سه‌رنووسه‌ر له‌ ناوه‌ندی جیهانی وه‌بنووسیدا

حوزه‌یران 6, 2009 at 12:13

ئولف ئێریکسۆن
ئولف ئێریکسۆن

  ئولف ئێریکسۆن
  له‌ سوێدییه‌وه‌: که‌ریم مه‌ره‌سه‌نه‌

  ته‌کنۆلۆژیای دانه‌ به‌ر سه‌رنج؛ ئه‌و که‌سه‌ی هونه‌ری سه‌رنجڕاکێشان ده‌خاته‌ ژێر ڕکێفی خۆیه‌وه، ‌له‌ ژینگه‌یه‌کی کولتووریدا که‌   زانیاری ئیتر سامانێکی له‌کۆتانه‌هاتوو نییه، کاریگه‌ریی ڕاسته‌قینه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر ژینگه‌ی گشتی (the general public)؛   بۆیه‌ش له‌ داهاتوودا فۆڕماندنی  ئه‌و ژینگه‌یه‌  له‌ ده‌ست سه‌رنووسه‌راندایه نه‌ک وه‌بنووسه‌کان.

  سه‌رۆکی زانکۆی بارسێلۆنا، فیلۆسۆف جۆزێف ڕامۆنێدا، له‌ ژماره‌ی رۆژی 15ی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی ڕابردووی رۆژنامه‌ی” El   País”دا هه‌ڵده‌کوتێته‌ سه‌ر کولتووری کاپیتالیزمی ڕیسکخواز، چوونکا وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێ: چه‌مکی “سنوور”ی سڕیوه‌ته‌وه‌. له‌   باوه‌شی سندانه‌چه‌مکی (Eufemism) “ڕکابه‌ری”دا کولتوورێکی تاڵانکه‌رانه‌ی چاوبرسی سه‌ریهه‌ڵداوه‌.   ئه‌و (کاپیتالیزمی ڕیسکخواز) ستایشی کولتووری‌ کاریگه‌ری ده‌کا و هاوگونجه‌ له‌گه‌ڵ نوێترین مێتوده‌کانی دانوستاندن، به‌ڵام ناتوانین به‌ ئه‌ورۆیی بزانین، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و سنوورانه‌ی سڕیوه‌ته‌وه‌ که‌ له‌ سه‌رده‌می مۆدێڕنه‌دا له‌ چه‌مکگه‌لی وه‌ک شیاوه‌تیی هاووڵاتیبوون و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتییدا تاریف ده‌کران.

نموونه‌ی خۆبه‌دوورگرتن له‌‌م کاپیتالیزمه‌ فره‌خوازه‌ گه‌لێکن و ده‌توانین له‌ مێدیا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا بیاندۆزینه‌وه‌. سه‌رنجڕاکێشتر له‌م هه‌وڵه‌ خه‌واڵووه‌ بۆ دوستکردنی ڕای گشتی، ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ له‌ هه‌موویاندا ترسێکی هاوبه‌ش ده‌بینینه‌وه‌ که‌ په‌یوه‌ندیی به‌ قه‌یرانی ئابووریی ئێستاوه‌ نییه‌، به‌ڵکوو له‌ جیهانی ڕووله‌گه‌شه‌ی وه‌بنووسی ده‌ترسێ. چاوخشاندنێکی کورت به‌ مێدیاکاندا تێری سه‌لماندنی ئه‌و بۆچوونه‌مان ده‌کا.

“بوو رۆتسته‌ین” له‌ ژماره‌ی رۆژی 13ی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی ڕابردووی رۆژنامه‌ی “یۆته‌بۆریس پۆسته‌ن”دا باس له‌ هه‌لوێستی وه‌بنووسه‌کان ده‌کات سه‌باره‌ت به باسه‌کانی خۆی له‌مه‌ڕ هه‌ردوو بابه‌تی ئابووریی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و لێکۆڵه‌ره‌ په‌ڕگیره‌ فه‌مێنیسته‌کان.‌ به‌گوێره‌ی قسه‌کانی ڕۆتسته‌ین، ده‌بێ وه‌بنووسه‌ لیبه‌ڕاڵ و فه‌مێنیسته‌کان هێرشی بێ‌ئه‌ده‌بانه‌یان کردبێته‌ سه‌ری و ڕه‌فتارێکی دژه‌جوویانه‌شیان (anisemit) له‌خۆیان نیشان دابێ. ناوبراو ئه‌و بابه‌ته‌ وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌ک به‌کار دێنێ له‌ دژی هه‌موو جیهانی وه‌بنووسی که‌ وه‌ک هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ده‌بینێ له‌ سه‌‌ر ژینگه‌یه‌کی گشتیی ڕه‌خنه‌گرانه‌، کراوه‌ و دێموکراتیک.

هه‌لوێستێکی له‌و جۆره‌ له‌ دیکه‌ی رۆژنامه‌کانیشدا ده‌بینینه‌وه‌. “نیلس شوارتز” (Expressen 13/11) هه‌مان هه‌ڵوێست دووباره‌ ده‌کاته‌وه‌  کاتێک بانگه‌شه‌ بۆ وه‌ڕێخستنی “هه‌روه‌زێکی ڕادیکاڵی کولتووری له‌ دژی کۆنسێرڤاتیزمی به‌هاخواز” ده‌کا که‌ “یوهان لوندبه‌ری” له‌ هه‌مان رۆژنامه‌دا بانگه‌شه‌ی بۆ کردبوو.

جیهانی وه‌‌بنووسی چڕکردنه‌وه‌ی ڕه‌وتێکی گشتییه‌ که‌ ئێمه‌ له‌مێژه‌ له‌گه‌ڵی ده‌ژین. باشترکردنی هه‌موو بابه‌ته‌ ته‌واونه‌کراوه‌ مرۆییه‌کانه‌. لێره‌وه‌ جیهانی وه‌بنووسی، وه‌ک ستروکتور، چه‌ند خاڵێکی هاوبه‌شی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ کاپیتالیزمی فره‌خوازدا. ده‌بێ هه‌موو ده‌رفه‌ته‌کان بۆ کاردانه‌وه‌، به‌پیره‌وه‌چوون، ئاڵوگۆڕ، لێکدانه‌وه‌ و مانۆڕی چاوه‌ڕواننه‌کراو ‌که‌ڵکیان لێ وه‌ربگیرێ. ڕێژه‌یه‌کی زۆر بلاگی شیاوی خوێندنه‌وه‌ هه‌ن، به‌ تایبه‌تیش له ناو ئیسپانیزمانه‌کاندا، که‌ من ئه‌غڵه‌ب له‌وێدا به‌دوای ڕه‌خنه‌ی به‌پێزی ئه‌ده‌بیدا ده‌گه‌ڕێم. به‌ڵام له‌وانه‌دا مه‌یلی داخوازیی دانپێدانان و دمه‌چه‌قێی ساختارگه‌رایانه‌ش [قه‌شمه‌رکردنی مێدیا سوننه‌تییه‌کان]هه‌یه‌ که‌ نوخشاندنێکی باش نادات. له‌ هه‌مان کاتدا مێدیا سوننه‌تییه‌کان نیشانه‌گه‌لی پێچه‌وانه‌یان پێوه‌ دیاره‌: ده‌مه‌ته‌قێی ناوه‌رۆک (شه‌ڕکردن له‌سه‌ر بابه‌تی کۆنکرێت و توانایی هه‌ڵسه‌نگاندن) و داخوازیی دانپێدانانی ساختاری (باوه‌ڕهێنان به‌ پێدوایستیی مێدیا سوننه‌تییه‌کان له‌ ژینگه‌ی گشتیدا) […]

له‌مێژه‌ دانی پێدا نراوه‌ که‌ کاتێک سه‌رنج ده‌ده‌ینه‌ پرۆژه‌ی رۆشنگه‌ری ـ زۆرترین شه‌فافیه‌ت، زۆرترین ئاڵوگۆڕ، له‌ژێر پرسیاردانانی هه‌موو قه‌بڵاندنه‌ بناغه‌ییه‌کان ـ ده‌بنین که‌ ژێر پێی خۆی خاڵی ده‌کا. وڵاتێک که‌ ته‌نیا رۆژنامه‌یه‌کی هه‌یه‌‌، یه‌کسه‌ر تۆتالیتارتر نییه‌ له‌ وڵاتێک که‌ له‌ ژینگه‌ی گشتییه‌که‌یدا به‌ قه‌د ژماره‌ی هاووڵاتیان وه‌بنووسی هه‌بێ. هه‌روه‌تر ئه‌و بۆچوونه‌ی که‌ پێیوایه‌ ده‌بێ هه‌موو ده‌رفه‌ته‌کان که‌ڵکیان لێ وه‌ربگیرێ، به‌ره‌ره‌و ئه‌وه‌مان ده‌با که‌ ببینه‌ کۆیله‌ی ده‌رفه‌ت و پێدواویستییه‌کان، هاوکات که‌ وامان لێدێ به‌ ئاماژه‌‌کردن به‌ فره‌ڕه‌نگییه‌کی ده‌رهه‌ست (abstract) به‌ شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتیک خوتبه‌ بۆ ئازادی بده‌ین. به‌ڵام دیسانیش پێموایه‌ که‌ درێژدادڕییه‌ کاتێک به‌ ئاماژه‌ به‌ هێندێک سووکایه‌تی و بێئه‌ده‌بی دار له‌ هه‌موو جیهانی وه‌بنووسی هه‌ڵێنینه‌وه‌. هه‌رچی په‌یوه‌ندییشی به‌ هه‌ڵوێسته‌که‌ی “شوارتز”ه‌وه‌ هه‌یه‌ ـ یه‌کێک له‌ لێسه‌لمێنراوترین ڕه‌خنه‌گرانی رۆمان له‌ سوێد ـ ڕوونه‌ که‌ زۆر ساده‌ وێنای بابه‌ته‌که‌ی کردووه‌: ڕادیکاڵیزمی کولتووری، وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێ مێتودێک نییه‌ بۆ به‌ئاگابوونێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌، به‌ڵکوو هه‌ڵوێستێکی ئیدۆلۆژیکه‌ که‌ ‌مه‌به‌ستی بێ‌متمانه‌کردنی هه‌موو ئه‌و به‌هایانه‌یه‌ که‌ پشت به‌ ئیدیالیزمی بورژوازی ده‌به‌ستن. بۆیه‌ش ڕادیکاڵیزمی کولتووری له‌ نزیکه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی هه‌یه‌ به‌ گه‌شه‌سه‌ندنی وڵاتانی (سوێد) سه‌کولاره‌وه‌، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییشی هه‌یه‌ به‌ پێشخستنی ڕوانگه‌یه‌کی سۆسیۆلۆژیانه‌ له‌مه‌ڕ ئه‌زموونی ئێسته‌تیکیانه‌ی ئێمه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ده‌کارکردنی ڕادیکاڵیزمی کولتووری هێندێک جار پشت به‌ “زانیاری”یه‌کان ده‌به‌ستێ، ئه‌وه‌ نایکاته‌ مێتودێکی سیاسیی بێلایه‌نانه‌. مه‌رجی له‌ژێرپرسیاردانان و کۆنکرێتبوون که‌ ڕادیکاڵیزمی کولتووری دایده‌نێ، ده‌یکاته‌ ئانتی ئاکتۆریتێر، که‌ به‌نۆبه‌ی خۆی به‌سووده‌ بۆ شێوازگه‌لێک له‌ ئازادیی ده‌ستپێشکارییانه‌ و له‌مپه‌ریش له‌پێش هێندێکیان داده‌نێ. به‌ هاسانی ده‌توانین ببینین که‌ ڕادیاڵیزمی کولتووری ژماره‌یه‌ک خاڵی هاوبه‌شی هه‌یه‌ گه‌ڵ ڕوانگه‌ی ماتریالیستییانه‌ی کاپیتالیزم له‌مه‌ڕ گۆڕه‌پانی هه‌ڵسوکه‌وتی مرۆڤه‌کان. ئه‌و ڕوانگه‌ چه‌په‌گه‌رایه‌ی ڕادیکاڵیزمی کولتووری هه‌یه‌تی، پێویستیی به‌ ده‌ستنیشانکردنی مانای سه‌رده‌ستیی ئه‌سته‌تیکی هه‌یه‌. […]

ئه‌من باوه‌ڕم وایه‌ که‌ ‌ گۆشه‌نووس و وه‌بنووسه‌کان نا، به‌ڵکوو وا باشه‌ سه‌رنووسه‌ر و ره‌خنه‌گره‌کان سیمای سه‌ره‌کیی ئه‌و باسه‌ رۆشنیرییانه‌ بن که‌ له‌ داهاتوودا له‌سه‌ر ژینگه‌ی گشتی ده‌کرێن. ئه‌وه‌‌ی که‌ ده‌بێ یه‌کسه‌ر باس و توێژنه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکرێت رۆڵی ئه‌وانه‌ له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا. له‌و ئاقاره‌دا هه‌وڵی باش دراون […] به‌ڵام به‌خێرایی، سه‌باره‌ت به‌ دانوستان له‌مه‌ڕ چۆنیه‌تی و چه‌ندیه‌تی به‌رپرسیاره‌تیی ئاکتۆرگه‌لی خاوه‌ن زانیاریی په‌یوه‌ندیدار له‌ بابه‌ت فۆڕمپێدانی ژینگه‌ی گشتیدا، پێویستمان به‌‌ ده‌ستپێشخه‌ریی زیاتر هه‌یه‌.

بۆم زه‌حمه‌ته‌ چاره‌سه‌رییه‌کی سه‌رکه‌وتووانه‌ له‌ جه‌وهه‌ری کۆنسێرڤاتیزمی به‌هاخوازدا ببینم. ئه‌گه‌ر زۆرینه‌‌‌، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی خۆیان بخه‌نه‌ ناو ئه‌و ڕه‌وته‌ مێژووییه‌وه، ‌پێداگری بکه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی “شوارتز” به‌ ڕادیکاڵیزمی کولتووری به‌ناوی کردووه‌، ڕیسکی ئه‌وه‌ ده‌بینم که‌ ئه‌و بۆچوونانه‌ بسه‌لمێنین که‌ کاپیتالیزمی فره‌خواز و سه‌رنجخوازی دنه‌یان داوه‌. ئابووریی جیهانی پیویستی به‌ یاسابه‌ندکردن هه‌یه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ش پیویستمان به‌ ته‌کنیکێکی سه‌رنجخوازیی کولتووری هه‌یه‌ وێرای پێکهاتن له‌سه‌ر خۆپاراستن له‌ دژی دادۆشین، کۆمه‌ڵگای سه‌رفکردن و له‌ناوبردنی چه‌شنه‌کان.

له‌ مۆدێلی ئێکۆلۆژیکدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرێته‌وه‌ که‌ گرووپگه‌لی جۆراوجۆری بوونه‌وه‌ران پێویستیان به‌ پێکه‌وه‌یی نێوخۆیی هه‌یه‌، له‌ دۆخگه‌لێکدا که‌ به‌زه‌حمه‌ت ده‌توانین وێكرا وێنایان بکه‌ین. ئه‌م ڕاستییه‌‌ بانگی ڕێزگرتن له‌ ژینگه‌ی هاوبه‌ش ده‌کا. له‌ حاڵه‌تێکدا که‌ “چه‌شنێک” له‌ناو به‌رین، له‌وانه‌یه‌ له‌نگه‌ری هه‌موو سیسته‌مه‌که‌ ببه‌زێنین که‌ زۆر جار کاره‌ساتی لێده‌که‌وێته‌وه‌.

خه‌سارمان لێناکه‌وێ ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌و ڕوانگه‌وه‌ له‌ژیانی کولتووریشمان بڕوانین. خه‌ڵک بۆیان هه‌یه‌ و ده‌بێ بۆچوونی جۆراوجۆریان هه‌بێ له‌ پرسگه‌لێکدا که‌ ناتوانین دوایین وه‌ڵامیان بده‌ینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرینگه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بزانین چۆن ئه‌و ڕوانگانه‌ پێویستیان به‌ پێکه‌بوون هه‌یه‌ [….]

وتاره‌که، بێ ئه‌وه‌ی گۆڕانێک به‌سه‌ر ناوه‌رۆکه‌که‌یدا بهێنرێ،‌ هێندێک کورتکراوه‌ته‌وه‌

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئولف ئێریکسۆن
شاعیر، نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گرێکی لێسه‌لمێنراوی سوێدییه‌، که‌ زیاتر له‌ 25 کتێبی (ئه‌ده‌بی، فکری) چاپکراوی هه‌یه‌ و حه‌وت خه‌ڵاتی جۆراوجۆری سوێدیشی پێ ڕه‌وا بینراوه‌. دوایین کۆمه‌ڵه‌ چیرۆکی به‌ناوی “بوارێکی ونبوو” ساڵی رابردوو بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.

 

 

 

Advertisements

Entry filed under: کۆنه‌بابه‌ت.

چه‌ند جار ویستم پێت بڵێم ئالیانسێکی نوێ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست


ئه‌رشیڤ

حوزه‌یران 2009
د س W پ ه ش ی
« مارس   تەموز »
1234567
891011121314
15161718192021
22232425262728
2930  

سه‌رژمێریی میوان

  • 38,451 میوان سه‌ردانیان کردووم

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: