سه‌باره‌ت به په‌یدابوونی زمان ـ به‌شی سێهه‌م و کۆتایی
پڕۆفسۆر پێته‌ر یێرده‌فۆرش
سه‌رئه‌نجام پرسیاری سێهه‌م: چۆنه ئێمه ده‌ئاخڤین؟ ئه‌رکی زمان له سه‌ره‌تاوه چی بووه؟
ئه‌من ده‌مه‌وێ سه‌ره‌تا ئاماژه به‌وه بکه‌م که زمانی ئاخافتنی مرۆڤ نرخێکی زیاتری بۆ دراوه له‌وه‌ی ئێمه بیری لێ ده‌که‌ینه‌وه. دابه‌زینی پیوازۆکه‌ی ئه‌وک له لای “هۆمۆ ساپیێنس” خه‌سارێکی گه‌وره‌یه له مرۆڤ که‌وتووه، چوونکا جۆگه‌له‌ی گه‌رووی خواردن و هه‌ناسه‌دان تێکه‌ڵ بووه؛ ئه‌وه‌ش به نۆبه‌ی خۆی مه‌ترسیی خنکان زیاتر ده‌کات، ئه‌گه‌ر بێت‌و خواردن رێیه‌کی هه‌ڵه هه‌ڵبژێرێ و به جۆگه‌له‌ی هه‌ناسه‌داندا بڕواته خوارێ. که‌وایه ده‌بێ سوودی گه‌شه‌ناوه‌ندانه‌ی زمان له‌وه زۆرتر بێ هه‌تا بتوانێ ئه‌و خه‌ساره قه‌ره‌بوو بکاته‌وه.
له پرۆسه‌ی گه‌شه‌کردنی مرۆڤدا قه‌باره‌ی مێشک به شێوه‌یه‌کی دیار گه‌وره‌تر بووه. ئه‌و بوونه‌وه‌ره سه‌ره‌تایی‌یانه‌ی لقی مرۆڤیان لێ بووه‌ته‌وه ـ پێشینه‌کانمان ـ (Primate) به گشتی مێشکێکی گه‌وره‌تریان هه‌بووه له شیرده‌ره‌کانی دیکه، به‌ڵام مێشکی مرۆڤ نۆ (9) جار گه‌وره‌تره له مێشکی شیرده‌رێک که قورسایی له‌شی هاوکێشی قورسایی له‌شی مرۆڤ بێت. نرخی خستنه کاری مێشک زۆر به‌رزه ـ مێشک ئۆرگانێکی ده‌ستبڵاوه و هه‌رچه‌ند ته‌نیا دوو له سه‌دی قورسایی له‌ش پێک دێنێ، به‌ڵام بیست له سه‌دی وزه‌ی مرۆڤ بۆ خۆی ده‌با. یه‌کێک له زیانه‌کانی ئه‌و بابه‌ته ئه‌وه‌یه که مرۆڤ [به‌و هۆیه‌وه] تاقه ئاژه‌ڵێکه ناتوانێ گه‌ده و مێشک وێكڕا به ته‌واوی وه‌کار بخات. مرۆڤ ئامرازی پێویستی له ده‌ستدا نییه بۆ ئه‌وه‌ی له یه‌ک کاتدا هه‌م بیر بکانه‌وه و هه‌میش خواردن هه‌رس (هه‌زم) بکا‌ت. ئه‌دی چۆن توانیومانه له به‌رخۆدانی خۆماندا بۆ مانه‌وه، ئۆرگانێکی وا ده‌ستبڵاو له له‌شی خۆماندا گه‌شه پێ بده‌ین؟ وا دیاره ئه‌و چنگه په‌ڵووه مه‌یله‌وبۆره‌ی ناو کاسه سه‌رمان ده‌بێ سوودی شایانترمان پێ بگه‌یه‌نێ تا بتوانێ ئه‌و ده‌ستبڵاوییه‌ی قه‌ره‌بوو بکاته‌وه.
مرۆڤناسی ئینگلیزی “رۆبین دوونبار” ده‌زانێ بۆ مێشکی مرۆڤ وا گه‌وره‌یه. بناغه‌ی شیکردنه‌وه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که ره‌وه‌یه‌ک مه‌یموون هه‌رێ زۆر 50 سه‌ره، به‌لام پۆله مرۆڤی کولتووره سه‌ره‌تاییه‌کان ده‌گه‌یشته 150 ـ 200 که‌س. “دوونبار” جه‌ختی ده‌کاته‌وه که مرۆڤ ئه‌و مێشکه‌ی پێویست بووه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ ئه‌و کێشه و ئاژاوانه چاره‌سه‌ر بکا‌ت که له ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگه گه‌وره‌یه‌دا ده‌هاتنه ئاراوه. ئه‌و توانا کۆمه‌ڵایه‌تییه ئێستا به “هۆشمه‌ندیی ماکیاڤێللی” به‌ناو ده‌کرێت. سه‌رکه‌وتن له‌ناو گرووپدا په‌یوه‌ندیی به به‌ڕێوه‌بردن یان چه‌واشه‌کردنی ئه‌وانی دیکه و توانای خۆپارستن له چه‌واشه‌کرانه‌وه هه‌یه. به پشتبه‌ستن به ده‌رئه‌نجامێکی مه‌نتیقی ده‌توانین پیشانی بده‌ین که په‌یوه‌ندییه‌کی دوولایه‌نه[ی عیلمی] هه‌یه له‌نێوان توانستی ته‌فره‌دان و قه‌باره‌ی مێشکی بوونه‌وه‌ره جۆراوجۆره سه‌ره‌تاییه‌کاندا.
ئاژه‌ڵناسی هۆلاندی “فڕانس دێ واڵ” له کتێبێکی خۆیدا به ناوی (Chimpanzee Politics) باسی لێهاتوویی شیمپانزه به‌ده‌سته‌ڵاته‌کان ده‌کا له گه‌مه‌کردن به ئه‌وانی دیکه‌دا. ناسراوترین چیرۆک ئه‌وه‌ی شیمپانز “یه‌رۆن”ـه که ماوه‌یه‌کی زۆر پیاوه به‌ده‌سته‌ڵاته‌که‌ی ره‌وه‌مه‌یموونێک بووه. ئه‌و له پاییزی ته‌مه‌نیدا له‌لایه‌ن شیمانزی گه‌نج “لووئیک”ـه‌وه له پۆسته‌که‌ی ده‌رده‌کرێ و دواتریش له مل به مله له‌گه‌ڵ “نیکی”، له‌سه‌ر پۆستی جێگرایه‌تی، شکست ده‌خوا. شیمانزی پیر، له جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌و حه‌قیه‌ته تاڵه بسه‌لمێنێ، ده‌چێ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتداری ژماره دوو (نیکی) ئالیانسێک پێک دێنێ و پێکه‌وه “لووئیک” له‌سه‌ر ده‌سته‌ڵات لاده‌به‌ن و پیاوی ژماره دوو (نیکی) جێی ده‌گرێته‌وه. له‌وه به‌ولا ئیتر مافی جووتبوون له‌گه‌ڵ مێیینه‌کاندا به پله‌ی یه‌که‌م به “لووئیک” ره‌وا ده‌بینرێ؛ به‌ڵام پیره‌مه‌یموونیش له‌و پله‌به‌ندییه نوێیه‌دا مافی جووتبوون له‌گه‌ڵ هێندێک له مێیینه‌کان بۆخۆی ده‌سته‌به‌ر ده‌کات، چوونکا ئیدی ئێستا ده‌سته‌ڵاتداری نوێ (نیکی)، بۆ به‌ربه‌ره‌کانیکردن له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتداری پێشوو (لووئیک) پێویستی به پیره‌مه‌یموون هه‌بوو و نه‌یده‌وێرا زۆری سه‌رڕه‌قێ له‌گه‌ڵ بکا‌ت.
ئێستا ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له نێو ئێمه‌ی مرۆڤ و پێشینه‌کانیشماندا ئه‌وه‌نده گرینگ بووبن، ده‌بێ چۆن بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیگه‌لی گونجاو گرێ بدرێن؟ مه‌یموونه‌کان له رێگای دۆزین، لێستنه‌وه و شانه‌کردنی یه‌کتره‌وه ئه‌و په‌یوه‌ندییانه گرێ ده‌ده‌ن. مرۆڤ ده‌توانێ له‌خۆی بپرسێ داخوا بۆ راست ئه‌و جۆره په‌یوه‌ندییه کاریگه‌رییه‌کی ئاوا یه‌کانگیرانه‌ی هه‌یه؟ وێده‌چێ به‌شێک له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ئه‌وه بێ که لاواندنه‌وه‌ی فیزیکی (دۆزین، لێستنه‌وه و شانه‌کردن) سترێسی که‌سه لاوێنراوه‌که که‌م بکاته‌وه. ئه‌و بابه‌ته ئه‌نجامگه‌لی راسته‌وخۆی گه‌شه‌ناوه‌ندانه‌شی هه‌یه ـ زانراوه که سترێس کاریگه‌ریی نه‌رێنیی هه‌یه له‌سه‌ر زاووزێ. هه‌روه‌ها فاکته‌رێکی دیکه بۆ به‌هێزبوونی یه‌کانگیری ئه‌وه‌یه که لاواندنه‌وه پێویستی به کاتێکی زۆر هه‌یه: ته‌رخانکردنی کاتێکی زۆر بۆ لاواندنه‌وه‌ی که‌سێکی دیکه، که‌سه لاوێنراوه‌که وا لێده‌کا هه‌ست به ئه‌وله‌هی (ئاسایش) بکا‌ت له یه‌کانگیرییه‌که‌دا.
ئه‌و شیمپانزانه‌ی له ره‌وه‌ی 30 تا 50 که‌سیدا ده‌ژین، له سه‌دا 20ی ئه‌و کاته‌ی له خه‌ودانین بۆ لاواندنه‌وه‌ی یه‌کتر ته‌رخان ده‌که‌ن. “دوونبار” وای بۆ ده‌چێ که مه‌یموونه‌کان، بۆ ئه‌وه‌ی له ناو گرووپێکی 150 که‌سیدا هه‌مان راده‌ی یه‌کانگیری ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن، پێویست ده‌کا له سه‌دا 40ی کاتی نه‌خه‌وتوویان بۆ لاواندنه‌وه‌ی یه‌کتر ته‌رخان بکه‌ن. ئه‌وه وا ده‌کا که کاتێکی که‌متریان بۆ چالاکییه‌کانی وه‌ک دۆزینه‌وه‌ی بژێو و خه‌وتن و … بمێنێته‌وه. که‌واته له قۆناغێکی پرۆسه‌ی گه‌شه‌ی مرۆڤدا، سترێسی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وه‌نده زۆر بووه که ئیتر لاواندنه‌وه‌ی یه‌کتر په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی تێر نه‌کردووه.
له‌وێوه پێدوایستییه‌کی دیکه دێته ئاراوه بۆ گرێدانی کاریگه‌رانه‌ی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. “رۆبین دوونبار” ئالێره‌دایه که روودانی داهێنانه گه‌وره‌که‌ی مرۆڤ رۆده‌نێ: زمانی ئاخافتن. سوودی هه‌رێ سه‌ره‌کیی زمانی ئاخافتن ئه‌وه‌یه که تۆ ده‌توانی به گوتوبێژ ژماره‌یه‌کی زۆتر که‌س بلاوێنییه‌وه، هاوکات که ده‌سته‌کانیشت به‌تاڵن بۆ کاری دیکه (بۆ نموونه بۆ ژیراندنی منداڵه‌کان). “دوونبار” ده‌لیلی ئه‌وه دێنێته‌وه که که‌متر وا هه‌یه گوت‌وبێژی به‌کۆمه‌ڵ له نیوان چوار که‌سان زیاتردا بێ. ئه‌گه‌ر گرووپه‌که گه‌وره‌تر بێ مه‌یلی پۆل پۆل بوونی تێدا دروست ده‌بێ.
ئه‌و له‌گه‌ڵ خوێندکاره‌کانیدا لێکۆڵینه‌وه‌گه‌لی سۆسیۆلۆژیانه‌ی کردوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی داخوا خه‌ڵک له گرووپگه‌لی نافه‌رمیدا له‌سه‌ر چی ده‌دوێن. ئه‌و بۆی روون بۆته‌وه که به‌شێوه‌یه‌کی مامناوه‌ند، دوو له سێی کاتی یه‌کتر دواندنی ئه‌و گرووپانه، بۆ بابه‌ته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ته‌رخان ده‌کرێ. تا ئه‌و کاته‌ی گرووپه‌که تاکڕه‌گه‌ز بێمێنێته‌وه ئه‌و رێڕه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێ. به‌ڵام له گرووپگه‌لی دووره‌گه‌زه‌دا پیاوه‌کان باسی سیاسه‌ت، کڕین و فرۆشتن یانیش زانست ده‌که‌ن؛ ئه‌وه بۆ خۆهه‌ڵنانه‌وه له‌لای ژنه‌کان یانیش له لای یه‌کتر. به‌ڵام ده‌نگۆ و غه‌یبه‌تکردن ئه‌غڵه‌ب بابه‌تی سه‌ره‌کیی گوتوبێژه‌کانه.
تیۆرییه‌کانی پێشوو سه‌باره‌ت به په‌یدابوونی زمان پێیان وابوو زمان له سه‌رووی هه‌موو شتێکه‌وه بۆ گۆڕینه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر شوێنی نێچیران ده‌کار کراوه. به‌ڵام له روانگه‌ی “دوونبار”ه‌وه ئه‌رکی سه‌ره‌تایی زمان پێوه‌ندیی کۆمه‌ڵایه‌تی بووه: زمان، بۆ دروستکردنی په‌یوه‌ندیگه‌لی سۆزناوه‌ندانه له نێوان که‌سه‌کاندا، ده‌کار کراوه.
کۆمه‌ڵێک خوێندنه‌وه‌ی هاوئاهه‌نگیی نێوان کۆرپه و دایک ئه‌و تیۆرییه‌ی “دوونبار” پشتڕاست ده‌که‌نه‌وه. به زمانی ئینگلیزی به‌و زمانه‌ی دایک پێی له‌گه‌ڵ کۆرپه‌که‌ی ده‌ئاخڤێ ده‌ڵێن (Motherese) ـ ئه‌وه له زمانی سوێدی [وه کوردی]دا زۆر له ده‌سته‌واژه‌ی “زمانی مندالان” نزیکه. زمان‌ناس “ئانن فێرنلاند” توێژینه‌وه‌یه‌گه‌لێکی کردووه له‌سه‌ر چۆنیه‌تی قسه‌کردنی دایک له‌گه‌ڵ کۆرپه‌که‌ی، له کولتوورگه‌لی جیاوازدا. دایکه‌کان هه‌ڵبه‌ت که وشه‌ی جیاواز، چیرۆکی جیاواز و ده‌نگی جیاوازی زمانی ده‌کار ده‌که‌ن کاتێک له‌گه‌ڵ کۆرپه‌کانیان ده‌ئاخڤن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت‌و تۆن، به‌رز و نزمیی ده‌نگیان به‌راورد بکه‌ین ئه‌وا چوار ستروکتووری سه‌ره‌کییان تێدا ده‌دۆزینه‌وه: (1) دایک له‌وانه‌یه منداڵه‌که‌ی هان بدا بۆ کردارێک (“وه‌ره بۆ لای دایه”). (2) ئه‌و ده‌توانێ منداڵه‌که‌ی به بۆنه‌یه‌که‌وه خه‌ڵات بکا‌ت (“کیژه زیره‌که‌که‌م”). (3) ئه‌و له‌وانه‌یه منداڵه‌که‌ی له شتێک وریا بکاته‌وه یان لێی پاوان بکا، ئه‌غڵه‌ب به وشه‌ی کورت و ده‌نگێکی نیوه ده‌ربڕاو (“بڤ، ئه‌ی، نا”). (4) وه سه‌رئه‌نجام ئه‌و ده‌توانێ منداله‌که‌ی بلاوێنێته‌وه و ئه‌وکات زمان ئاوازێکی نه‌رم و نیانی هه‌یه (“دڵه‌که‌ی دایه، به‌رخه‌که‌ی دایه”)
وێده‌چێ ئه‌و چوار ستروکتووره ده‌نگییه له هه‌موو کولتووره‌کاندا هه‌بن، به‌بێ به‌رچاو گرتنی ئه‌و زمانه‌ی بۆ تێگه‌یاندنی کۆرپه‌کان ده‌کار ده‌کرێ. ئه‌وه‌ی گرینگه ناوه‌رۆکه هه‌ستناوه‌نده‌که‌یه، نه‌ک کام وشه ده‌کار ده‌کرێ. ئه‌وه‌ش نموونه‌یه‌کی دیکه‌یه بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی که ئه‌رکی سه‌ره‌کیی زمان ده‌ربڕینی هه‌سته‌کانه، که له نزیکه‌وه به په‌یوه‌ندییان به تێکه‌ڵاوییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه هه‌یه. ده‌شێ ئه‌رکه ئینفۆرماتیڤه‌که‌ی (زانیاریده‌رانه) زمان زۆر دواتر گه‌شه‌ی کردبێ.
هۆشمه‌ندیی ماکیاڤێللیانه زۆر لایه‌نی هه‌ن. کاتێک زمان گه‌شه ده‌کا، درۆ و چه‌واشه‌کردن هاسانتر ده‌بێته‌وه. ده‌ڵێن قه‌له‌م له شمشێر تیژتره؛ پرسیار ئه‌وه‌یه که داخوا ئاخافتن له‌ویش به‌ده‌سته‌ڵاتتر نییه؟ ئاخێوه‌رێکی باش ده‌توانێ حه‌شامه‌تێکی زۆر فریو بدات. ئاخافتنی سۆزدار تا ئێستاش تیژبڕتره له ئاخافتنی به ناوه‌رۆک. هه‌م به‌دکار و هه‌میش مێرخاس ده‌توانن که‌ڵک له زمانی ئاخافتن وه‌ربگرن. به‌ڵام رۆڵی زمان، وه‌ک راسته و پاسته‌که‌ری پێوه‌ندییه کۆمه‌لایه‌تییه‌کان، ده‌توانێ تا راده‌یه‌ک پێش به به‌دکاریی بگرێ ـ ئێرۆن بۆیه نیکی ده‌لاوانده‌وه هه‌تا ئاوه‌ڵبه‌ندایه‌تی له‌گه‌ڵ دروست بکا‌ت. هه‌روه‌ها مرۆڤی سه‌رده‌میش به پله‌ی یه‌که‌م بۆ گرێدانی پێوه‌ندیی جۆراوجۆر زمان ده‌کار ده‌کا. گرینگ ئه‌وه نییه چی ده‌ڵێین، به‌ڵکوو چۆنی ده‌ڵێین و به‌کێی ده‌ڵێین.
یه‌کێک له کێشه دیاره‌کانی هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ئه‌وه‌یه که پێش له خۆبه‌خێوکه‌ران بگرێ تا که‌ڵکی خراپ له‌و ده‌ره‌تانانه وه‌رنه‌گرن که له ئه‌نجامی ئاوه‌ڵبه‌ندییه‌کاندا ده‌سته‌به‌ر ده‌بن. رێگایه‌کی جێی متمانه ئه‌وه‌یه که ته‌نیا له‌گه‌ڵ که‌سانی باوه‌ڕپێکراودا ئاوه‌ڵبه‌ندی دروست بکه‌ی. خوێن له ئاوێ ئه‌ستورتره. [ئه‌گه‌ر بیکوردێنین ده‌بێته: "گۆشتیشت بخوا ئێسقانت ناشکێنێ"] لێکۆڵینه‌وه‌گه‌له مه‌یدانی نیشانی ده‌ده‌ن که له‌ناو شیرده‌ره‌کانی دیکه‌شدا ئاساییتر ئه‌وه‌یه که ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ که‌سوکاری نزیک ئاوه‌ڵبه‌ندایه‌تی دروست ده‌که‌ن نه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه‌دا. کاتێک گرووپه‌که‌ش له‌وه گه‌وره‌تر ده‌بێته‌وه که بێجگه له که‌سوکار خه‌ڵکی دیکه‌ش له ئامێز بگرێ، ده‌بێ بتوانین بڕیاری راست بده‌ین، نه‌وه‌کا خۆبه‌خێوکه‌رێک بێته ریزه‌کانمانه‌وه. هه‌ڵبه‌ت ده‌نگۆ بڵاوکردنه‌وه میتۆدێکی کاریگه‌ره بۆ پێش‌گرتن له خۆبه‌خێوکه‌ران، به‌ڵام خۆ ئه‌وه له کۆمه‌ڵگه‌ی گه‌وره‌تردا ناگونجێ. “دوونبار” پێی وایه شێوه‌زار (دیالێکت)ـه‌کان به مه‌به‌ستی ده‌ستنیشانکردنی سنووره‌کانی گرووپ گه‌شه‌یان پێدراوه. ئه‌و جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که زۆر زه‌حمه‌ته مرۆڤ له ته‌مه‌نی گه‌وره‌ساڵیدا شێوه‌زارێک به ته‌واوی فێر بێ و ئیتر بلێڤکردن (ته‌له‌فوز) ده‌بێته ئاماژه‌یه‌کی باوه‌ڕپێکراو بۆ ئه‌وه‌ی بزانین داخوا فڵانه‌که‌س خۆمانه‌یه و به‌و هۆیه‌وه‌ش ئاوه‌ڵبه‌ندێکی باوه‌ڕپێکراوه یان نا.
نموونه‌یه‌کی ته‌وراتی، له زمان وه‌ک ئامرازی دیاریکردنی سنووره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، وشه‌ی”شیبۆلێت”ـه (ئه‌و به‌شه‌ی دره‌خت که ناوکه‌که‌ی تێدایه) که له کتێبی “دادوه‌ران” هاتووه. به‌گوێره‌ی ته‌ورات شه‌ڕکه‌ره‌کانی پاشای ئاسووری ـ گیلاتی سێهه‌م ـ که له‌گه‌ڵ ئارامییه‌کان له شه‌ڕدا بوون، له هه‌موو نه‌ناسراوێکیان ده‌ویست داخوا چۆن ئه‌و وشه‌یه بلێڤ ده‌کات. ئه‌گه‌ر کابرا له جیاتی “شیبۆلێت” بیگوتبایه “سیبۆلێت” دیار بوو که بێگانه‌یه و له‌جێدا ده‌کوژرا. (له نێو کورده‌واریشدا چیرۆکێکی هاوشێوه هه‌یه که ئی سه‌رده‌می سمایلاغای سمکۆیه ـ گۆیا ئه‌وانه‌ی وشه‌ی “پڵاو”ی کوردی‌یان وه‌ک خۆی بلێڤ نه‌کردووه به بێگانه زانراون و … وه‌رگێڕ)
به‌ڵام ئێستا سنووره‌کانی هاموشۆی خه‌ڵک له پێشوو به‌رفراوانتر بوون. کۆمه‌ڵگه‌کانی ئێمه ئیتر له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌شیره و هاوپشتیی گوندناوه‌ندانه دانامه‌زرێن، وه‌ک ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌مه کۆنه‌کاندا باو بوو. ئێمه هه‌تا دێ له که‌سوکار و نزیکانی خۆمان دوورتر ده‌که‌وینه‌وه. به‌و جۆره مه‌رجه کۆنه‌کانی ئاوه‌ڵبه‌ندیش گۆڕانی ریشه‌یی‌یان به‌سه‌ردا هاتووه. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته زمانییانه‌ی له ئه‌ژداده‌کانمانه‌وه بۆمان ماونه‌وه، وامان لێده‌که‌ن که تا ئێستاش به زه‌حمه‌ت باوه‌ڕ به‌وانه بکه‌ین به شێوه‌زارێکی بێگانه قسه ده‌که‌ن، له‌وه‌ش به زه‌حمه‌تتر به‌وانه‌ی به زمانێکی دیکه قسه ده‌که‌ن. ده‌بینین که ریشه‌ی سنوورداربوونی ده‌رفه‌ته‌کان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئاوه‌ڵبه‌ندایه‌تیی نوێ و دڵنیا، له کۆمه‌ڵگه‌ی هاوچه‌رخی ئێمه‌دا، بۆ پرۆسه‌ی فراژۆتنی به‌کاوه‌خۆی ئێمه ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام ئێمه ده‌توانین به گه‌شه‌پێدانی وشیاری، کۆتایی به‌و پێشداوه‌رییه بایۆلۆژیکانه‌مان بێنین. هیچ نه‌بێ ده‌توانین قسه‌یه‌کی لێ بکه‌ین.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سه‌رچاوه: گۆڤاری زانستیی “Tvärsnitt” ژماره دوو، ساڵێ 1999
له سوێدییه‌وه وه‌رمگێڕاوه
Entry filed under: وه‌رگێڕان. Tags: زمانه‌وانی.