ئالیانسێکی نوێ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست

حوزه‌یران 7, 2009 at 13:50

middleeast_alliance هاوکات له‌گه‌ڵ سه‌ردانه‌ چه‌ند رۆژییه‌که‌ی باراک ئۆباما بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جاڕدانی ده‌ستپێکردنی ئاشته‌وانیی نێوان رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا، هه‌وڵه‌کانی پێکهێنانی ئالیانسێکی ئابووری ـ ئاسایشی له‌نێوان هه‌ر چوار وڵاتی ئێران، ئێڕاق، تورکیا و سووریا چڕتر بوونه‌وه و هه‌ر‌ وه‌ک نووسه‌رێکی رۆژنامه‌ی (Gulf News)‌یش ئاماژه‌ی پێده‌کا “ئه‌وه‌ په‌یامێکه‌ له‌ ئاراسته‌ی هه‌بوونی خواستێکی هاوبه‌شدا، بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسی هه‌رێمه‌که‌.”

پاتریک سییڵ، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی بنکه‌ی ئه‌لکترۆنیی (Gulf News)، له‌ وتارێکدا که‌ رۆژی چواری ژووه‌ن بلاویکردۆته‌وه‌، پێیوایه‌ که‌ کۆمه‌ڵێک فاکته‌ر هه‌ن ئێران، ئێراق، تورکیا و سووریا لێک نزیک ده‌که‌نه‌وه‌.
ئه‌و له‌‌و په‌یوه‌ندییه‌دا ئاماژه‌ به‌ نائومێدیی تورکیا ده‌کا له‌ پرۆسه‌ی ‌ئه‌ندامبوونی له‌ یه‌کیه‌تیی ئه‌ورووپادا، ڕوونیشی ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئه‌و وڵاته‌، به‌هۆی شه‌ڕی ئێڕاقه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و، به‌هۆی کێشه‌ی فه‌له‌ستینییه‌کانیشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرایل له‌ کێشه‌دایه‌ و هه‌ر بۆیه‌ش به‌ره‌و سیاسه‌تێکی هه‌رێمیی دیکه‌ ده‌ڕوا و له‌ وڵاتانی جیرانی نزیک ده‌بێته‌وه‌.
په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌کانی تورکیا و ئێران له‌ سه‌ره‌تاکانی ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا ته‌نیا بایی یه‌ک ملیارد دۆلار بووه‌، به‌ڵام تا ساڵی ڕابردوو گه‌یشتۆته‌ هه‌شت ملیارد و ئێستاش، دوای دوای ئه‌وه‌ی گرێبه‌ستێکی نوێی ئابوورییان واژۆکردووه‌، وا شیمانه‌ ده‌کرێ بگاته‌ بیست ملیارد دۆلار. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ دوایین بڕیارنامه‌ی خۆیدا، ئابڵۆقه‌ی به‌رفراوانتری ئابوریی له‌ دژی ئێران په‌سه‌ند کردووه‌ و تورکیاش له‌ دانوستانه‌کانیدا له‌گه‌ڵ ئیسرایل و ئه‌مریکا، پشتیوانیی خۆی له‌ هه‌وڵه‌کانی ئه‌وان ڕاگه‌یاندووه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێشگرتن له‌ پرۆژه‌ ناوکییه‌که‌ی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی سووریا و ئێراقیش له‌و ئالیانسه‌دا نووسه‌ر باوه‌ڕی وایه‌ که‌  ناکرێ په‌یوه‌ندییه‌ ستراتیژییه‌ درێژخایه‌نه‌کانی ئێران ـ سووریا چاوپۆشیی لێ بکرێ که‌ وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێ ” هیچ ئاماژه‌یه‌ک به‌ ساردبوونه‌وه‌یان نابینرێ” و ڕوونیشی ده‌کاته‌وه‌ که‌ “ناکرێ سێکوچکه‌ی تاران، دیمه‌شق و حیزبوڵا، وه‌ک ئاکتۆرگه‌لی مه‌یدانه‌که‌ نه‌بینرێن”.
هه‌روه‌ها ئێران وای پێ باشه‌ که‌ ئێراق جیرانێکی دۆست بێت، هه‌روه‌ک چۆن ئێستا که‌ له‌ ژێر ده‌سته‌ڵاتی شیعه‌دایه‌، خۆی به‌ دۆستی ئێران ده‌زانێ. ئێران ترسی له‌وه نییه‌ که‌ ئێراق له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ ده‌وڵه‌تێکی به‌هێزی عه‌ره‌بی،‌ به‌ڵکوو پێیوایه‌ له‌ داهاتوودا په‌سه‌ندی ده‌کا که‌ ببێته‌ ئه‌ڵقه‌له‌گوێی خۆی.
به‌گوێره‌ی نووسه‌ر هه‌روه‌ها “باشتربوونی په‌یوه‌ندییه‌کانی تورکیا ـ سووریا، دوای ده‌رکرانی سه‌رۆکی په‌که‌که‌ له‌لایه‌ن دیمه‌شقه‌وه‌ و پێکهاتنی هه‌ردوو وڵات له‌سه‌ر ئاوی فورات” پێشمه‌رجه‌کانی دروستبوونی ئه‌و ئالیانسه‌ ئاماده‌تر ده‌کات.
هه‌ر له‌و وتاره‌یدا، وێرای ئاماژه‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئاڵۆزه‌کانی نێوان سووریا و ئێڕاق له‌ سه‌رده‌می سه‌دام حوسێندا، ئاماژه‌ به‌ باشتر بوونی په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ردوو وڵات ده‌کا، ئه‌مه‌ش وه‌ک ئه‌و ده‌نووسێ “دوای واژۆکرانی گرێبه‌سته‌ ئابوورییه‌کانی نێوان هه‌ردوو وڵات، که‌ چاکسازیکردن له‌ پرۆژه‌ی ڕه‌وانه‌کردنی نه‌وتی که‌رکووکیشدا ده‌گرێته‌وه‌، که‌ به‌ ناو خاکی سووریادا تێده‌په‌ڕێ.”
به‌گوێره‌ی وتاره‌که‌ی پاتریک سییڵ، ئێران، تورکیا و سووریا ده‌یانه‌وێ به‌شدار بن له‌ دیاریکردنی داهاتووی ئێڕاقدا. هه‌روه‌ک جه‌ختیشی ده‌کاته‌وه‌ که‌ “هه‌ریه‌ک له‌ پاڵێوراوانی سه‌رکۆماریی ئێران، دوای ئه‌وه‌ی بوو به‌ سه‌رکۆمار، مومکین نییه‌ خه‌ته‌ گشتییه‌کانی ستراتیژیی وڵاته‌که‌ی بگۆڕێ که‌ بریتین له‌: په‌یوه‌ندیی نزیک له‌گه‌ڵ سووریا، ئێڕاق و تورکیا، به‌ربه‌رکانیکردن له‌گه‌ڵ سوننه‌ توندئاژۆیه‌کان و پشتیوانیکردن له‌ حیزبوڵا و درێژه‌دان به‌ پیتاندنی یۆرانیۆم.”
وه‌ک نووسه‌ر بۆی ده‌چێ، پێکهێنانی ئه‌و ئالیانسه‌ چوارقۆڵییه‌ تا ئێستا به‌ ئه‌نجام نه‌گه‌یشتووه‌، به‌ڵام ژماره‌یه‌ک به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش، ئه‌وان به‌و ئاقاره‌دا په‌لکێشیان ده‌کا.

ڕێنێسانس نیوز؛

Advertisements

Entry filed under: کۆنه‌بابه‌ت.

سه‌رنووسه‌ر له‌ ناوه‌ندی جیهانی وه‌بنووسیدا راگه‌یاندنی ئه‌لیکتڕۆنی له‌ ئه‌وڕوپا بۆ خۆی شۆڕشێکه،‌ که‌چی لای ئێمه‌ له‌ سه‌رده‌می داره‌دارێ دایه


ئه‌رشیڤ

حوزه‌یران 2009
د س W پ ه ش ی
« مارس   تەموز »
1234567
891011121314
15161718192021
22232425262728
2930  

سه‌رژمێریی میوان

  • 38,484 میوان سه‌ردانیان کردووم

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: