڵام گومانم له‌وه‌دا هه‌یه، له نزیکه‌وه بتوانن بچووکترین ناڕه‌زایی ده‌رببڕن. هێی له‌و نووسه‌رانه‌ی سه‌ره‌وه، کۆمه‌ڵێک قونکهنووسهری تری ئه‌ورووپانشین، هه‌مان په‌یامیان به شێوه‌ی جوداجوداوه نووسیوه و ناردنیان، به‌ڵام خۆ قه‌رار نییه له هه‌مبه‌ر هه‌موویاندا ڕابووه‌ستین… پاره‌م نییه، ئه‌گه‌رنا: تێکڕای ئه‌و نووسه‌رانه، به مه‌به‌ستی خۆپێشاندان، داوه‌تی من بوون!
ناکرێ ئه‌وه فه‌رامۆش بکه‌ین: ڕێبوار سیوه‌یلی نه‌ک له ده‌ره‌وه، به‌ڵکوو له کوردستانه‌وه نامه ده‌نووسێ، تکایش ده‌کا “که‌س چاوله‌ڕێی شتی گه‌وره نه‌بێ له ئه‌وه‌وه”، ئه‌و شتانه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیاندان، بێ ئه‌وه‌ی گورز بن له شکۆمه‌ندییه‌کانی هیچ ده‌ستکه‌وت و شتێکی جوان، بێ ئه‌وه‌ی درز بخه‌نه هیچکام له ساته‌وه‌خته شکۆداره‌کانی ڕابوردوو… ئه‌م په‌یامه به‌ر له‌وه‌ی جه‌ختکردنه‌وه بێ له پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کانی کۆمه‌ڵگه، به‌ر له‌وه‌ی جڵهوکرانی نووسه‌ر بێ له لایه‌ن حیزبه‌وه، جه‌ختکردنه‌وه‌یه له به‌رگریکردن له ده‌سته‌ڵات و ده‌ستگرتنه به‌و کڵاوه‌وه، که حیزب دروستی کردووه. ئه‌مه به‌ر له‌وه‌ی پشت‌کردن بێ له مافه هه‌ره سه‌ره‌تایییه‌کانی هاووڵاتیان و خۆبواردن بێ له توندوتیژییه‌کانی ده‌سته‌ڵاته حیزبییه‌کان، خۆشاردنه‌وه‌یه له بڕێکی زۆری ئه‌و توندوتیژییانه‌ی، له چه‌ند ڕۆژی ڕابوردوودا، به‌رانبه‌ر به خه‌ڵکی سلێمانی کراون.
هێنده‌ی ئاگادهریش بم، هیچکام له خۆپێشانده‌رانی به‌ر ده‌رکی سه‌را، ئاماده‌ییی توندوتیژییان تێدا نییه، تا “ڕۆشنبیری لێبورده‌ی ماڵ”، په‌یامی له‌و شێوه‌یه بڵاو بکاته‌وه. ئه‌گه‌ریش ئه‌و ئاماده‌یییه هه‌بێ، هێشتا ئه‌و پاساوه شیاوی قبووڵکردن نییه، که ڕۆشنبیر له واقیعی ناڕهزایییهکانهوه دووربکه‌وێته‌وه و به نووسینه‌کانی خۆیه‌وه سه‌رقاڵ بێ، چونکه هه‌موومان ده‌زانین، نووسین به بێ ئازادی، ده‌بێته به‌شێک له خواسته گه‌وره‌کانی ده‌سته‌ڵات، دواجاریش شانۆیه‌ک له گاڵته‌جاڕیی به‌رهه‌م ده‌هێنێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو سووکایه‌تییانه‌ی به درێژاییی ساڵانی ڕابوردوو، به‌رانبه‌ر به خۆپێشانده‌رانی ئێستای کوردستان کراون، هێشتا خۆپێشانده‌ران ئاماده‌ییی توندوتیژییان تێدا نییه، هیچ شتێکیش له‌وه فریودهرانهتر نییه، که “ڕۆشنبیری لێبورده‌ی ماڵ” به هۆی ئه‌و پاساوه و به شێوه‌ی سیمبۆلیک، دژ به خواستی هاووڵاتییان ڕابوه‌ستێ. هه‌ر که‌سێکیش نه‌ختێک له گۆڕانکارییه گه‌وره‌کانی وڵاتانی دهستهڵاتتۆتالیتێر به ئاگا بێ، ده‌زانێ: ئه‌گه‌ر توندوتیژی له ده‌ره‌وه‌ی خواستی هاووڵاتیانیشهوه بێ، به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان، دێته‌وه ناویان.
کێشه له‌وه‌دا نییه، ئه‌و جۆره نووسه‌ر و ڕۆشنبیرانه، له باتی خۆپێشاندان، سینگیان ده‌رده‌په‌ڕێنن و نووسین پێشانی خه‌ڵک ده‌ده‌ن، به‌ڵکوو کێشه جه‌وهه‌رییه‌که به‌شێکی لێره‌یه: ئه‌وانیش وه‌کوو سیاسییه‌کان، هه‌مده‌م باس له شکۆی نه‌ناسراو و وه‌همه‌کانی ڕابوردووی خۆیان ده‌که‌ن، ڕابوردوویه‌ک، ئه‌گه‌ر جوانیش بێ، به بێ ئاماده‌ییی شکۆمه‌ندیی مرۆڤه‌کان، پێوه‌ندییه‌کی توندوتۆڵی به ئێستاوه نییه. ئه‌وانیش له‌م ڕابوردووخوازییهدا، مه‌به‌ستگه‌لی ژه‌هراوییان هه‌یه، به تهمایشن له‌و ڕێیه‌وه، دید و خه‌ون و جیهانبینیی خوێنه‌ر و گه‌نجانی ئێستا ده‌سته‌مۆ بکه‌ن.
ڕۆشنبیر که هه‌ستی به قورساییی به‌رپرسیارێتیی و ئه‌رکه مۆرالی و ویژدانییه‌کانی خۆی کرد، له هه‌مبه‌ر خۆی و کۆمه‌ڵگه‌دا، گه‌نجان وه‌ک ده‌بده‌به تماشا ناکا، که به نووسینه‌کانی هه‌وایان تێبکا، به‌ڵکوو به‌شداریی له بزاڤ و جموجۆڵه‌کانیان ده‌کا، به‌ڵکوو تێکه‌ڵ به واقیع ده‌بێ.
ئه‌گه‌ر شوناسی به‌رپرسیاریی ڕۆشنبیر ئه‌وه بێ: له ماڵێکی وڵاتی دوورده‌سته‌وه دابنیشێ و به هۆی لاپتۆپه‌وه پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ واقیعی وڵاتی خۆیدا بگرێ، ئه‌وا زۆرجار ئه‌و جۆره ڕۆشنبیره هیچ ناکا، جگه له تێکۆشان و کارکردن بۆ مه‌رامه تایبه‌ته‌کانی، هیچ ناکا، جگه له به کوشتدانی گه‌نجان و گلدانه‌وه‌ی ده‌ستکه‌وته‌کانی خوێن. ئه‌و جۆره که‌سانه‌یش که‌م نین، که له ڕابوردوودا وه‌ک ڕۆشنبیر ناسران، به‌ڵام، له‌م ساڵانه‌ی دوایی و ئێستادا، ده‌ستکه‌وتی خوێنی گه‌نجه‌کانیان له گیرفانه هاوبه‌شه‌کانیاندا شارده‌وه، ته‌نانه‌ت بوون به به‌شێک له ده‌سته‌ڵات، دواجاریش به‌رپرسیارێتی و هه‌ست و مۆراڵ و ویژدانیان ته‌ڵاق دا.
ئه‌وه‌ی ئه‌رکه هه‌ره سه‌ره‌تایی و ڕاسته‌قینه‌کانی تاکی ڕۆشنبیر بزانێ، تێده‌گا: ڕۆشنبیر، ته‌نیا له نووسیندا پێوه‌ندیی به واقیعه‌وه نییه، به‌ڵکوو له واقیعیشدا ده‌چێته نێو ئه‌م پێوه‌ندییه‌وه. ئه‌وانه‌ی نووسه‌رانی ناوبردراویش له ماوه‌ی ڕابوردوودا نووسیویانن، جۆرێک نووسینن، که تێیاندا هه‌رده‌م جه‌خت له‌سه‌ر هاوخه‌میی نووسه‌رانیان بۆ واقیعی ئێستای کوردستان ده‌که‌نه‌وه و په‌یامی سه‌ره‌کییش ئه‌وه‌یه، که هاووڵاتیان، له ڕه‌وتار و پهیڤینهکانیاندا، به هیچ شێوه‌یه‌ک توندوتیژی نه‌نوێنن، به‌ڵام ئه‌و ڕۆشنبیرانه له بیریان چووه: زنجیره بێئومێدییه خه‌سته‌که‌ی نێو نووسینه‌کانیان، هۆکاری هه‌ره سه‌ره‌کین، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر کام له تاکه‌کان، توندوتیژی له هه‌مبه‌ر ده‌سته‌ڵاتدا بنوێنن. له بیریشمان نه‌چووه: هیچ شۆڕشێک به بێ توندوتیژی، ئاکامه‌کانی له به‌رژه‌وه‌ندیی میلله‌ت نابن. بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌ربڕینه ڕهواییبهخشین بێ به توندوتیژیی خۆپێشاندان.
وه‌کچۆن پرۆگرامی خوێندنی مێژووی پۆلی دوازده‌ی ئاماده‌یی پڕ کراوه به ستایشکردنی سه‌رکرده و سیاسییه‌کانی ڕابوردوو، ئه‌و جۆره ڕۆشنبیرانهیش ده‌یانوێ له ڕێی نووسینی نامه “بۆ کچوکوڕانی وڵات”، “بۆ گه‌نجان” و “بۆ خۆپێشانده‌ران”، جڵه‌وی واقیعه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌که بگرنه ده‌ست، پاشان به هه‌ڵوێسته پشتئهستوورهکانیان- به مه‌رامی سیمبۆلی، هه‌ڵوێسته‌کانیان وه‌ک چه‌کگه‌لی قورس، له هه‌مبه‌ر هاووڵاتیاندا به‌رز بکه‌نه‌وه. بۆیه ده‌کرێ بگوترێ: ئه‌وانه‌ی نیشته‌جێی وڵاته ئه‌ورووپییه‌کانن و له سه‌روه‌ختی وه‌هادا نامه ده‌نووسن، ڕۆشنبیر نین، به‌ڵکوو کۆمه‌ڵێک بوونه‌وه‌رن، که ده‌شێ به دهڵهمرۆڤ ناویان بێنین، که به نووسینه‌کانیان دهقرووسکێنن. زۆربه‌ی ئه‌و ڕۆشنبیرانهیش خۆیان لێ بووه‌ته “ڕووناک‌بیری کورد!” و تا ئه‌و بای ناڕهزایییه فراوانه هه‌ڵی نه‌کردبوو و پارتی و یه‌کێتی وه‌ها دزێو دیارنه‌بوون، ئه‌و ڕۆشنبیرانه، له فۆرمی جۆربه‌جۆردا، به‌شداربوون له زۆربه‌ی ناز و نیعمه‌ته‌کانی ده‌ستگاکانی راگه‌یاندنی ئه‌و حیزبانه، زووزوویش بۆ کوردستان ده‌هێندرانه‌وه و به مه‌به‌ستی ده‌مچه‌ورکردن، ده‌عوه‌ت ده‌کران؛ به‌شێکیان زه‌وییشیان وه‌رده‌گرت.
ئه‌و جۆره ڕۆشنبیرانه، هه‌میشه قسه‌گه‌لی ڕۆڵان بارت، به تایبه‌ت ده‌سته‌واژه ناسراوه‌که‌ی “مه‌رگی نووسه‌ر” ده‌ڵێنه‌وه و باس له پۆستمۆدێرنیزم و ئیزمه‌کانی تر ده‌که‌ن، وه‌ک نوێنه‌ر و موختار و ڕێبه‌ریش، له دوور و نزیکه‌وه “په‌یام” و “ئامۆژگاری” بۆ گه‌نجان ده‌نووسن و ده‌نێرن. له کاتێکدا ئه‌و جۆره بیرکردنه‌وانه، ئی سه‌رده‌می مۆدێرنیزمن: له‌و ده‌مه‌دا، حیزب، سیاسی، نووسه‌ران، ڕۆشنبیران، وه‌ک “پێشڕه‌و” و لاقی هاووڵاتیان، خۆی ده‌بینی، نووسین یان قسه‌کانیشی، هه‌ر له‌و چوارچێوانه‌دا وێنا ده‌کردن. ئه‌گه‌ر قهولیش بێ میلله‌تی کورد وه‌ک میسر و توونس بیر له پرۆسه‌که بکاته‌وه و پێیدا تێبپه‌ڕێ، ئه‌وا پێویست ناکا هیچکام له‌و سیاسی و نووسه‌ره دهمههراشانه، له دوور و نزیکه‌وه نامه و په‌یام بۆ گه‌نجان بنێرن، به‌ڵکوو پێویسته وه‌ک نه‌وال سه‌عداوی، که له به‌یانییه‌وه تا ئێواره و به‌و پیرییه‌ی خۆیه‌وه له “ساحه‌ی تحریر” و له‌گه‌ڵ خه‌ڵک بوو، ته‌نیا بۆ دژوه‌ستانه‌وه له هه‌مبه‌ر ده‌سته‌ڵاتدا، ئه‌و کوردانه‌یش بگه‌ڕێنه‌وه بۆ کوردستان. وه‌ک گوتم: نه‌ک له دووره‌وه، یادگاریی تاکه‌که‌سی و کۆمه‌ڵه‌کی بگێڕنه‌وه و فرمێسکی تیمساحی بتکێنن و ئه‌وه بڵێن، که سه‌روه‌ختی زوو، خۆپێشاندانیان دژی ده‌سته‌ڵاتی به‌عس کردووه. سه‌روه‌خت، یان ساڵانی زوو، پێوه‌ستن به ڕابوردوووهوه. له هه‌مووده‌م گرینگتر، نیشته‌جێبوونه له واقیعی سات به ساتی ئێستادا.
له‌مانه‌وه تێده‌گه‌ین: ئه‌و ئامانجه گشتییه‌ی بوونه‌وه‌رانی زیانبه‌خش به دوایدا ده‌گه‌ڕێن، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شکۆمه‌ندییه‌کانی تاکه‌که‌س و کۆمه‌ڵگه نین، به‌ڵکوو هه‌وڵدانه بۆ مۆنۆپۆلکردنی جموجۆڵی هاووڵاتییان، که ئێستا له سه‌رتاپای کوردستاندا هه‌یه. ئه‌م کاره‌ی ڕۆشنبیران، هه‌مان سیناریۆی ده‌سته‌ڵاته سیاسییه‌کانی کوردستانه، به ئۆپۆزیسیۆنیشه‌وه، به‌ڵام هه‌ر کام له فۆرمێکدا. ده‌کرێ که‌م تا زۆریش نه‌توانین له هه‌مبه‌ر ئه‌وه‌دا ده‌نگ هه‌ڵبڕین، که بۆچی ده‌سته‌ڵاته سیاسییه‌کان به‌و شێوه دزێوه، کار بۆ مه‌رامه‌کانیان ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌و کاته‌ی که‌سێک به ناوی ڕۆشنبیری کورد و ڕووناکبیر و به ماسکی جۆربه‌جۆره‌وه ئاماده‌باشی بۆ به پاڵهوانناساندنی خۆی ده‌کا، وه‌کوو لایه‌نی ئه‌خلاق و ویژدانی مرۆڤانه‌مان، پێویسته به لانی که‌مه‌وه ئه‌وه‌ی بیر بێنینه‌وه، که له مرۆڤبوون که‌وتووه و چووه‌ته فۆرمی جانه‌وه‌ره‌وه، ئه‌م گۆڕانهیش دزێوترین جۆری ده‌سته‌ڵاتدارێتیی تۆتالیتێره.
دواجار پێویسته بگوترێ: ئه‌و سه‌ره‌قه‌ڵه‌مانه، به‌شێکن له سه‌رنجه‌کانم، له پێوه‌ندی به‌و ساته‌وه‌خته مێژوویییه گرینگه‌ی، کوردستان پێیدا تێده‌په‌ڕێ. به‌ڵام ئه‌مانه به مانای پشت‌کردن نین له ته‌واوی نووسه‌ر و ڕووناکبیران [چونکه نووسه‌رانی خاوێن هه‌ن]، وه‌کچۆن ناکرێ به هیچ پاساوێکه‌وه خۆمان له به‌رپرسیارێتی ڕه‌خنه‌گرتن له هه‌مبه‌ر هه‌ر کام له هه‌ڵه‌کان ببووێرین. جه‌ختیش له‌وه ده‌که‌مه‌وه: ترسناکیی ئه‌و ڕۆشنبیرانه، هیچی که‌متر نییه له کوشندهییی ده‌سته‌ڵاتی حیزبه‌کان و ئۆپۆزیسیۆن. بۆیه، ئه‌گه‌ر نووسه‌رانی ئاماژهبۆراو له دیوه شاراوه‌کانی نووسین و ڕهوتارهکانیان بێ ئاگان، وا باشه به هۆی ئه‌م نووسینه‌وه په‌یامه‌کانیان بکێشنه‌وه و پێیان بڵێین: ئازیزان! فه‌رموون ئه‌مه واقیع!
3- 3- 2011 هه‌ولێر
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
له لاپه‌ڕه‌ی فه‌یسبووکی نووسه‌ره‌وه گواستوومه‌ته‌وه
Entry filed under: وتار. Tags: .
