به کام رووتان باوه‌ڕ بکه‌م
March 13, 2011 at 01:16 1 comment
حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و ده‌ست و پێوه‌نده‌کانیان ـ به تایبه‌تیش نانخۆره رۆژهه‌ڵاتییه‌کانیان ـ هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی کۆبوونه‌وه ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی خه‌ڵکی باشووره‌وه، خۆپیشانده‌ران و به تایبه‌تیش هێندێک له لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنی باشووریان به‌وه تاوانبار کرد که “به فیتی کۆماری ئیسلامیی ئێران” ده‌ستیان دابێته ناڕه‌زایه‌تی. هه‌تا هێندێک له‌و ده‌نگۆیانه راسته‌وخۆ په‌نجه‌ی سوپای قودسی سه‌ر به سوپای پاسدارنیشیان له خۆپیشاندانه‌کاندا ده‌دیت. به پێی ئه‌و بۆچوونه، ده‌بێ حکوومه‌تی هه‌رێم نه‌یار و خه‌ڵکی ناڕازیش دۆستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بن!
ئێستا هه‌رچه‌ند هاتوباتی ئه‌و تاوانبارکردنه هێورتر بۆته‌وه، به‌ڵام به شێوه‌ی جۆراوجۆر هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه. راست له‌و سه‌روبه‌نده‌دا سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێم د. به‌رهه‌م ساڵح، له‌گه‌ڵ باڵوێزی ئێران له عێراق کۆده‌بێته‌وه و ئه‌و لێدوانه‌ی خواره‌وه‌ش ده‌داته ئاژانسی هه‌واڵی فارس.
هه‌واڵنێری فارس له هه‌ولێر، به پشتبه‌ستن به لێدوانێکی بیرۆی سه‌رۆکوه‌زیرانی حکوومه‌تی هه‌رێم نووسیویه‌تی: “رۆژی رابردوو به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆکوه‌زیری ناوچه‌ی کوردستان له هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن دانایی فه‌ڕ باڵوێزی ئێران له عێراق دیدار و گوت‌وبێژی ئه‌نجام دا.”
فارس هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: “له لێدوانه‌که‌دا که نموونه‌یه‌کی دراوه به هه‌واڵده‌ریی فارس هاتووه: له‌و دیداره‌دا هه‌ردوولا جارێکی دیکه جه‌ختیان له‌سه‌ر هاوکارییه ئابووری، فه‌رهه‌نگی و سیاسییه‌کانی ئێران و ناوچه‌ی کوردستان کرده‌وه.”
به‌گوێره‌ی فارس ده‌بێ به‌رهه‌م ساڵح له قسه‌کانیدا ئاماژه‌ی به “یارمه‌تییه‌کانی کۆماری ئیسلامی به خه‌ڵکی کوردستانی عێراق له ساڵانی [ده‌سته‌ڵاتی] حکوومه‌تی به‌عس”دا کردبێ. ناوبراو گوتوویه‌تی: “کورده‌کان قه‌ت لوتف و هاوکاریی برایانی ئێرانیی خۆیان له سه‌رده‌می شه‌ڕ له‌گه‌ڵ رژیمی سه‌دامدا له‌بیر ناکه‌ن.”
ئه‌و دیداره، به تایبه‌تیش بڵاوکردنه‌وه‌ی له ئاژانسی هه‌واڵی فارس‌دا که دامه‌زراوه‌یه‌کی سه‌ر به سوپای پاسداران و ده‌ستێکی باڵای هه‌یه له چه‌واشه‌کردنی رای گشتیی کوردی و ئێرانی‌دا، ئه‌و پرسیاره‌مان لا دروست ده‌کا که گه‌لۆ ده‌بێ حکوومه‌تی هه‌رێم و به تایبه‌تیش راوێژکاره رۆژهه‌ڵاتییه‌کانی که وێده‌چێ موهه‌ندیسی ئه‌و تاوانبارکردنه‌ی سه‌ره‌وه بن ـ سه‌باره‌ت به‌و دوو روویی‌یه بڵێن چی؟
Entry filed under: ورده‌بابه‌ت. Tags: .
1. هەڤاڵ | March 13, 2011 at 08:04
کاکە وەڵایی گلەیی لە رۆژهەڵاتییەکان مەکە، خۆ دەبێ باوەڕ بەدرۆی یەکیان بکەن، دەسەڵات یا ئۆپۆزسیۆن!
ئەوەندەی من بزانم و زانیاریم هەبێ چ دەسەڵات و چ ئۆپۆزسیۆن شێری ناوخۆن و بەرامبەر ئێڕانیش لە رێوییەکی ترسنۆک زیاتر هیچیتر نین.
هەموویان لە کێبەرکێدان لە پەیوەندی بەستن بە ئێران و توورانەوە.
دڵنیاشم هەرچی رووبدات دەستی ئێران و تووران و سوریا و کێو کێی تێدایە و ئەوانیش بەشێکین لە پرسەکە، بەڵام خەتای سەرەکی هی دەسەڵاتە نەک ئەوان، کە بێدەنگە لەو هەموو بارەگاو بنکەی تورک و فارسانە و ئەوانیش بە ئارەزووی خۆیان تەراتێن دەکەن.