دڵێکی به‌دکار
March 11, 2011 at 15:26 1 comment
ئاریس فیۆریتۆس
ئه‌و دواتر هه‌میشه زوو خه‌وی لێ ده‌که‌وت، ئارام و به‌تاڵ له خه‌یاڵ، ده‌تگوت له هه‌وا دروست کراوه. کابرا وا راهاتبوو له‌لای پشته‌وه‌ی راکشێ، قه‌له‌وێکی نه‌رم، ده‌ستێکی له ناوقه‌دی ده‌ئاڵاند و گه‌رمایی ده‌میشی ده‌خسته سه‌ر پشته‌ملی. ئه‌و دوانیوه‌ڕۆیه‌ش که له‌سه‌ر مۆبڵه چه‌رمه‌که راکشابوون، جیاوازیی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی پێشوو نه‌بوو. به‌ڵام ئه‌و به‌هۆیه‌ک نه‌یده‌توانی چاوان لێک نێ و بخه‌وێ.
وه‌ک جارانی پێشوو دوای خوانی نیوه‌ڕۆ یه‌کتریان دیبوو. ئێستا چه‌ند کاتژمێرێک تێپه‌ڕیبوو و خۆر خه‌ریک بوو له ناو پۆله ئانتێنی باڵه‌خانه‌که‌ی ئه‌وبه‌ردا بزر ده‌بوو. رۆژ به‌ره‌و ئێواره‌یه‌کی مه‌یله‌و تاریکی فێنک به‌ڕێوه‌بوو، ئه‌و ده‌یویست ئه‌و ساته‌وه‌خته تا قال و به‌لایێ درێژه‌ی هه‌بێ. په‌رده که‌تانییه‌که نه‌رم نه‌رم ده‌جووڵایه‌وه، وه‌ک بڵێی خوایه‌کی ئارام له پشتیه‌وه هه‌ناسه ده‌دات. به‌ڵام له‌ش سوکنایی نه‌ده‌هات، خه‌یاڵه‌کان نه‌ده‌فڕین. سه‌ری وه‌رسووڕاند و چاوی ده‌و کونه بۆرکه‌ڵه‌یه بڕی که سیگارێکی ناوریا ده په‌رده‌که‌ی کردبوو. ده‌زووله تیشکێکی لێڵ له کونه‌که‌وه سه‌ری پێوه نابوو، پشکوتنێکی سه‌رلێشێواو له ئارامییه‌کی ره‌های گه‌ردیله‌کانی تۆزدا. پرچه‌کانی که چه‌ند کاتژمێرێک پێشتر رێک خرابون، ئاره‌قاوی ببوون، پێ ده‌حه‌سیا که شێ خه‌ریکه فۆڕمه‌که‌یان ده‌گۆڕێ. کابرا تا ئێستاش له‌ناو له‌شیدا بوو، لووس و له‌بار، وه‌ک نزایه‌کی خێرخوازانه. به‌ڵام ئه‌و ده‌یزانی که ئه‌گه‌ر بیهه‌وێ له‌و ئارامییه‌دا بمێنێته‌وه، ده‌بێ تاوێکی دی بڕێکی دیش خۆی لێ ره‌پێش کا، له کڵۆته له‌گونجان هاتووه‌که‌ی.
“دانیشه”، ئه‌و ساڵێک به‌ر له ئێستا که دایمه‌زراندبوو، وای پێ گوتبوو. له‌گه‌ڵ پاڵدانه‌وه له ناو کورسییه‌که‌ی و راوه‌شاندنی ئه‌و سیگاره‌ی دایم و سه‌عات له ده‌ستیدا بوو؛ قه‌فه دووکه‌ڵ بێسه‌برانه له هه‌وادا خولابوونه‌وه. کراسه‌که‌ی سپی و ئوتووکراو، کڕاواته‌که‌ی ـ ره‌شێکی قه‌یتانی ـ به بای باوه‌شێنکه‌ره جیڕه‌جیڕکه‌ره‌که له‌رابۆوه. ده‌ستێکی به‌ناو قژه ته‌نکه به‌ره‌ودوا داهێنراوه‌که‌یدا هێنابوو و ددانه‌کانی وه‌ده‌ر خستبوون. ئه‌و سێ ددانی زێری له ده‌میدا ژماردبوو، به‌ر له‌وه‌ی گره‌و له‌گه‌ڵ خۆی بکا: ‘دووحه‌وتووی دی له‌گه‌ڵم جووت ده‌بێ’.
چوار رۆژی پێ چووبوو و ئه‌وان یه‌که‌م جار به پێوه کردبوویان. کابرا به‌ر له نیوه‌رۆ هاوکاره‌کانی دیکه‌ی ره‌وانه کردبوۆوه و له ده‌رگای ژووری کاره‌که‌ی وی دابوو، ئه‌و له پشت قه‌ڵاپۆچنه‌یه‌ک کلاسۆر دانیشتبوو. کابرا، هاوکات که فنجانه قاوه پێوه به‌جێماوه‌کانی کۆ ده‌کرده‌وه، پێی گوتبوو که تا دوو کاتژمێری دیکه هێندێک دۆستی دێنه لای (حه‌وتووی جارێک پاسۆڕیان ده‌کرد) و ئه‌وه‌شی لێ زیاد کردبوو که ده‌توانێ دوای ته‌واوکردنی لیستی هه‌نارده‌کراوه‌کانی مانگی رابردوو بڕواته‌وه. به‌ڵام له جیاتی رۆیشتن، فنجانه‌کانی دانابۆوه و ده‌ستێکی لێ راوه‌شاندبوو، وه‌ک بڵێی ویستبێتی فریشته‌کانی ناو گڵۆپه شیرییه‌که بانگ کاته خوارێ، به‌جۆرێک که سه‌عاته قورسه‌که‌ی ده‌ستی لێ که‌وتبوو. له کاتێکدا سیگاره‌که‌ی به په‌له کوژاندبۆوه ـ وا به‌په‌له که له نێوه‌ڕاستێ را شکانبدووی، گوتبووی “وه‌ره، له‌وانه‌یه شتێکی گونجاو هه‌بێ بۆ پشووی حه‌وتوو”. رۆژه‌کانی به‌ر له جێژنی خۆئاشکراکردنی رووحی پیرۆز بوو، کاتێک ئه‌و وه‌دوای که‌وتبوو بۆ عه‌مباره‌که، یه‌کسه‌ر تێگه‌یشتبوو که گره‌وه‌که‌ی دۆڕاندووه.
یه‌که‌مجار جوتبوونێکی خێرا و بێسۆز، به قه‌ت ماوه‌ی حه‌په‌سانێک. ئه‌و پشتی وه یه‌کێک له کۆڵه‌که‌کانی جل هه‌ڵواسین دابوو و ده‌ستی به دوو باریکه‌پلی کۆڵه‌که‌که گرتبوو، هه‌وڵی دابوو به ئاوه‌ڵکراسی هه‌تا قوله‌پێیان داکێشراو رووبه‌ڕووی بێته‌وه. دواتر، کاتێک خه‌ریکی راسته و پاسته کردنی دامێنه‌که‌ی بوو، کابرا خه‌ریک بوو ئه‌و یه‌ک دوو کوته لیباسه‌ی ده‌خستنه‌وه شوێنی خۆیان که تۆزێک پێشتر به‌ربببوونه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی چاو له چاوی بکا پێی گوتبوو که ده‌توانێ یه‌کێک له بلووزه خورییه‌کان بۆخۆی هه‌ڵگرێ. دوایه سیگارێکی نوێی هه‌ڵکردبوو، ددانه زێڕه‌کانی ده‌رخستبوون و پرسیبووی داخوا ناکرێ له نزیکه‌وه زیاتر یه‌کتر بناسن. ئه‌و، بۆ ئه‌وه‌ی کات به‌سه‌ر ببا، هه‌وڵی دابوو یه‌ک دوو کوته لیباس رێک و پێک کا. به دیتنی ئه‌نجامه خێچ و خواره‌که‌ی ئه‌و هه‌وڵه هه‌ردووکیان پێکه‌نیبوون، ئه‌و ئیدی تێگه‌ییبوو که پێشنیاره‌که‌ی کابرای به‌دڵ بووه.
جاری دووهه‌م و سێهه‌م کابرا به دانیشتنه‌وه کردبووی، به‌ڵام له جاری چواره‌مه‌وه هه‌ردووکیان راکشابوون. مانگێک دواتر ئیدی نه‌یده‌توانی بیر له ژیانێک بکاته‌وه بێ ئێواره ژوانی نهۆمی سه‌ره‌وه‌تر. جووڵانی خۆر له پشت په‌رده‌کانه‌وه که هه‌ناسه‌یان ده‌دا، په‌رۆله‌یه‌کی نووشتاوه‌ی تۆزاوی له‌ناو ئاوخۆره‌وه‌یه‌ک رۆندا، وێنه‌ی یه‌کێک له رێبه‌ره دلێره‌کانمان که به شێوه‌یه‌کی سه‌یر سمراوه، وه سه‌رئه‌نجام ئه‌و کورسییه که کابرا هه‌موو جارێ ده‌یخسته پاش ده‌رگا‌که… جیهانی ئه‌وان هه‌ر ئه‌و چوار دیواره بوو، که‌چی بۆ ئه‌وان له‌هه‌موو عاسمانان ئاوه‌ڵاتر بوو.
هاوین و پاییزیش هه‌ر به‌و جۆره تێپه‌ڕیبوون. له میانه‌ی دووهه‌م سه‌فه‌ری زستاندا به‌ره‌و باکوور ـ کابرا تا ده‌هات هه‌ڕاڵتر، ئه‌ویش لاوازتر ده‌بوو ـ ده‌سته‌کانی لێک بڵاوکردبوون و گوتبووی ئیدی کاتی ئه‌وه هاتووه “ئه‌و دۆخه” بگۆڕین. ئه‌و سه‌ره‌تا تێی نه‌گه‌یشتبوو، به‌ڵام دواتر که تێگه‌یی کابرا ده‌یه‌وێ بڵێ چی، گه‌رماییه‌کی له‌ناو ڕان و بن هه‌نگڵه‌کانیدا هه‌ست پێ‌کردبوو. دڵ له خۆشیانا وه‌حشی. کابرا شه‌و چه‌ند ته‌له‌فۆنێکی کردبوو. به‌ڵام کاتێک له‌به‌ر ئاوێنه خۆی رازاندبۆوه، کابرا له ده‌رگای دابوو و به دوو چاوی ره‌شی مۆله‌قه‌وه له‌سه‌ر لێواری بانیۆکه دانیشتبوو و باسی ئه‌وه‌ی کردبوو چۆن هه‌موو شته‌کان پێچه‌ڵاوپووچ بوون. کردبوویان، به‌ڵام به پاڕانه‌وه و ده‌رده‌سه‌ری، کاتێکیش ئه‌و سه‌رله‌به‌یانیی رۆژی دواتر له‌خه‌و هه‌ستابوو، قالبی گیرابوو. به شه‌مه‌نده‌فه‌ری سه‌عات دوازده گه‌ڕابۆوه.
کاتێکیش کابرا چه‌ند رۆژ دواتر گه‌ڕابۆوه، بێئه‌وه‌ی هیچ به یه‌کتر بڵێن، نه‌ک وه‌ک پێشوو به‌ڵکوو حه‌وتووی جارێک یه‌کتریان دیبوو، رۆژانی پێنجشه‌ممه. ئه‌گه‌ر کابرا هێنده‌ی باسی داهاتوو له‌گه‌ڵ نه‌کردبایه، ئه‌و له‌وانه‌بوو وه‌ک کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ئاسایی چاوی له‌و دیدارانه کردبا. هه‌موو جارێ په‌نجه‌یه‌کی تووڕه‌ی خستبۆ سه‌ر لێوی کابرا، وه‌ک بڵێی ده‌یه‌وێ بڵێ پێویست به قسه‌کردن ناکا. ئه‌وه‌ش کابرای کردبووه بوونه‌وه‌رێکی ده‌مبرسی و ده‌ستبزێو. به‌ڵام ئه‌و سه‌رئه‌نجام ده‌تگوت شتێکی لێ بزر بووه. ئیدی هه‌موو شتێک بۆ کابرا بوو و ئه‌و هیچی پێ نه‌ده‌بڕا. ئێستا، ئه‌و دوانیوه‌رۆیه‌ی مانگی مای 1972 که ئه‌و خه‌وی لێناکه‌وێ، تێگه‌ییوه که ئیدی بڕیاری خۆی داوه.
“ده‌زانی”، ئه‌و به ده‌نگێکی وا به‌رز که چاوه‌ڕوان نه‌ده‌کرا وای گوت، هاوکات که چاوی ده گه‌ردیله ته‌مبه‌ڵه‌کانی ناو ده‌زووه تیشه‌که‌که بڕیبوو. چه‌ند ساتێک هه‌وڵی دابوو له چاره‌نووسی تاقه گه‌ردیله‌یه‌ک بڕوانێ ـ که به ئارامی و وه‌ک بڵێی بێهۆشانه له ده‌زووله تیشکه‌که دوور که‌وتبۆوه، به‌ره‌و قوڵایی تاریکییه‌که. ئه‌و ئێستا که گه‌ردیله‌که‌ی لێ ون ببوو، له‌سه‌ر مۆبڵه جیڕه‌که‌ره‌که خۆی وه‌رسووڕاند و پاڵێکی به سه‌برۆکه‌ی به کابراوه نا و گوتی”ده‌زانی، ئه‌و خه‌ریکه ساڵیک تێپه‌ڕ ده‌بێ و ئه‌من ئیدی ناتوانم …”. له‌وانه‌شه به‌ڕاستی نووستبێ؟ دیسان پاڵێکی پێوه نا ـ ئه‌و جاره‌یان هێنێک توندتر، وا که ده‌نگی خوشانی خاچه‌که‌ی ملی به‌ناو تووکه ئاڵۆزه‌که‌ی سینگی‌دا بیسترا. “گوتم ئه‌من ناتوانم به‌و جۆره ده‌وام بێنم، وه ده‌زانی چی …”. ده‌مێکی پێچوو هه‌تا ئه‌و تێگه‌یی که کابرا نایه‌وێ وه‌ڵامی بداته‌وه، ده‌مێکی زیاتریش هه‌تا تێگه‌یی که کابرا هه‌ناسه‌ش نادا. تیمی ئامبوڵانسه‌که نیوسه‌عات دواتر رایانگه‌یاند که ف. کیریاکۆس، ته‌مه‌ن 46 ساڵ، خه‌ڵکی ئاتێن و خاوه‌نی کارگه‌ی جلوبه‌رگ، به‌هۆی سه‌کته‌ی دڵ مردووه.
Entry filed under: وه‌رگێڕان. Tags: .
1. نوخته | March 20, 2011 at 00:05
خۆشه‌ویستم کاک که‌ریم گیان سڵاو
کاکه بۆ هاتنه نێو وێبلاگی ئێوه ده بێت حه‌وت خانی رۆسته‌م تێپه‌ڕێنین، یه‌که‌م له به‌ر ئه‌ویکه فیلتێریان کردووی و دووهه‌م له به‌ر ئه‌ویکه سورعه‌ت(خێرایی) لای ئێمه زۆر که‌مه، وا دیاره دره‌نگ فریای وه‌رگێرانه‌که‌تان که‌وتم به‌ڵام ماسی هه‌ر کاتێک له ئاوی بگری تازه‌یه، هه‌ڵبژاردنێکی باش تان کردووه و چیرۆکه‌که ڕاوێژێکی خۆشی هه‌یه. هه‌ر چه‌ند له هێندێک جێ‌دا ناروونی هه‌یه ره‌نگه من وام هه‌ست پێ کردبێت؟ وه‌کوو:
…خۆی لێ ره‌پێش کا، له کڵۆته له‌گونجان هاتووه‌که‌ی.
به‌رده‌وامیتان هیوامه.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
کاک ئه‌نوه‌ر گیان ماندوو نه‌بی و سپاس بۆ سه‌ردان و بۆچوونه‌که‌ت.
له‌و وه‌رگێرانه‌دا هه‌وڵم داوه نه‌هێڵم گۆڕانێک به‌سه‌ر ستایلی نووسه‌ر دا بێ ـ هه‌رچه‌ند به وه‌رگێرانی وشه به وشه‌ش وه‌رم نه‌گێڕاوه. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌ودای زمانیی سوێدی و کوردی بڕێک زۆره و ستایله‌که‌ش هه‌روا، جاری وایه ئه‌و کێشه‌یه‌م بۆ دروست ده‌بێ. له‌و شوێنه‌دا که فه‌رمووتانه منیش هه‌ستم به ناروونییه‌ک کردووه به‌ڵام هیچ چاره‌م نه‌بوو ده‌بوو ئاوای لێکه‌م ده‌نا ستایله‌که‌م تێک ده‌دا.
جاوی منی