24 په‌ناخوازی کورد و 46 بازرگانی مرۆڤ قۆڵبه‌ستکران، نوێکرایه‌وه‌

حوزه‌یران 9, 2009 at 19:41

refugeesزۆربه‌ی بازرگانه‌کان کوردن
ڕێنێسانس نیوز؛ له‌ هێرشێکی هاوئاهه‌نگی پۆلیسی ئه‌ورووپادا بۆ سه‌ر باندێکی بازرگانیی مرۆڤ، که‌ ده‌گوترێ هه‌زاران کوردی باشووری به‌نایاسایی ڕه‌وانه‌‌ی ئه‌ورووپا کردووه‌، زیاتر له‌ 46 بازرگان قۆڵبه‌ستکراون. هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا بیستوچوار په‌ناخوازی کوردیش له‌ بارهه‌ڵگرێکدا دۆزراونه‌وه‌ که‌ پێنجیان منداڵن.

ئاژانسی هه‌واڵی ئاسۆشییه‌یتێد پرێس که‌ سه‌رله‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌) ئه‌و هه‌واڵه‌ی بڵاویکردۆته‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردووه‌ که‌ ته‌نیا له‌ ساڵی 2007دا ته‌رمی سێ کوردی په‌ناخواز له‌ ئیتالیا دۆزراوه‌ته‌وه‌ و هه‌روه‌ک ڕێکخه‌ری ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ش بۆ ئاژانسه‌که‌ی ڕوونکردۆته‌وه‌ “له‌ ساڵی 2006ه‌وه‌ تا ئێستا، هه‌زاران کورد له‌ ڕێگای ده‌ریاوه‌ گه‌یشتوونه‌ ئه‌ورووپا.”

به‌رپرسی ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ ئالێساندرۆ جولیانۆ، له‌ لێدوانه‌که‌یدا بۆ ئاسۆشییه‌یتێد پرێس گوتی: بازرگانه‌کان هه‌زاران دۆلار له‌ په‌نابه‌ران ده‌ستێنن و له‌ به‌رامبه‌ریشیدا له‌ژێر سندووقی میوه‌ و خوارده‌مه‌نیدا حه‌شاریان ده‌ده‌ن. ژماره‌یه‌ک له‌وانه‌ له‌ژێر باره‌که‌دا ده‌‌خنکێن و ژماره‌یه‌کی زۆریش له‌ بارودۆخێکی زۆر ناله‌باردا ده‌دۆزرێنه‌وه‌.”

گوتیشی: “بازرگانه‌کان وه‌ک که‌لوپه‌لی کڕین و فرۆشتن چاو له‌و مرۆڤانه‌ ده‌که‌ن، به‌ زۆره‌ملی ده‌یانخه‌نه‌ که‌لێن و که‌له‌به‌ری زۆر بچووکی ترومبێله‌ بارهه‌ڵگره‌کان، یانیش ده‌یانخه‌نه‌ ژێر باری میوه‌ و ئاسنه‌واڵ.”

له‌ هێرشه‌‌ هاوئاهه‌نگه‌که‌ی ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه)‌دا، که‌ هاوکات له‌ هه‌شت وڵاتی ئه‌ورووپی (یۆنانستان، ئه‌ڵمانیا، فه‌ڕه‌نسه‌، بێلژیک، ئینگلیس، سویس و سوێد) به‌ڕێوه‌چووه‌، 46 گومانلێکراو قۆڵبه‌ستکراون.

به‌گوێره‌ی جولیانۆ، پۆلیسی ئه‌و وڵاتانه‌ ماوه‌یه‌کی زۆره‌ ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ بازرگانه‌یان له‌ژێر چاودێریدا بووه‌، پێشتر شازده‌ که‌س له‌ ئیتالیا و ئه‌وانیتریشیان له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ی ئه‌مڕۆدا قۆڵبه‌ستکردوون.

هاوکات پۆلیسی ئیتالیا ئه‌مڕۆ له‌ ئۆپه‌راسیۆنێکی دیکه‌دا له‌ نزیک سنووری سویس، 24 کوردی له‌ بارهه‌ڵگرێکدا دۆزیوته‌وه‌ که‌ پێنجیان منداڵ و دوو که‌سیشیان ژنن.

پۆلیسی ئه‌ورووپا ساڵی 2006 ده‌ستیکردووه‌ به‌ چاودێریکردن به‌سه‌ر ئه‌و بانده‌ بازرگانه‌دا، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند په‌ناخوازێک له‌ ترومبێلێکی باریدا دۆزرانه‌وه‌، کاتێک ویستوویانه‌ له‌ یۆنانستانه‌وه‌ خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ ئیتالیا. هه‌روه‌ک جه‌ختیش کراوه‌ته‌وه‌ که‌ “بنکه‌ی سه‌ره‌کیی ئه‌و بازرگانانه‌ له‌ باشووری کوردستان و تورکیایه‌.”

ڕادیۆی (WRS)ی سویس له‌ سایتی خۆیدا بڵاویکردۆته‌وه‌ که‌ له‌ چوارچیوه‌ی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا، شارۆمه‌ندێکی ئێڕاقی له‌ کانتۆنی ڤالایس قۆڵبه‌ستکراوه‌ و ئاژانسی هه‌واڵی AFP فه‌ڕانسه‌ش ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌  بڵاویکرده‌وه‌ که‌ زۆربه‌ی بازرگانه‌ گیراوه‌کان کوردن و پێشتریش ڕاگه‌یه‌نرابوو که‌ بنکه‌ی سه‌ره‌کیی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ بازرگانه‌، له‌ باشووری کوردستان و تورکیایه‌.

 

Advertisements

Entry filed under: کۆنه‌بابه‌ت.

راگه‌یاندنی ئه‌لیکتڕۆنی له‌ ئه‌وڕوپا بۆ خۆی شۆڕشێکه،‌ که‌چی لای ئێمه‌ له‌ سه‌رده‌می داره‌دارێ دایه وه‌زیری نه‌وت: “گرێبه‌سته‌‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێم نایاسایین”


ئه‌رشیڤ

حوزه‌یران 2009
د س W پ ه ش ی
« مارس   تەموز »
1234567
891011121314
15161718192021
22232425262728
2930  

سه‌رژمێریی میوان

  • 38,484 میوان سه‌ردانیان کردووم

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: