کورده‌کانی باکوور دیپلۆماسیه‌تی خۆجێیی ده‌ست پێده‌که‌ن، ئه‌ردۆگان و گویل نایانه‌وێ بیانبینن

ته‌مموز 8, 2009 at 20:03

Osman_Bsydemirڕێنێسانس نیوز؛ ژماره‌یه‌ک سه‌رۆکی شاره‌وانییه‌کانی باکووری کوردستان دوێنێ گه‌یشتوونه‌ ئه‌نقه‌ره‌ و بڕیاربوو له‌ یه‌که‌م هه‌نگاوی “هه‌ڵمه‌ته‌ دیپلۆماسی”یه‌که‌یاندا چاویان به‌ سه‌رکۆمار عه‌بدوڵا گویل بکه‌وێ، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی دوایین زانیارییه‌کان تا ئێستا مافی دیداریان پێ ڕه‌وا نه‌بینراوه‌، ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ سه‌رۆکوه‌زیر ئه‌ردۆگان و سه‌رۆکی پارله‌مانی تورکیاش نه‌یانویستووه‌ گرووپه‌که‌ ببینن.

وه‌ک مێدیاکانی تورکیا بلاویانکردۆته‌وه‌ بڕیاربوو ئه‌مرۆ عوسمان بایده‌میر، سه‌لیم ساداک و ئه‌دیبه‌ شاهین، به‌ نوێنه‌رایه‌تیی 90 شاره‌وانیی باکووری کوردستان، “دۆسیه‌ی دۆزی کورد” بده‌ن به‌ سه‌رکۆمار گویل به‌ڵام کۆشکی سه‌رکۆماری سه‌رله‌ئێواره‌ی دوێنێ له‌ لێدوانێکدا ڕه‌تیکرده‌وه مافی دیداری به‌و نوێنه‌ر کوردانه‌ دابێ.

جێگری سه‌رۆکی گرووپی ده‌ته‌په‌ له‌ پارله‌مانی تورکیا فاتمه‌ کورتوڵان، له‌ پرێس کۆنفڕانسێکدا له‌ پارله‌مانی تورکیا، ڕایگه‌یاند که‌ کۆشکی سه‌رکۆماریی مافی دیداری به‌ نوێنه‌ره‌ کورده‌کان داوه‌ به‌ڵام یه‌کدابه‌دووی ئه‌وه‌ وته‌بێژێکی کۆشکه‌که‌ له‌ په‌یامێکدا بۆ چاپه‌مه‌نیی تورکیا ڕایگه‌یاند: “مافی دیدارمان نه‌داوه‌ به‌ هیچ که‌س”.

گرووپه‌که‌ دۆسیه‌یه‌کی له‌ پێنج بابه‌تی سه‌ره‌کیدا ئاماده‌ کردووه‌ که‌ بڕیار بوو له‌ دیداری ئه‌مرۆیاندا بیده‌ن به‌ سه‌رکۆمار. ناوه‌رۆکی دۆسیه‌که،‌ که‌ له‌لایه‌ن کورده‌کانه‌وه‌ به‌ “دۆسیه‌ی دۆزی کورد” به‌ناو ده‌کرێ، ئه‌و په‌یامانه‌ی بۆ سه‌رکۆمار تێدایه‌:

  1. چاره‌سه‌ریی پرسی کورد: ئه‌و لێدوانانه‌ی ئێوه‌ له‌و بواره‌وه‌ داوتانه‌، گرینگیی ده‌دا به‌ خه‌ڵکی هه‌رێمه‌که‌، پێمان باشه‌ ئه‌وه‌ درێژه‌ی هه‌بێ. له‌ چاره‌سه‌ریی پرسی کورددا رۆڵی حه‌که‌م (داوه‌ر) ببینن، ده‌مانه‌وێ ده‌ستپێشخه‌ریی بکه‌ن.
  2. پێکدادان کۆتایی پێ بێ: ئینسانه‌کانی ئه‌و هه‌رێمه‌‌ له‌ توندوتیژی بێزارن، ده‌مانه‌وێ چه‌که‌کان بێده‌نگ بن. چالاکییه‌ سه‌ربازییه‌کان کۆتایی‌یان پێ بێ و هه‌نگاوی دێموکراتیک هه‌ڵێنرێنه‌وه‌.
  3. وه‌ڵامی په‌که‌که‌ بدرێته‌وه‌: په‌که‌که‌ بڕیاری ڕاگرتنی چالاکییه‌کانی داوه‌ تا 15ی جولای. چاوه‌روان ده‌کرێ پرۆسه‌ی ئاگربه‌س ده‌ست پێبکا. ئه‌و ماوه‌یه‌ هاوکات هه‌لێکی مێژوویی ده‌دات به‌ ده‌سته‌وه‌. پێمان باشه‌ پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ریی به بێ له‌ده‌ستدانی کات ده‌ست پێبکا.‌
  4. ده‌سته‌ڵاتی هه‌رێمی به‌هێز بکرێ: تێگه‌یشتنی هه‌ڵه‌ له‌ “پرۆژه‌ی خۆبه‌ڕیوه‌بردنی دێموکراتیک”ی حیزبمان هه‌یه‌. به‌هێزکردنی ده‌سته‌ڵاتی هه‌رێمی هه‌م له‌ بابه‌ت ئابووری و هه‌میش له‌ بابه‌ت دێموکراسییه‌وه‌ گرینگه‌.
  5. ده‌ستوورێکی سیڤیل ئاماده‌ بکرێ: مافه‌ کولتووری ـ ناسنامه‌ییه‌کانی وه‌ک مافی خوێندن و زمان به‌ فه‌رمی بناسرێ و له‌ ده‌ستووری بنگه‌هیدا گه‌ره‌نتی بکرێ. ته‌ره‌ته‌ شه‌ش هه‌یه‌ به‌ڵام پشتیوانه‌ی ده‌ستووریی نییه‌، ئه‌گه‌ر حکوومه‌تێکی نوێ بێته‌ سه‌ر کار ده‌توانێ دایبخات. له‌مپه‌ره‌کانی پێش وه‌شانی کوردی هه‌ڵگیرێن.

به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی (ڕادیکاڵ) سه‌رۆکوه‌زیر ته‌یب ئه‌ردۆگانیش ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ نایه‌وێ نوێنه‌ره‌ کورده‌کان ببینێ و سه‌رۆکی پارله‌مانی تورکیاش هه‌روه‌تر. سه‌رۆکی پارله‌مان ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی خۆی بۆ “سه‌فه‌رێکی ده‌ره‌وه‌ی وڵات” گه‌ڕانده‌وه‌ له‌ کاتێکدا سه‌رکۆمار هیچ ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی له‌و بواره‌وه‌ نه‌داوه‌.

له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دێموکراتیک که‌ به‌ پێداگرییه‌وه‌ به‌دوای چاره‌سه‌ریی پرسی کورددا ده‌گه‌ڕێ،‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گشتیدا له‌ مێرسین بڕیاری داوه‌ هه‌ڵمه‌ته‌کانی ده‌ستپێکردنی دیالۆگی کورد ـ تورکیا به‌رفراوان بکاته‌وه‌. کۆبوونه‌وه‌که‌ی ده‌ته‌په‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ گشتییه‌که‌ی خۆیدا ژماره‌یه‌ک بڕیاری داوه‌ که‌ بریتین له‌:

  1. گرووپێک له‌ رۆشنبیرانی وه‌ک یه‌شار که‌مال سه‌ردانی باره‌گای سه‌رۆکوه‌زیر و سه‌رکۆمار بکه‌ن.
  2. نوێنه‌رانی “مه‌جلیسی ئاشتیی تورکیا” ڕه‌وانه‌ی قه‌ندیل بکرێن و داوا له‌ په‌که‌که‌ بکرێت ماوه‌ی ڕاگرتنی شه‌ڕ درێژ بکاته‌وه‌ و به‌و جۆره‌ش بۆچووةی په‌که‌که‌ له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌ریی پرسی کورد به‌ ته‌واوی وه‌رده‌گیرێ.
  3. له‌ رۆژی یه‌کی سپته‌مبه‌ر (رۆژی ئاشتیی جیهان)دا له‌ ئامه‌د [دیاربه‌کر] کۆبوونه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریی به‌رفراوان ڕێک ده‌خرێ، بابه‌تی دۆسیه‌ی داخستنی ده‌ته‌په‌ ده‌خرێته‌ رۆژه‌ڤ و تیشکیش ده‌خرێته‌ سه‌ر ده‌رئه‌نجامه‌کانی بڕیاری داخرانه‌که‌.
  4. دیپلۆماسیه‌تی کوردی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات په‌ره‌ی پێ ده‌درێ.

 

Advertisements

Entry filed under: کۆنه‌بابه‌ت.

ئه‌بولحه‌سه‌نی به‌نی سه‌در: ته‌ڵه‌که‌ی هه‌ڵبژاردن ڕاسپارده‌ی خامنه‌یی بوو کورده‌ ئاواره‌کانی سه‌رسنووری ئوردون ڕاگوێزران


ئه‌رشیڤ

ته‌مموز 2009
د س W پ ه ش ی
« حوزەیران   ئاب »
 12345
6789101112
13141516171819
20212223242526
2728293031  

سه‌رژمێریی میوان

  • 38,484 میوان سه‌ردانیان کردووم

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: