کورده‌کان، له‌ هه‌ر شوێنێک بن، نه‌خۆشترن

ئایار 30, 2009 at 12:57

لاوان و ژنان زیاتر باسی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ له‌ ژیان بێزارن

 

ڕێنێسانس نیوز؛ زانستی: ته‌ندروستیی ڕووحیی خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هێنده‌ خراپه‌ که‌ نابێ چاوپۆشیی لێ بکرێ، ئه‌مه‌ به‌گوێره‌ی تێزی دوکتۆرای ناسری موفیدی، که‌ بڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا له‌ زانکۆی ئومێ‌ئۆ، له‌ به‌رده‌م لیژنه‌ی ڕه‌خنه‌گراندا بیپارێزێ. له‌ کۆتایی ساڵی ڕابردووشدا تێزێکی دوکتۆرا پیشانی دابوو که‌ کورده‌کانی دانیشتووی سوێد، نه‌خۆشترن له‌ دیکه‌ی شارۆمه‌ندان.

تێزی ئه‌مجاره‌ که‌ له‌ دۆخی ته‌ندروستیی کورده‌کان ده‌کۆڵێته‌وه‌، له‌ سوێد و له‌ زانکۆی ئومێ‌ئۆ پێشکه‌ش ده‌کرێ و ئه‌و وێنه‌یه‌ی ده‌درێ به‌ ده‌سته‌وه‌، وێکچوونێکی زۆری تێدایه‌ له‌ گه‌ڵ تێزی د. مالینا ئالۆیان که‌ له‌ ئه‌نستیتۆی کارۆلینسکای ستۆکهۆڵم پێشکه‌شی کردبوو.

تێزه‌که‌ توێژینه‌وه‌یه‌کی په‌تاناساییانه‌یه‌ (epidemiologi) له‌سه‌ر پرسگه‌لی په‌یوه‌ندیدار به‌ ته‌ندروستیی ڕووحیی خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، که‌ ڕاسته‌وخۆ کاریگه‌ریی شه‌ڕی ئێران ـ ئێڕاقیان له‌سه‌ر بووه‌ له‌ نێوان ساڵه‌کانی 1980ـ 1988. توێژینه‌وه‌که‌ له‌سه‌ر هه‌زار بنه‌ماڵه‌ی سنه‌یی کراوه‌ و تێیدا یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌ وه‌ڵامی پرسیارگه‌لێک ده‌داته‌وه‌ که‌ له‌ پێنج پرسنامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی (GHQ12*)دا ده‌کار کراون. پرسنامه‌که‌ بۆ پێوانی ئاستی ته‌ندروستیی ڕووحیی شارۆمه‌ندان ئاماده‌ کراوه‌.

 توێژینه‌وه‌که‌ ئاشکرای کردووه‌ که‌ له‌سه‌دا 27ی شارۆمه‌ندانی کورد، به‌ پێودانگی (GHQ12*)، گیرۆده‌ی ناته‌ندروستیی ڕووحین. هاوکات که‌‌یتوانیوه‌ جیاوازیی جنسیی “نه‌خۆش”ـه‌کان پیشان بدات. ه‌ڵام ده‌ستنیشان کراوه‌ که‌ کچان و بێکاران گیرۆده‌ترن له‌وانیتر.

به‌شداران باسی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ ئه‌زموونی خۆکوشتن، یان هه‌وڵدان بۆ خۆکوشتنیان له‌ بنه‌ماڵه‌که‌یاندا نییه‌، به‌ڵام ژنان زیاتر مه‌یلیان هه‌یه‌ باسی ئه‌وه‌ بکه‌ن که‌ ده‌کرێ پێش له‌ دیارده‌ی خۆکوژی بگیرێ. ژماره‌یه‌کی که‌م له‌وان تا ڕاده‌یه‌ک باسی بیرکردنه‌وه‌ له‌ خۆکوشتن ده‌که‌ن له‌ یه‌ک ساڵی رابردوودا.

به‌پێێ توێژینه‌وه‌که‌: وێده‌چی پێکهێنانی ژیانی هاوسه‌ری کاریگه‌ریی پێشگرانه‌ی هه‌بێ له‌سه‌ر خۆکوشتنی پیاوان، به‌ڵام له‌ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ژناندا وا نییه‌. هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی دڵنیاکه‌رانه‌ نییه‌ له‌نێوان دیارده‌ی خۆکوشتن و وه‌سوه‌سه‌ی دواتراوماییدا، به‌ڵام په‌یوه‌ندیی خه‌مۆکی و وه‌سوه‌سه‌ی دواتراومایی ئاشکرایه‌. لاوان (کچ و کوڕ) و ژنان زیاتر باسی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ له‌ ژیان بێزارن و ئه‌وانه‌ش وا هه‌وڵی خۆکوشتنیان داوه‌ به‌گشتی لاوترن. له‌ ناو بنه‌ماڵه‌کاندا ژنان زیاتر هه‌وڵی خۆکوشتن ده‌ده‌ن له‌ پیاوان.

هه‌روه‌ها ئاشکراکراوه‌ که‌ له‌سه‌دا 11ی به‌شدارانی توێژینه‌وه‌که‌ ئاماژه‌ی وه‌سوه‌سه‌ی دواتراومایی‌یان پێوه‌ دیاره‌. ئه‌مه‌ له‌چاو وڵاتانی دیکه‌ زیاتره‌، به‌ڵام دیسانیش که‌متره‌ له‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌کرا. نیشانه‌کانی خه‌مۆکی له‌لای ژنان زیاتره‌ و زیاتریش باسی ئه‌و ده‌مۆکانه‌ ده‌که‌ن که‌ تێیدا بیره‌وه‌رییه‌کانی سه‌رده‌می شه‌ڕ ده‌ژینه‌وه‌ و ئازاریان ده‌دات.

یه‌کێک له‌ که‌موکوڕییه‌کانی توێژینه‌وه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌شداران به‌گشتی خه‌ڵکی شاری سنه‌ن، بۆیه‌ش ناکرێ ئه‌و کوردانه‌ بگرێته‌وه‌ که‌ له‌ گونده‌کان و دیکه‌ی شاره‌کان ده‌ژین. هه‌روه‌ها، له‌به‌ر ئاڵۆزبوونی komplex) ) پرسیاره‌کان، ئه‌وانه‌ی پرسیاریان لێکراوه‌ ئه‌غڵه‌ب خوێنده‌وارترن له‌ کۆی خه‌ڵکی شاره‌که. بۆیه‌ش ده‌بێ ئه‌نجامه‌که‌ هێندێک به‌ وریاییه‌وه‌ چاوی لێبکرێ.

ناسر موفیدی، ده‌رونناس و ئێستا له‌ بنکه‌یه‌کی ته‌ندروستیی لاوان له‌ هه‌رێمی بلێکینگه‌ی سوێد کار ده‌کا و بڕیاره‌ رۆژی 4ی ژوه‌ن، له‌ به‌رامبه‌ر لیژنه‌ی ڕه‌خنه‌گراندا، له‌ زانکۆی ئومێ‌ئۆ، تیزه‌که‌ی بپارێزێ.

له‌ کۆتایی ساڵی ڕابردووشدا، تێزێکی دوکتۆرا که‌ له‌ ئه‌نستیتۆی “کارۆلینسکا”ی شاری ستۆکهۆڵم پێشکه‌ش کرا، پیشانی دابوو که‌ کورده‌کان، به‌هۆی ئه‌و کێشه‌ و ئاڵۆزییانه‌ی له‌ ڕابردوودا تووشی بوون، نه‌خۆشترن له‌ دیکه‌ی شارۆمه‌ندانی سوێد.

لێره‌وه‌ ڕاپۆرته‌که‌ی پێشوو بخوێنه‌وه‌

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

* General Health Questionnaire

 

Advertisements

Entry filed under: کۆنه‌بابه‌ت.

پارلمانتارانی سوێد: کۆماری ئیسلامی گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئاشتیی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گرووپێکی به‌رهه‌ڵستکاری ئێران ده‌که‌وێته‌ لیستی تیرۆری ئه‌مریکاوه‌


ئه‌رشیڤ

ئایار 2009
د س W پ ه ش ی
« تشرینی یەکەم   حوزەیران »
 123
45678910
11121314151617
18192021222324
25262728293031

سه‌رژمێریی میوان

  • 38,451 میوان سه‌ردانیان کردووم

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: