ته‌ماشا که‌ن چ سه‌یرێکه، به ده‌ستی دیله‌وه دیلم
March 22, 2011 at 14:14 3 comments
له چه‌ند ساڵی رابردوودا و له په‌راوێزی ئه‌و هه‌موو نه‌گبه‌تییه یه‌ک له دوای یه‌کانه‌ی ده‌ست و پێی پرۆژه سیاسییه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی رۆژهه‌ڵاتیان ئاڵقه‌ڕێز کردووه، ژماره‌یه‌کی زۆر “خه‌مخۆر”مان لێ په‌یدا بوون و به راست و چه‌پدا حیزب و رێکخراوی سیاسیمان بۆ داده‌مه‌زرێنن؛ وه‌ک بڵێی حیزب دامه‌زراندن هه‌ر ئه‌و گاڵته و گه‌په بێ که ئێمه رۆژانی بێکاریی سه‌رده‌می منداڵیمان پێ تێپه‌ڕ ده‌کرد ـ ئه‌و کاته گه‌مه‌یه‌ک هه‌بوو پێمان ده‌گوت “شا شایێن”، هه‌ر جاره و یه‌کێکمان ده‌بووینه “شا” و ئه‌وانی دیش به‌رده‌ستمان بوون، سواری کۆڵ‌یان ده‌بووین، سینگمان ده‌رده‌په‌ڕاند و ده‌ستوورمان به‌سه‌ردا لێ ده‌دان … هه‌رچه‌ند سوور سوور ده‌مانزانی شایه‌تییه‌که‌مان فشه‌یه، به‌ڵام دیسانیش ئه‌و چه‌ند چرکه ساته‌ی نۆره‌مان بوو هه‌وای به‌رزه‌فڕیی له که‌لله‌ی ده‌داین و که‌یفمان ده‌کرد.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌من به‌هیچ جۆرێک لاریم نییه له مافی ئه‌وانه‌ی وا ده‌یانه‌وێ له مه‌یدانی سیاسه‌ت یان هه‌ر چالاکییه‌کی دیکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری‌دا، به‌و جۆره‌ی دڵیان ئاو ده‌خواته‌وه و به‌و رێژه‌یه‌ی خۆیان به باشی ده‌زانن، چالاک بن. به‌ڵام باوه‌ڕیشم وایه که من ـ منی نه‌وعی ـ به‌رله‌وه‌ی پێ بنێمه ناو یه‌کێک له‌و مه‌یدانانه، ده‌بێ له خۆم بپرسم داخوا له‌به‌ر چی هه‌بوونی من له‌و مه‌یدانه‌دا پێویسته و بۆچی راست له‌و ساته‌وه‌خته‌دا؟ ده‌مه‌وێ کام بۆشایی پڕ که‌مه‌وه و کێهه مه‌رهه‌م بخه‌مه سه‌ر ئه‌و برینه‌ی پێموایه ئه‌من حه‌کیمه‌که‌یم و که‌سی دیکه نا؟
حیزبی سۆسیالیسته شۆڕشگێڕه‌کان، ئی ناسیۆنالیسته شۆڕشگێره‌کان، ئی له‌تبوونی دێموکراتیک، ئی یه‌کگرتنه‌وه، ئی ئازادییه‌کان، سه‌ربه‌ستییه‌کان، سه‌رده‌ستییه‌کان، سه‌رمه‌ستییه‌کان و … هه‌ر حیزبه و داده‌مه‌زرێ، هه‌ر حیزبه و به‌حیزب ده‌ڵێ جێم که ـ یان ده‌ڵێ وه‌ره با پێکه‌وه به‌ره‌یه‌ک دامه‌زرێنین و ده‌ست بکه‌ین به سیاسه‌تی قوڕمساغانه به دژی ئه‌وانی دی ـ ئیدی رمبازێنێکه ئه‌وسه‌ری دیار نییه. هه‌رچی رۆژێک له رۆژان به قه‌ت ئه‌لفوبێیه‌ک ده سیاسه‌تدا بووبێ، یان بۆره خزمایه‌تییه‌کی له‌گه‌ڵ فڵانه حیزب‌دا هه‌بووبێ، هه‌ر ده‌رفه‌تی بۆ هه‌ڵکه‌وت سینگ ده‌رده‌په‌ڕێنێ و حیزبێکی ئینته‌رنێتی قوت ده‌کاته‌وه؛ سایتێکی مرده‌لۆخه‌ی بۆ به دروستکردن ده‌دا و به وێنه و لێدوانه‌کانی “سه‌رۆک” ـ که بۆخۆیه‌تی ـ ده‌یڕازێنێته‌وه. ئیدی وتووێژی دوورودرێژ به‌ڵام بێناوه‌رۆکی له‌گه‌ڵ ده‌کرێن و باس له سووده‌کانی یه‌کڕیزی و یه‌کده‌نگی و یه‌کده‌ستیی حیزبه‌که‌ی و حیزبه‌کانی دیکه و ریزه‌کانی خه‌ڵک و … ده‌کا و هه‌تا زگیشی دێشێ دروشمان ده‌دا! له‌و هاته‌ران پاته‌رانه‌دا که به‌ناوی سیاسه‌ته‌وه ده‌رخواردمان ده‌دا، جاری وایه هه‌ر له‌و وتووێژ و دروشـمدانه‌دا خه‌ریکه “ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی” بۆ کوردی داده‌مه‌زرێنێ! به‌ڵام چۆنی داده‌مه‌زرێنێ و پشت به کێ و به کوێ ده‌به‌ستێ و … به‌گشتی هیچ شتێکی دیار نییه. به‌و جۆره حیزبایه‌تی و کار و تێکۆشانی سیاسی له قسه‌کردن و دروشمداندا کۆکراوه‌ته‌وه ـ جا قسه و دروشمه‌کان ناوه‌رۆکیان هه‌بێ یان نا، له کات و شوێنی خۆیدا بن یان نا.
کوردی رۆژهه‌ڵات ئه‌وه‌نده‌ی حیزب زۆر بوون که ره‌نگه تا چه‌ند ساڵی دیکه هه‌ر شاره و بگره هه‌ر گونده‌ش حیزبێکی تایبه‌ت به خۆی هه‌بێ! تۆ بڵێ هه‌ر که‌سه و حیزبێک ـ بۆ نا؟
به‌ڵام داخوا ئه‌و دیاده‌یه بۆ راست له ناو کوردی رۆژهه‌ڵاتدا وا بۆته باو و بۆ راستیش له‌و چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا؟ ئایا ئه‌وه نیشانه‌ی زیندووبوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردییه؟ باوه‌ڕ ناکه‌م، خۆ کوردی رۆژهه‌ڵات ئه‌گه‌ر له به‌شه‌کانی دیکه زیندووتر نه‌بوبێ قه‌ت مردووتر نه‌بووه. وا بزانم ده‌بێ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره له شوێنێکی دیکه‌دا بگه‌ڕێین.
هاوینی رابردوو که له کوردستان بووم، له سه‌ردانێکمدا بۆ لای یه‌کێک له حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات (سه‌ردانی چوار حیزبم کرد ئه‌وانی دیکه‌ش هێندێکیان نه‌یانویست و هێندێکیشیان بۆخۆم نه‌چووم یان ده‌رفه‌تم نه‌بوو بچم)، له میوانییه‌کی خۆمانه‌دا له‌گه‌ڵ یه‌کێک له سه‌رۆکحیزبه‌کان باسمان هاته سه‌ر له‌تبوونه‌کان و ئه‌و خه‌ساره سیاسی و جڤاکییانه که به‌و هۆیه‌وه وه کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و به‌تایبه‌تیش وه خه‌بات و تێکۆشانه‌که‌ی ده‌که‌وێ. هه‌ردووکمان له‌سه‌ر زۆربه‌ی مه‌سه‌له‌کان کۆک بووین ـ ته‌نیا له بابه‌ت له‌تبوونی حیزبه‌که‌ی وی‌دا نه‌بێ. له‌و دانیشتنه‌دا باسی له‌تبوونه‌کان، ژیانی ناو ئۆردوگا و هه‌وڵه‌کانی لێک نزیکبوونه‌وه‌مان کرد. باسی خه‌ساره‌کانمان کرد، باسی هیوابڕاویی خه‌ڵکمان کرد، هه‌روه‌ها باسی چ کردن و چۆن کردنیشمان کرد.
یه‌کێک له‌و خه‌سارانه‌ی باسمان لێ کرد له‌تبوون بوو که له ئه‌نجامی ژیانی ناو ئۆردوگادا ئاوقه‌ی حیزبه‌کان بووه، خه‌سارێکی دیکه که ئه‌نجامێکی بێ ئه‌ملا و ئه‌ولای له‌تبوونه‌کانه، نائومێدییه. ئه‌و رمووزنه ره‌شه‌ی سه‌رتاپای ژیانی سیاسیی ئێمه‌ی داگرتووه، بینه‌قاقه‌ی گرتووین و ده‌سته‌وستانی کردووین. نائومێدییه‌ک که بیست ساڵ له‌وه‌پێش و له‌گه‌ڵ په‌راوێزبوونی پرۆژه سایسییه‌کانمان بناغه‌که‌ی رۆنرا و به ژیانی ناو ئۆردوگاکانیش په‌ره‌ی ئه‌ستاند. نائومێدییه‌ک که ده‌رگای به رووی هه‌ر که‌س و ناکه‌سێکدا کردۆته‌وه به که‌یفی خۆی گه‌مه‌مان پێ بکا و سواری کۆڵمان بێ…
تاکه که‌سی نا‌ئومێد ـ هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵگه‌ی نائومێدیش ـ ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تێدایه ده‌ست به هه‌موو پلێک بگرێ که له ده‌ست شه‌پۆله‌کانی ئه‌و دۆخه رووحییه رزگاری کات وا نائومێدییه‌که به‌سه‌ریدا سه‌پاندووه. په‌تای حیزب دامه‌زراندن له سه‌روبه‌ندێکی ئاوادا رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی گرتۆته‌وه.
حیزبه کۆنه‌کاره‌کان، ئه‌و حیزبانه‌ی ساڵانێکه که‌س نازانێ به ئومێدی چی و له‌پێناو کام ئارماندا له ئۆردوگاکاندا لێی پاڵ که‌وتوون، له‌و دۆخه به‌رپرسیارن. ئاخر که‌ی تێکۆشان له پێناو وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی خه‌ڵکێک، که یه‌کێک له درنده‌ترین رژیمه‌کانی سه‌رده‌م ئاوقه‌ی بووه، دانیشتنه له کۆمه‌ڵێک بنکه و باره‌گای په‌راوێز که به تێلدڕوو و پۆلیسی ئاسایش ده‌رویان دراوه. خۆ ئه‌گه‌ر تا دوێنێ له سایه‌ی سیاسه‌تی سه‌خیفانه‌ی رۆژئاوا و نائومێدیی خه‌ڵکی هه‌رێمه‌که، رۆژ رۆژی رژیمه ملهوڕ و سه‌ره‌رۆکان بوو، ئه‌ورۆ ئیدی له سایه‌ی ئه‌و رێنێسانسه که خه‌باتی جه‌ماوه‌ری له ناوچه‌که‌ی ئێمه به‌خۆیه‌وه دیوه، دۆخه‌که ته‌واو به پێچه‌وانه‌وه‌یه.
حیزبه‌کانی ئێمه که به‌رده‌وام پێشڕه‌وایه‌تی خۆیانمان به روو ده‌کێشن و خۆیان به ئاڵاهه‌ڵگری شۆڕشی رزگاریخوازی، گۆڕانخوازی و دێموکراسیخوازی به‌ناو ده‌که‌ن، ئه‌دی ئێستا کوان؟ له‌و سه‌رده‌مه‌دا که ره‌شه‌بای گۆڕانکاری خه‌ریکه یه‌ک له دوای یه‌ک کۆشک و ره‌شماڵی رژیمه سه‌ره‌رۆکانی ناوچه‌که راده‌ماڵێ و سه‌رهه‌ڵدانی جه‌ماوه‌ری و ته‌نانه‌ت جه‌ماوه‌ری ـ چه‌کداریش (وه‌ک له نموونه‌ی لیبی دا) خه‌ریکه سه‌رده‌مێکی نوێ ده‌ئه‌زموێ، جێگای ئێمه له کوێی ئه‌و رێنێسانسه‌دایه و رۆڵمان چییه؟ بێده‌نگی و دیسان چاوه‌ڕوانی؟ ئه‌گه‌ر پێمان وابێ که نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان هه‌روا له گۆتره به هانای خه‌ڵکی سه‌رهه‌ڵداوی لیبییه‌وه چووه ئه‌وا له‌هه‌ڵ داین، که‌س له‌خۆوه به هانای کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی په‌راوێز و ده‌سته‌وستانه‌وه نایه ـ سیاسه‌ت و حقووقی نێوده‌وڵه‌تی لۆژیکێکی وای تێدا نییه.
ئه‌و دیارده‌یه، ـ بێده‌نگی و چاوه‌ڕوانی ـ بێجگه له نائومێدکردنی خه‌ڵک و خه‌سارلێدانی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی گه‌لی کورد، ئه‌زموونی حیزبایه‌تی و سیاسه‌تکردنیشی سووک و چرووک کردووه. سیاسه‌تی کردۆته ئه‌و “شا شایێن”ـه‌ی ئێمه به منداڵی له کۆڵانێ پێوه‌ی مژووڵ ده‌بووین. ئه‌گه‌ر وا نه‌با هه‌رچی راست ده‌بۆوه حیزبێکی بۆ دانه‌ده‌مه‌زراندین. له سایه‌ی ئه‌و له‌تبوون و جووتبوون و سه‌رله‌نوێ له‌تبوونه‌وانه و دیسان دانیشتن و چاوه‌ڕوان بوونه‌وه، هه‌ر که‌س و ناکه‌سێک به‌ردی خۆیمان تێده‌گرێ، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش وا خۆمان به دۆستیان ده‌زانین و به به‌هانه‌ی “ئه‌زموونه‌که‌یان”ه‌وه خۆمان کردۆته گاڵته‌جاڕ.
له‌و دۆخه ناله‌باره‌دا نه‌ک هه‌ر پرۆژه سیاسییه‌کانمان یه‌ک له دوای یه‌ک تووشی شکست بوون، به‌لکوو ته‌نانه‌ت کار و چالاکییه رۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیشمان، ئه‌وانیش بوونه‌ته جۆرێک له تاقمه و ده‌سته‌بازی، جۆرێک له حیزبایه‌تی به‌لام به مۆدێلێکی قوڕمساغانه‌تر ـ نموونه‌یه‌کی فیزیکی له “شاری ده‌سته و تاقمه‌کان”.
له‌وانه‌یه که‌سانێک بپرسن که حیزب دامه‌زراندن چ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌و بابه‌ته‌وه هه‌یه؟ ئه‌منیش ده‌ڵێم هه‌یه‌تی و زۆریشی هه‌یه. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر ئاوا سه‌رپێییش چاوێک له دامه‌زرێنه‌رانی حیزبه ئینته‌رنێتییه‌کانمان بکه‌ین، یه‌کسه‌ر په‌یوه‌ندییه‌که ده‌بینین. ده‌بینین که هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌و ماوه‌یه حیزبیان دامه‌زراندوون ـ یان له‌تکردوون ـ پێشتر ئه‌ندامی پله به‌رز یان نزمی حیزبێکی دیکه بوون، له‌سه‌ر پۆست و کورسی و دابه‌شکردنی سامانه‌کانی حیزب ـ یان هه‌ر شتێکی دیکه ـ ده‌مه‌قاڵێیان لێ په‌یدا بووه و سه‌ره‌نجام لێکدابڕاون. خۆیان له به‌رامبه‌ر ئه‌و تام و چێژه‌دا رانه‌گرتووه که پێشتر له پله و ده‌سته‌ڵاتدا چێژتوویا‌نه و به‌و هۆیه‌وه‌ش بۆخۆیان حیزبێکی تازه‌یان دامه‌زراندووه ـ باشه بۆ نه‌یکه‌ن، ئه‌گه‌ر حیزبایه‌تی ئه‌وه بێ که ئه‌وان له رابردوودا له ئۆردوگا پێوه‌ی سه‌رقاڵ بوون، ئه‌گه‌ر تێکۆشانی سیاسی دانیشتن بێ له پشتی مێزێک و چایی خواردنه‌وه‌ی دوانیوه‌ڕۆیان، ئه‌دی بۆ ئه‌ویش بۆخۆی حیزبێک دانه‌مه‌زرێنێ؟ باشه ئه‌وه ئه‌مریکا ئێرانی رووخاند ـ که زۆر له حیزبه‌کانمان خه‌ونی پێوه‌ده‌بینن و چاوه‌ڕوانی رۆژێكی وان ـ ئه‌دی پشکی ئه‌وان چ ده‌بێ؟ ئاخر نابێ ئه‌وانیش به‌و هه‌موو قوربانیدان و به‌و هه‌موو شه‌هیدانه‌وه، به‌و هه‌موو ساڵه خه‌بات و تێکۆشانه‌وه ببنه وه‌زیرێک، گزیرێک، چووزانم هه‌ر شتێکی دیکه. ئه‌دی چۆن ده‌بێ لێگه‌ڕێن “هێندێک که‌س” به ته‌نیا به‌رهه‌مه‌کانی شۆڕش ـ تۆ به سامانی گشتی بیخوێنه‌وه ـ حه‌په‌لووش که‌ن؟
وابزانم ئالێره‌وه‌یه که که‌وشه‌که لاقمان ده‌گرێ. حیزب دامه‌زراندن جۆرێکه له سه‌رمایه‌دانانی سیاسی بۆ ژیانێکی فیرعه‌ونیانه که وایان داناوه رۆژێک له رۆژان پێی بگه‌ن. کۆشکێك ـ یان سێ چوار کۆشک، ژماره‌یه‌ک ترومبێلی جامڕه‌ش، سه‌دان پارچه زه‌وی له شوێنه هه‌رێ گونجاوه‌کانی شاردا، به ته‌لیسان دۆلار، سه‌دان نۆکه‌ر و به‌رده‌ست، پۆستێک له لوتکه‌ی حکوومه‌تدا که پێویست ناکا هیچی تێدا بکه‌ن و سه‌رئه‌نجام کۆمه‌ڵێک دروشمی نوێ: “ئه‌و ئه‌زموونه‌به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیده‌کانمانه، به‌رهه‌می تێکۆشانی چه‌ندین ساڵه‌ی شاخه، به‌رهه‌می شه‌ونخوونییه‌کانمانه، رێگا ناده‌ین که‌س ئه‌زموونه‌که‌مان تێک بدا ـ ئه‌وانه ده‌ستی دوژمنیان له پشته و …” سه‌یر نییه که هه‌موو حیزبه‌کان ـ به کۆن و نوێوه ـ ده‌ڵێن باشووری کوردستان سه‌رمه‌شقه بۆ ئێمه‌ش!
مام هێمن راستی گوتووه که ده‌ڵێ “ته‌ماشا که‌ن چ سه‌یرێکه، به ده‌ستی دیله‌وه دیلم”. ئێمه دیلی ده‌ستی که‌سانێکین که به‌نۆبه‌ی خۆیان یه‌خسیری زنجیره‌کانی تام و چێژی پله و پاره‌ن.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
با له په‌راوێزی ئه‌و وتاره‌دا، ئه‌گه‌ر هه‌ر بۆ سه‌یرێش بێ له پێناسی یه‌کێک له‌و حیزبانه سه‌یر و سه‌مه‌رانه بڕوانین که چه‌ند ساڵێکه دامه‌زراوه، هه‌رچه‌ند سه‌رۆک و بنۆک و هه‌موو شته‌کانی دیکه‌شی هه‌ر یه‌ک دوو که‌سن. دیاره زۆرم هه‌وڵ دا به‌رنامه و ئه‌ساسنامه‌که‌یان بدۆزمه‌وه، به‌ڵام له‌و کورته پێناسه زیاتر هیچم ده‌ست نه‌که‌وت ـ بێجگه له هێندێک خاڵ که گۆیا ده‌بێ “بریاره‌کانی کۆنگره‌ی یه‌که‌م”یان بێ.
له‌و کورته پێناسه‌دا ـ که ئی ئی ساڵی 2006 ـه به‌ڵام ئێستا دوای پێنج ساڵ درێژه‌که‌ی ئاماده نه‌بوو ـ هاتووه: “پارتیکی ڕامیاری و لیبراڵدیمۆکراته، و پارتێکه له سه‌ر بناخه‌و پرینسیپی دیمۆکراسی ودیالۆگ و گفتوگۆی ئاشکرا هزری لیبراڵیه‌ت دامه‌زراوه. له پێناوه وه‌ده‌ستهێنانی مافی سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان خه‌بات ده‌کات. تێده‌کۆشی بۆ دابینکردنی سه‌ربه‌خۆیی و دیمۆکراسی و ئاشتی و ئازادی و یه‌کسانی له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا. هه‌وڵده‌دا بۆ پاراستنی ماف وڕێزی به‌رامبه‌ری گشت چین و تۆێژه‌کانی جیاوازی ئاینی وکه‌لتوری له کوردستاندا.” [ده‌ستم له رێنووسه‌که‌ی نه‌داوه]
زۆر چاک و به‌جێیه، به‌ڵام چه‌ند پرسیارێک: تاریفی حیزبی ئێوه له‌و “لیبڕاڵدێموکراته” چییه؟ لیبڕالیزمه‌که‌ی له چ قوماشێکه، سۆسیال ـ لیبڕالیزمه، نێئۆ ـ لیبرالیزمه، یان له‌و لیبرالیزمه ئه‌مریکییه‌یه که خه‌ریکه سه‌ری مرۆڤایه‌تی ده‌خوا؟ ئه‌دی دێموکراسییه‌که‌ی چۆنه و له کام مۆدێله؟ ئه‌و هه‌موو وشه جوان به‌لام ناوه‌رۆک ناروونانه‌ی وه‌ک “سه‌ربه‌خۆیی، دێموکراسی، ئاشتی، ئازادی، یه‌کسانی و … هتد” چۆن پێناسه ده‌که‌ن که وا به دوای یه‌کتاندا ریز کردوون؟ ئه‌رێ ده‌زانن که دێموکراسی ته‌نیا هه‌ر ئه‌و”سیسته‌می فره‌حیزبی”یه نییه که ئێوه کردووتانه‌ته دروشمی سه‌ره‌کی؟ ئه‌رێ… هه‌ر لێی ده‌گه‌ڕێم، چوونکا ده‌زانم وه‌لامی هیچکام له‌و پرسیارانه لای ئه‌و حیزبه ده‌ست ناکه‌وێ.
Entry filed under: وتار. Tags: .
1. reza | March 28, 2011 at 02:15
kak kerm zor cwan u rast erdt nusiwe dest xosh
2. سروه ی2 | March 25, 2011 at 05:07
بژی
زۆر باشت نوسیوه.
هه ر د ه بێ به و زمانه ده گه ڵ ئه و که سانه قسه بکرێ .خۆ لادان و خۆ گێل کردنی له لایه ن که سانێک که ئیدیعای سیاسی و خه مخۆریان بۆ کۆمه ڵگا که یان هه یه، … زه قه.
3. ئارێز | March 22, 2011 at 16:59
همم، وه‌ڵا راست وایه