لــــه‌ په‌راوێزی کاری ڕێنێسانسدا؛ دوو نامه‌ی بڵاونه‌کراوه‌

ته‌مموز 28, 2009 at 01:00 1 comment

که‌ریم مه‌ره‌سه‌نه‌:
ئه‌وه‌ی له‌م نووسراوه‌یه‌دا ده‌یخوێنییه‌وه‌، نامه‌ی هاوکارێکی پێشووی ڕێنێسانسه‌ بۆ من ـ که‌ریم مه‌ره‌سه‌نه‌ ـ و له‌ ژێره‌وه‌ش وه‌ڵامی ئه‌وکاتی من. بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ به‌هیچ جۆرێک تاوانبارکردن یان خودای نه‌خواسته‌ ڕیسواکردنی هیچ هاوپیشه‌ و هاوکارێکی پێشووم نییه‌، به‌ڵکوو هێندێک له‌به‌ر عه‌جولی و هێندێکیش له‌به‌ر جه‌ختکردنه‌وه‌ی پێویستیی ڕه‌چاوکردنی سیاسه‌تی وه‌شانی پێشووی ڕێنێسانس، ئه‌وه‌ش چوونکا خه‌ریکین‌ ده‌وره‌یه‌کی نوێ له‌ وه‌شانی ڕێنێسانس ده‌ست پێده‌که‌ین.

له‌ هه‌ر دوو نامه‌که‌دا ناوی هێندێک هاوکاری ئێستا و پێشوو و چه‌ند سه‌رچاوه‌‌یه‌ک هاتبوو که‌ ئه‌من له‌ جیاتی ناوه‌کانیان (…) داناوه‌.

هه‌روه‌ها وه‌ڵامی من، که‌ له‌ ژێره‌وه‌تری نامه‌ی هاوکاره‌که‌ی پێشوومدا هاتووه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆر درێژ بوو، کورت کراوه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها پێویسته‌ جه‌ختی بکه‌مه‌وه‌ که‌ ئه‌و که‌سه‌ی نامه‌که‌ی بۆ من نووسیوه، به‌هه‌ر هۆیه‌که‌وه‌ بێ به‌ ناوی خوازراو له‌ ڕێنێسانسدا ده‌ینووسی و ته‌نیا بۆ من ناسراوبوو؛ ده‌مه‌وێ بڵێم که‌ ئه‌وه‌ نامه‌ی هیچکام له‌و هاوکارانه‌م نییه‌ که‌ به‌ ناو وێنه‌ی خۆیانه‌وه‌ کارگێڕ، هه‌واڵنووس یان وتارنووسی ڕێنێسانس بوون.

ده‌قی نامه‌که‌:

سڵاو کاکه‌ ئه‌م کاته‌ت باش
بمبووره‌ شه‌وی رابردوو به‌ هیچ جورێک له‌ ده‌نگت تێنه‌ده‌گه‌یشتم.
به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ سایته‌که‌:
ئه‌گه‌ر به‌شی هه‌واڵه‌کان یه‌کده‌ست بکرێ، زۆر باش ده‌بێ. بۆ وێنه‌ ده‌کرێ کاک … بکرێته‌ به‌رپرسی هه‌واڵ و ئیمێله‌کیش بکاته‌وه‌ له‌ دۆستانیش هه‌رکه‌س هه‌واڵێکی ده‌ست که‌وت، بۆ ئه‌وه‌ی بنێرێت و ئه‌ویش هه‌موویان به‌ یه‌ک داڕشتن له‌ سایته‌که‌ دابنێت.

دیاره‌ ماوه‌یه‌که‌ خه‌ڵک مه‌یلێکی زۆر بۆ هاوکاری کردنمان پێشان ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش نابێ ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی پاسوۆرد بدرێ به‌ زۆر که‌س، با هه‌واڵه‌کان هه‌ر یه‌ک که‌س دایانبنێت، هه‌ر وه‌ک گوتت، بۆ وتار و چاوپێکه‌وتنیش پێکه‌وه‌ کار ده‌که‌ین.

به‌ڵام هه‌تا بۆمان بکرێ با له‌ هه‌واڵه‌کادندا بێلایه‌نی بپارێزین، ئه‌ویش هه‌ر به‌ داڕشتنی هه‌واڵه‌کان ده‌کرێ ئه‌و کاره‌ بکه‌ین. کاک … به‌ راده‌ی پێویست له‌و کاره‌ ده‌زانێت.

سه‌باره‌ت به‌ باشووری کوردستانیش، چونکه‌ من به‌ ته‌واوی له‌ناو راگه‌یاندن دام، ئاگام له‌ زۆر شتی هه‌یه‌. لێره‌ هه‌موو شتێک هه‌یه‌ رۆژنامه‌نووس نه‌بێ. سه‌رکردایه‌تی ئێره‌ش له‌ کاری دیپلۆماسیدا زۆر سه‌رکه‌وتووه‌. به‌ڵام له‌ ناوخۆ گه‌نده‌ڵی گوڵی کردووه‌ و ئه‌وانیش له‌ هه‌موو که‌س ئه‌وه‌ی چاکتر ده‌زانن، به‌ڵام پێیان چاره‌سه‌ر نابیت و خه‌ڵکی ئێره‌ هه‌مووی به‌ گه‌نده‌ڵی له‌ دایک ده‌بێت.

به‌و پاساوانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌مهه‌وێ پێت بڵێم دژایه‌تی کردن ده‌گه‌ڵ باشوور یال رق هه‌ستاندنیان هه‌موو ریسه‌که‌مان لێ ده‌کاته‌وه‌ خوری. ده‌کرێ له‌ رێگای وتار و دیمانه‌ی باش بشیانکوتین، به‌ڵا به‌رپرسایه‌تیی هه‌وال راسته‌وخۆ له‌ سه‌ر خۆمانه‌.

سه‌ره‌رای ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر به‌ شێوازێکی زیره‌کانه‌ و رێک و پێک بچینه‌ پێش، ده‌کرێ لێره‌ یارمه‌تیش بۆ سایته‌که‌ داتاشین.

قه‌راریشه‌ … ده‌گه‌ڵ … سه‌ردانم بکه‌ن و منیش هه‌ر کامه‌ دیمانه‌یه‌کیان ده‌گه‌ڵ ده‌که‌م. … له‌ سه‌ر راگه‌یاندن و … له‌ سه‌ر به‌شداریی ژنان له‌ سیاسه‌تدا. ئه‌گه‌ر پرسیارت به‌ مێشک دادێن بۆ بنێری باشه‌. جارێ سه‌رکه‌وتوو بی و پاشانیش بۆخۆت ده‌زانی.

ده‌قی وه‌ڵامی من
کاکه‌ گیان ئه‌منیش سڵاو
بۆ مه‌سه‌له‌ی یه‌کده‌ستکردنی هه‌واڵه‌کان ئه‌منیش له‌گه‌ڵ تۆ هاوفکرم. ئه‌گه‌ر کاک … به‌شی هه‌واڵه‌کان بگرێته‌ ئه‌ستۆ (که‌ قه‌راره‌) ئه‌وا زۆر باش ده‌بێ و ئه‌و کێشه‌یه‌مان چاره‌سه‌ر ده‌بێ. دیاره‌ قه‌راره‌ به‌شی فارسیش وه‌کار خات، به‌ڵام هێندێک جیاوازتر له‌ به‌شی کوردییه‌که‌؛ واته‌ که‌سانی دیکه‌ی غه‌یری کوردیش شتی خۆیانی تێدا بڵێن و ببێته‌ سه‌کۆیه‌ک بۆ دیالۆگی نێوان نه‌ته‌وه‌کانی ئێران …

به‌لام بۆ مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵی و هه‌تادوایی:

ئه‌وه‌‌ی فه‌رمووته‌ زۆر ڕاسته‌؛‌ ده‌سته‌لات [خۆی ده‌ڵێ] ده‌یه‌وێ چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه‌یه‌ بکات و شه‌خسی مه‌سعوود بارزانیش باسی ئه‌وه‌ی کردووه‌؛ به‌ باوه‌ڕی من ئێمه‌ش که‌ جاروبارێک باسی ده‌که‌ین هه‌ر بۆ پشتیوانیکردن و دنه‌دانی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌‌یه‌. ئه‌من به‌ڵام له‌وان زیاتر نیگه‌رانی داهاتووم و بۆیه‌ش پێموایه‌ باشتره‌ له‌وان توندتر به‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا بچین. بنبڕکردنی ئه‌و ڕه‌زاله‌ته‌ هه‌م بۆ ئێمه‌، هه‌م بۆ حکوومه‌تی باشوور و هه‌میش بۆ داهاتووی کوردستان به‌گشتی به‌ قازنجه‌.

ڕقیشیان هه‌ڵناستێنین، پێموایه‌ شه‌خسی سه‌رۆکحیزبه‌کان زۆریشیان پێ باشه‌، به‌لام ڕه‌نگبێ هێندێک دز و … که‌ له‌سایه‌ی گنده‌ڵیه‌وه‌ بوونه‌ خودای سه‌روه‌ت و ده‌سته‌لات، خۆیان به‌ پێکراو ب‌بینن و له‌وانه‌شه‌ لێمان بتۆرێن. که‌یفی خۆیانه‌، ئێمه‌ قه‌ت پێویستمان به‌ گه‌نده‌ڵان نییه‌!

براله‌، ئه‌وه‌ که‌ تا ئێستا (دوای نزیک به‌ 20ساڵ) کێشه‌ی گه‌نده‌ڵی چاره‌‌سه‌ر و بنبڕ نه‌کراوه‌ هه‌تا دێ زیاتر په‌ل ڕاداوێ، پێمان ده‌ڵێ که‌ ماسته‌که‌ موو (گوریس)ێکی تێدایه‌. ئه‌من گومانم نییه‌ که‌ زۆر که‌س له‌ ناو خودی ده‌سته‌ڵاتیشدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابن که‌ ئه‌و (ئه‌زموونه)‌ له‌و ڕه‌زاله‌ته‌ ڕزگار که‌ن که‌ تووشێ هاتووه‌‌، به‌ڵام پێموابێ زیاده‌ڕۆیم نه‌کردووه‌ ئه‌گه‌ر بڵێم بۆخۆیان به‌رپرسیاری هه‌رێ گه‌وره‌ن له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا؛ هه‌ر نه‌بێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زووتر وه‌خۆنه‌که‌وتوون، جا ئه‌گه‌ر هه‌ر وه‌خۆش که‌وتبن. جا کێشه‌که‌ هه‌ر‌ خودی ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ نییه‌ که‌ چه‌ند حه‌رامزاده‌یه‌ک (زۆر زۆر ببووره‌) خۆیان له‌ ژێر دروشمی وه‌ک بژی سه‌رۆک و بژی فڵان و فیساره‌ شه‌هیددا شارۆته‌وه‌ و عه‌یش و نۆشی ده‌که‌ن، به‌ڵکوو کێشه‌ی من زیاتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ دونیا به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی زانیوه‌ و له‌وانه‌یه‌ ڕیسه‌ گه‌وره‌که‌مان لێ ببێته‌وه‌ خوری.

بۆچی؟

چاودێره‌ نیونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و پسپۆڕانی ده‌وڵه‌تداری له‌ ڕۆژئاوا، کاتێک‌ باسی به‌دێموکراسیبوون، گه‌لسالاری، به‌هێزکردنی ده‌سته‌لاته‌ هه‌رێمییه‌کان و گه‌شه‌ی ئابووری و … هتد ده‌که‌ن، گه‌نده‌ڵی به‌ کۆسپی هه‌رێ گه‌وره‌ ده‌زانن.

ئه‌وانه‌ که‌ زۆربه‌یان که‌سانی ناحکوومی، به‌ڵام پسپۆڕی ده‌وڵه‌تدارین، پێیانوایه‌ که‌ ئه‌و میلله‌تانه‌ی که‌ ده‌وڵه‌تداره‌کانیان گه‌نده‌ڵ بن قه‌ت پێ ناگه‌ن. هه‌تا هێندێک ده‌ڵێن ئه‌وانه‌ هه‌ر شیاوی ده‌سته‌لاتداریی نه‌ته‌وه‌ییش نین! ئه‌وان گه‌نده‌ڵی به‌ فاکته‌رێکی سه‌ره‌کی ده‌زانن له‌ سه‌رنه‌که‌وتنی پڕۆژه‌کانی ڕۆژئاوادا له‌ ولاته‌ قه‌یراناوییه‌کان. پێیانوایه‌ که‌ که‌موکوڕییه‌که‌ له‌ ماهیه‌تی ڕێره‌وه‌که ‌(گۆڕان به‌ره‌و دێموکراسی‌ و گه‌سالاری)دا نییه، به‌ڵکوو له‌و ئه‌کته‌رانه‌ دایه‌ که‌ له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا ده‌بنه‌ ئاوه‌ڵبه‌ند. هه‌موو جارێ نموونه‌ی زۆر زه‌ق و بابه‌تیانه‌ش دێننه‌وه‌ بۆ سه‌لماندنی ئه‌و بیرۆکه‌یه‌؛ مه‌سه‌له‌ی گه‌شه‌کردنی حه‌ماس له‌ په‌راوێزی گه‌نده‌ڵیی ده‌سته‌ڵاتی عه‌ره‌فات و ئاوه‌ڵبه‌ندکانیدا نموونه‌ی هه‌ر دواییه‌؛ حیزبولا له‌ په‌راوێزی حکوومه‌تی لوبنان و …

جا کاکی خۆم ئه‌و نموونه‌یه‌ خه‌ریکه‌ له‌ کوردستانیش دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌. له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا ناکرێ چاوپۆشی له‌ به‌هێزبوونی ئیسلامییه‌کان، زیندوبوونه‌وه‌ی هێندێک عورف و عاده‌تی عه‌شیره‌یی ـ خێڵه‌کی و … بپۆشین. ئه‌و دیاردانه‌ ده‌بوو له‌مێژ بایه‌ زه‌نگی ئه‌و مه‌ترسییـه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌یان به‌گوێی حیزب و سه‌رۆکه‌کانی گه‌یاندبا، به‌لام به‌داخه‌وه‌ راوێژکاره‌کانیان … هه‌ر لێی گه‌ڕێ.

جا ئه‌و هه‌موو شێر و ڕێوییه‌ی منیش بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بڵێم ئێمه‌ نابێ چاوپۆشی له‌و وه‌زعه‌ بکه‌ین، واته‌ ئێمه‌ ناکرێ چاو له‌گه‌نده‌ڵی و پێشێلکاریی مافی تاک و توێژه‌ سیاسی ـ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بپۆشین. یه‌ک: له‌به‌ر ئه‌و ڕه‌وشه‌ی له‌سه‌روه‌ باسم کرد و دوو: ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش هه‌ر وه‌ک ڕۆژنامه‌ و سایته‌کانی حیزب و حکوومه‌ت هه‌ر کارمان هه‌ر ئه‌وه‌ بێ به‌ به‌ژن و باڵای سه‌رۆکه‌کانماندا هه‌ڵ بڵێین، پێموابێ هه‌ر هیچ نه‌که‌ین باشتره‌ و ئه‌و هه‌موو سه‌رهێشه‌یه‌ش بۆ خۆمان و خه‌ڵکی دیکه‌ش دروست نه‌که‌ین.

هه‌ڵبه‌ت ئه‌و ده‌سته‌لاته‌ی که‌ به‌ باسکردنی گه‌نده‌ڵی تووڕه‌ بێ و به‌ دژایه‌تیکردنی خۆی بزانێ، ئه‌وا دڵنیام ده‌خۆی ڕانابینێ. ده‌سته‌لات به‌و هه‌ڵوێسته‌ی هێنده‌ی دیکه‌ی‌ مه‌سه‌له‌که‌ خراپ کردووه‌ و گوریسی ناو ماسته‌که‌‌‌شی هێنده‌ی دیکه‌ وه‌ده‌ر خستووه‌! فارسه‌کان ده‌ڵێن ” آنکه‌ حساب پاک است از محاسبه‌ چ باک است”

کاکه‌ سه‌باره‌ت به‌یارمه‌تیش وه‌ک پێشتر باسمکرد، ئه‌گه‌ر که‌سانێک ده‌یانه‌وێ یارمه‌تیمان بده‌ن و مه‌رجمان له‌سه‌ر دانانێن و یارمه‌تییه‌که‌ش به‌دزی و فزی نا‌بێ و ڕای گشتی لێی ئاگادار ده‌بێ، ئه‌وا کێشه‌ نییه‌، غه‌یری ئه‌وه‌ ئه‌من به‌ ڕاستی نازانم. پێشـم باش نییه‌ داوا له‌ که‌س بکه‌ین.

له‌ کۆتاییدا ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ که‌ ده‌بێ زیاتر بێلایه‌نی له‌خۆمان نیشان بده‌ین، به‌و حاڵ و هه‌وایه‌ی ئێستامان درێژه‌ به‌کار ده‌ده‌ین. دڵنیام که‌ ده‌سته‌لات، ئه‌گه‌ر ئه‌وڕۆش لێمان تووڕه‌ بێ، ڕۆژێک دێ په‌ی به‌ نازچاکیمان به‌رێ، ئه‌گه‌ر نه‌شیبرد ئه‌ویش که‌یفی خۆیه‌تی. ئێمه‌ هیچ نه‌بێ ویژدانی خۆمان ئاسووده‌ کردووه‌.

ببووره‌ که‌ سه‌رم هێشاندی
چاوه‌کانت ماچ ده‌که‌م و ڕێزم هه‌یه‌ بۆ …

دڵسۆزت که‌ریم

Advertisements

Entry filed under: کۆنه‌بابه‌ت.

پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن چۆن به‌ڕێوه‌چوو هێرش کرایه‌ سه‌ر که‌مپی ئه‌شره‌ف، چوار که‌س کوژراون و سه‌دان بریندارن

1 لێدوان

  • 1. هێڤی  |  ئاب 4, 2009 له‌ 13:07

    به‌ڕێز گیان کۆی که‌یه‌وه‌ باشتره‌ ئێوه‌ کێن که‌وا خۆتان به‌ شت ئه‌زانن.

    بمرێ خیانه‌ت


ئه‌رشیڤ

ته‌مموز 2009
د س W پ ه ش ی
« حوزەیران   ئاب »
 12345
6789101112
13141516171819
20212223242526
2728293031  

سه‌رژمێریی میوان

  • 38,484 میوان سه‌ردانیان کردووم

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: