ساڵح سووزه‌نی: ئه‌ده‌ب ده‌توانێ چێژه‌کانیش به‌ده‌ق بکا و هیوا و ئاواته‌کانیش بنووسێته‌وه
سازدانی: ڕابه‌ر فاریق
ـ شیعر و چیرۆک و ڕۆمانى کوردیى، تا چ ئاستێک توانیویانه سوودێکى ته‌ندروست له ئه‌ده‌بیاتى جیهانیى وه‌ربگرن و له به‌رژه‌وه‌ندیى ئه‌ده‌ب و (داهێنان)ى کولتوورى کوردییدا به‌کارى بهێنن؟
ساڵح سووزه‌نی: شیعری کلاسیکی کوردی به‌سوودوه‌رگرتنی به‌جێ له بنه‌ماکانی عه‌رووز و به‌دیع و قافیه و نێوانده‌قێتی شیعری دراوسێکان (فارس و عه‌ره‌ب) خۆی گه‌یانده نالی و دواجار گۆران و سواره به سوودوه‌رگرتن له شیعری نوێی تورکی و فارسی له شیعری کلاسیکیان تێپه‌ڕاند و ئێستا نویترخوازان به سوودوه‌رگرتن له سوورریالیسم و قوتابخانه‌کانی فۆرمالیسم، پێکهاته‌خوازی، دیارده‌ناسی، زمان و نیشانه‌ناسی تا پێکهاته‌هه‌ڵوه‌شێنی… ئه‌یانهه‌وێ مه‌وداو فاسڵه‌ی خۆیان له‌گه‌ڵ شیعری جیهان که‌م بکه‌نه‌وه… و… به‌ڵام چیرۆک و رۆمانی کوردی و فارسی و عه‌ره‌بیش، هه‌ر راسته‌وخۆ سه‌رقاڵی سوودوه‌رگرتنن (ته‌ندروست یان ناته‌ندرست) له ئه‌ده‌بی رۆژئاوا و ئه‌مه‌ش شتێکی سه‌یر نییه بۆ وه‌ی زۆربه‌ی رووناکبیران لایان وایه هۆنه‌ر و زانست جیهانییه و هه‌مووکه‌س مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و نا به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌کاری بهێنێ… هیچکه‌س بیر له‌وه ناکاته‌وه دووچه‌رخه(پاسکیل) کێ سازی کردوه؟ به‌ڵکوو بیر له‌وه‌ده‌کاته‌وه خۆی چۆنی به‌کاربهێنێ و چۆنی بسازێنێته‌وه که سوودی باشتری بۆی هه‌بێ… راستییه‌که‌ی من بیر له ته‌ندروستی و ناته‌ندروستی ئه‌ده‌ب ناکه‌مه‌وه بۆ وه‌ی ئه‌ده‌ب نێوی خۆی به خۆیه‌وه‌یه و ناته‌ندروسته‌که‌شی رۆژی خۆی به ته‌ندروست ده‌خوێنرێته‌وه… بۆ وه‌ی ئه‌ده‌بی پێشڕه‌و به‌هۆی ره‌گه ئانارشیستیه‌که‌یه‌وه به‌رده‌وام ناته‌ندروست ده‌نوێنێ…
ــ له ئێسته‌دا، داهێنان و ڕێکلام هاوئاستن له خستنه‌ڕووى ئاستی ده‌ق له کوردستاندا، به‌ڵام ئه‌و ڕێکلامه‌ى لێره‌دا مه‌به‌ستمه دابه‌شبووه به سه‌ر خوێنه‌ر و ڕاگه‌یاندن و ده‌سه‌ڵاتى سیاسیى حیزبه‌کان، نووسه‌رى ئیبداعکار بۆ ئه‌وه‌ى پردێک دروست بکا بۆ به یه‌کتر گه‌یشتنى داهێنان- ڕێکلام، چیى ده‌بێ به کۆمه‌ککارێکى ته‌ندروست؟
ساڵح سووزه‌نی: داهێنان و ڕێکلام بۆ (وه‌ک ئادرنۆده‌ڵێ؛ سه‌نعه‌ت فه‌رهه‌نگ) ئه‌سته‌مه یه‌ک بگرنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێکلام له هونه‌ری عه‌وام (کیچ) بۆ مه‌به‌ستی خۆی که‌ڵک وه‌رده‌گرێ و داهێنان پێوه‌نده به نوخبه‌وه. جیاوازیه‌کانیان جیاوازی نێوان به‌رهه‌م و ده‌قه (که له وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی سه‌ره‌وه‌داباسمکردن. به‌و حاڵه‌ش زۆرجار نوێخوازیی ئه‌دیبان و هونه‌رمه‌ندان له‌باری مێژووی سیاسی و کومه‌ڵایه‌تیه‌وه ده‌که‌ونه سه‌رده‌مێکه‌وه و له‌گه‌ڵ لایه‌نێکی رفۆرمخوازی زمانی ده‌سه‌ڵات له‌یه‌ک به‌ره‌دا ئیشده‌که‌ن… له‌و دۆخه‌دا به‌شێک له‌ڕێکلام هه‌وڵده‌دا راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ باسی داهێنانی نوخبه‌ی نویخواز بکا و هه‌وڵی به‌ده‌سه‌ڵاتبوونی بۆ ئه‌دا… نموونه‌ی مێژوویی حاڵی ئیستای ئێران و به‌ربه‌ره‌کانێی دووباڵی نه‌ریتی و رفۆرمخوازی نێو ده‌سه‌ڵاته… ده‌بینین که هه‌رکام له‌و به‌رانه به شێوه‌ی خۆ ڕێکلام بۆ نوێخوازان و نه‌ریتخوازان ده‌که‌ن و به‌و بۆنه‌وه له ده‌رفه‌تێکی چه‌ند ساڵه‌دا باشترین گۆڤار و رۆژنامه و کتێب و شانۆنامه و فیلم و… بڵاوکرایه‌وه و ڕێکلامیشی بۆکرا و زۆرێ له هونه‌رمه‌ندانیش دۆخه‌که‌یان قۆزته‌وه و… نموونه‌ی لای خۆشمان هاوکاتبوونی سه‌رهه‌ڵدانی گرووپی ئازادی و ره‌هه‌ند (وه‌ک ڕه‌خنه‌گرانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی و نویخوازانی بواری رووناکبیری و ئه‌ده‌ب) و هه‌ست به دموکراتیزه‌کردنی ده‌سه‌لاتی کوردییه له باشووری کوردستان، ده‌بینین که خه‌ڵاتی هه‌ردی له ده‌هه‌مین فستیواڵی گه‌لاوێژدا ده‌درێ به به‌ختیارعه‌لی (که‌سێک که هه‌موو نووسینه‌کانی له ڕه‌خنه‌ی توندوتیژدایه بۆ سه‌ر ده‌سه‌لاتی کوردی) ئه‌مه‌ش هیچ له پله‌وپایه‌ی ده‌قه‌کانی به‌ختیارعه‌لی که‌م ناکاته‌وه و… ده‌بێته ڕێکلامێکی باشیش بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی زیده‌تر و خوێندنه‌وه‌ی زۆرتری ده‌قه‌کانی… خوێندنه‌وه‌ی چه‌ندلایه‌نه‌ی ده‌قی داهێنه‌رانه له‌لایه‌ن ڕه‌خنه‌گران و ئاماده‌بوونی داهێنه‌ران له‌بۆنه‌ئه‌ده‌بی و هونه‌ریه‌کاندا و پێشکه‌شکردنی ده‌ق و ئاشناکردنی خوێنه‌ران به‌ده‌ق… ئه‌توانێ جۆره‌ڕێکلامێکی سه‌رده‌مانه‌شبێ (به تایبه‌ت سایت و وێنلاگه جیددییه‌کان بۆ ڕێکلامی هونه‌ر و ئه‌ده‌بی داهێنه‌رانه سوودبه‌خشن…).
ــ زمانی نووسینی شیعری ئێوه، بارگاوی کراوه به (فیکر)، ئه‌مه‌یش له‌نێو نووسه‌ره کوردییه‌کاندا تا ئاستی نه‌بوون ئه‌زموون کراوه. نووسه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌کی ئێستێتیکیی – له ده‌قێکی شیعرییدا- فیکر ته‌وزیف بکا، گه‌ره‌کی به چییه، جگه له مه‌عریفه؟
ساڵح سووزه‌نی: ئاشکرایه مه‌عریفه به‌ته‌نێ مه‌عریفه‌یه و نابێته شیعر و ئه‌گه‌ر له فۆرمێکی نوێ‌دا نه‌نوێنرێته‌وه، له مه‌عریفه‌که‌شی که‌م ده‌بێته‌وه و ده‌بێته کاوێژژژ… من پێشتر به‌تێر و ته‌سه‌لی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌م له وتاری (دالی شیعر مه‌به‌ستی خۆیه‌تی و به‌س ((زرێبار- ژ-11)+ داوه‌ته‌وه و له چه‌ند یاداشتی بێمانای (3)ێشدا، له دیالۆگ له‌گه‌ڵ وتویژێکی به‌رێز به‌ختیار عه‌لی، جۆنییه‌تی پێوه‌ندییه‌کانی فۆرم و نێوه‌رۆکم شی کردۆته‌وه++ له‌به‌ر حورمه‌تی پرسیاره‌که‌ی جه‌نابت ناچارم هه‌ندێکیان به‌کورتی دووپات بکه‌مه‌وه؛ “نیچیه” گوته‌یه‌کی جوانی هه‌یه که: “فه‌یله‌سووفان هه‌رچی خۆیان هه‌ڵمسێنن، فڕوفیشاڵ به‌که‌ن، کتێبی قه‌به‌قه‌به چاپ بکه‌ن یان هه‌ڵیت و پڵیت بڵێن و ریشی پان دانێن و گاڵته به‌وانی تر بکه‌ن، جگه خۆیان و ده‌روونی خۆیان هیچیان نه‌گوتووه. (نیچه: ئه‌وپه‌ڕی چاکه و خراپه). من له‌سه‌ر ئیزنی نیچه فه‌یله‌سووفان ده‌که‌مه شاعیران و ده‌پرسم که؛ به‌ڵام ئه‌و خوده کێ بێ؟ مه‌عریفه‌ی به نه‌ست بوو له ده‌روونی شاعیری خوێنده‌واردا به شێوه‌ی نائاگا و ناراسته‌وخۆ ئاماده‌یی هه‌یه و له‌شیعره‌که‌شیدا به‌رده‌وامه و به‌هاسانی له‌گه‌ڵ فۆرمی ته‌بادا تێکه‌ڵده‌بێ و ده‌بێته ده‌قێکی فره‌ره‌هه‌ند… به‌ڵام شاعیری نه‌خوێنده‌وار له‌نه‌ستی خۆیدا جگه هه‌ست و غه‌ریزه(مه‌یل) و ده‌سه‌ڵاتی زمانیی نه‌ریتی چی هه‌یه بینوێنێته‌وه؟ له راستیدا چۆنییه‌تی هه‌ڵس و که‌وتی شاعیر له‌گه‌ڵ زماندایه که فۆرمگه‌ل جیاواز بۆ ره‌هه‌ندگه‌لی مه‌عریفی و جوانناسانه‌ی لێ ده‌که‌ویته‌وه… به بێ ئه‌و گه‌مه زمانییه… نه‌ک هه‌ر شیعری جوان به‌ڵکوو فیکری نوێشمان بۆ نابینرێته‌وه… ئینجا جگه له ده‌ق و جوانکاریه‌کانی شیعری و توانای ده‌ربڕینی شاعیر، له‌و گه‌مه‌زمانییه‌دا، چاڵاکی و خوێنده‌واریی وچۆنییه‌تی بۆچوون و وه‌رگرتنه‌کانی خوێنه‌ریش له هه‌ڵدانه‌وه‌ی توێگه‌ل مانایی و جوانیناسی ده‌قدا گرینگه؛ خوێنه‌ری ئاسایی جێژ له شیعری (تی- ئێس- ئلیووت) وه‌رناگرێ و ناتوانێ خوازه شیعریه‌کانیشی به‌نێو مێژوو و ئوستووره‌دا بپه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئێستا و داهاتوو… له (شیعره‌سات)دا ته‌مه‌نی باوان به‌قه‌ده‌ر ته‌مه‌نی مێژووی مرۆڤایه‌تییه و ئه‌شق و ده‌مامکیش هه‌روه‌تر… ناس سرینه‌وه (نامۆکردنه‌وه)شمان له‌و پرۆسه‌یه‌دا نابێ له بیر بچێ… که گه‌وره‌ترین ده‌ور ده‌بینێ له خۆلقاندنی ده‌قی هونه‌ریدا…
ــ ئه‌مڕۆ شیعر و قسه‌ى ئاسایى تێکچڕژانێکى ڕیشه‌یییان به‌خۆوه گرتووه، ئه‌گه‌رچى ئه‌م جۆره‌ى ده‌قنووسین له ئه‌وروپادا ئه‌زموونکراوه، به‌ڵام شاعیرانى ئێمه‌یش سوودیان لێى وه‌رگرتووه – به‌تایبه‌تی تاراوگه‌نشینه‌کان -، ئه‌م تێکه‌ڵاوبوون و سوود وه‌رگرتنه تا چ ئاستێک له خزمه‌تى ئه‌ده‌بى کورد دا بووه؟
ساڵح سووزه‌نی: وه‌ک گوتم شیعر رووداو یان گه‌مه‌یه‌کی زمانییه و مافی خۆیه‌تی له‌هه‌موو تواناکانی زمان که‌ڵک وه‌ربگرێ و نه‌که‌ویته تۆڕی هیچکامیانه‌وه… گرینگ ئه‌وه‌یه بتوانێ رێرۆشتنی ئاسایی وشه‌کان بکاته ره‌قس و سۆزی هه‌ڵپه‌ڕکێیان بداتێ… شیعری (گوفتار) (گفت)یش به‌شێکه له‌و هه‌وڵدانه بۆ ده‌ربازبوون له زمانی وشک و ئه‌شرافیانه‌ی که نێو به نێو ده‌سه‌پێ به‌سه‌ر شیعردا و له‌زمانی ئاسایی دووری ده‌خاته‌وه… له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمانی شیعری کوردی زمانێکی به‌هێز و ده‌وڵه‌مه‌نده، باشترین سوودی نێوانده‌قێتی له ئه‌ده‌ب و زمانی دراوسێکانی وه‌رگرتووه و جگه ئه‌وه‌ش چه‌ندین زاراوه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه، شیعری (گفتار) (ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی ئه‌سێح بێته کایه‌که‌وه) خزمه‌یی باش ده‌کا و زمانی کوردی ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌کا؛
(جۆشکارێکیان بانگ کردبوو بۆ ئه‌وه‌ی ترومپای ماڵه‌که چاک کاته‌وه
گوتم پووڵی تیا خه‌رج مه‌که‌ن
ئه‌وه دڵم!
رۆژی چۆمێ زووخاوی ره‌ش له‌لای چه‌پیه‌وه ده‌خوات و
هه‌رئه‌وه‌نده له راسته‌وه ده‌ده‌ڵێنێ…
بیخه‌نه جێی
با لانی که‌م ئاوی روونتان بۆ ده‌ربێنێ) دیاری- 1989
ــ ئه‌گه‌ر ته‌ماشاى وڵاته ئه‌وروپییه‌کان بکه‌ین ده‌بینین له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنى ڕه‌وتى ژیاندا، وه‌کوو بیرکردنه‌وه‌یش گه‌شه ده‌که‌ن، به‌ڵام به‌نیسبه‌ت کوردستان ئه‌م پڕۆسه‌یه وه‌ها نییه. ئێمه بیرکردنه‌وه‌کانمان لاوازن، یاخود قووڵ ڕۆناچینه نێو ڕه‌هه‌نده‌کانى کێشه گه‌وره ئینسانییه‌کانه‌وه؟
ساڵح سووزه‌نی: گه‌شه‌ی ژیان و بیرکردنه‌وه به‌هۆی مه‌یل و خواستی مرۆڤه به نوێخوازی و ئه‌و ره‌وته‌ش (ره‌وتی نوێترخوازی) پێبه‌ند نییه به نێوچه و وڵات و رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاته‌وه… به‌ڵکو پێوه‌نده به بارودۆخی ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، رامیاری و له‌وانه‌ش گرینگتر؛ سیسته‌مه‌کانی ده‌سه‌ڵات- مه‌عریفه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌وه. له وڵاته ئه‌وروپیه‌کان ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتی زمانیی زانست و فه‌لسه‌فه‌یه (وه‌ک سیسته‌مێکی کراوه) که ده‌سه‌ڵات ده‌نێته‌وه و لای ئێمه ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتی زمانیی پێعه‌مبه‌رانه (وه‌ک سیسته‌مگه‌لێکی داخراو) که بوونه‌ته کو‌لتوور و ئپیستمه‌ی زاڵ. به ئاوڕدانه‌وه له سه‌ده‌کانی نێوه‌راستی ئه‌وروپا (ده‌سه‌ڵاتی کلیسا و ئه‌نگیزاسیۆن) ده‌بینین چۆن له‌وێش پێش به ره‌وتی ژیان و رووناکبیری و… گیرابوو و بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌ده ئه‌و سیسته‌مه داخراوه له‌وێش کپبوونی سازکرد و ده‌ربازبوونی ئه‌سته‌م کردبوو و که‌س مه‌ودای نه‌بوو که قووڵ بڕوانێته کێشه گه‌وره‌کانی مرۆڤ… هه‌رچه‌ند له‌ئاکامدا ئه‌و دۆخه له‌وێ شکستی هێنا… بۆ ئه‌وه‌ی ده‌یانی وه‌ک گاریباڵدی و کوپرنیک و گالیله و… ئه‌رزیان به نه‌وێستاوی و دانه‌خراویی لا جوانتر بوو… ڕه‌نگه لای ئێمه‌شه‌وه (حه‌للاج(گه‌لێک بوونه که جاربه‌جار ئه‌نه‌لحه‌قێکیان چڕیبێ. به‌ڵام له‌به‌ر سه‌قامگیربوونی سیسته‌مه داخراوه‌کان نه‌یانتوانیوه ئه‌رز به‌لای سه‌ره‌وه‌ی ئاسماندا بسووڕێننه‌وه و له‌ڕێوه زمانیان به بڕین چووبێ و زۆرکه‌سانی وه‌ک منیش له به ده‌قکردنی سووڕانه‌وه‌ی زه‌وی په‌ژیوان بووبێتنه‌وه؛
(به هه‌زار جار ده‌ینووسمه‌وه ئه‌رز ناسووڕێ!
ده وێڵم که‌ن
من شاعیرم… خۆ رۆسته‌م نیم!) (درۆ موقه‌دده‌سه‌کان)
کورده‌واریش له‌دوای شکستی (ماده‌کان)ه‌وه زمانی به بڕین چووه و هه‌ر باشیشه نه‌فه‌وتاوه… نووسراوه‌ی نه‌بووه تا گه‌شه‌ی (بیرکردنه‌وه)شی هه‌بێ؛
(زمان ته‌نیا ئاڵای سه‌ده‌ی بیسته باوان
به‌کام زمان بتخۆشه‌ویستێنم؟) (شیعره‌سات)
ئه‌مه‌ش که هه‌یه‌تی به‌رهه‌می (نێوانده‌قێتی)یه له فه‌لسه‌فه، زانست، کو‌لتوور، هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و…ی باوه‌پیاره‌کانی و له‌زمانی ئه‌وان (عه‌ره‌بی، فارسی، توورکی و له‌م دواییانه‌وه زمانه‌کانی رۆژئاوایی)ی هه‌ڵکڕاندوه… و شیعراندوویه‌تی و ئه‌زقه‌زا باشیشی گه‌یاندۆته ئێره… بۆ سه‌لماندنی قسه‌که‌م هه‌ر خوێندنه‌وه‌ی دیوانی نالی به‌س بێ… ئینجا ئێمه وه‌ک کورده‌واری چ گه‌شه‌یه‌کمان کردووه که گوایه ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌بووه له‌سه‌ر فیکر و به‌رهه‌مه‌کانمان؟ به پێچه‌وانه‌وه من لام وایه به‌رهه‌می به‌ده‌قبووی کوردی زۆر له‌به‌ر گه‌شه‌ی کۆمه‌لایه‌تیه‌که‌یه‌وه‌یه… و له چه‌ندین ژانری هونه‌ریدا خه‌ڵاتگه‌ل جیهانیشی هێنێوه‌ته‌وه. وه‌ک له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مکرد ده‌سه‌ڵات و مه‌عریفه به‌ر ده‌وام له سازکردنی یه‌کدیدان و ئێمه هیچکام له‌وانه‌مان نه‌بووه و لانی که‌م وه‌ک قبتییه‌کان (له میسر) نه‌بووینه‌ته عه‌ره‌ب!! ئه‌وه خۆی زۆره…
ــ کو‌لتوور و زمان تا چ ئاستێک ده‌توانن یه‌کتریى به‌ره‌و (گۆڕان)کاریی ببه‌ن؟
ساڵح سووزه‌نی: له پێناسه‌ی ئه‌مرۆژیانه‌دا، به‌و مه‌رجه‌ی زمان وه‌ک سیسته‌مێکی نیشانه‌یی (سروشتی، خوازه‌یی،نمادین… …) پێناسه بکه‌ین، زمان هه‌مان کو‌لتوور و کو‌لتوور هه‌مان زمانه… له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی زماندا ئاشکرایه؛ هه‌موو دیارده‌کانی ژیانی مرۆڤایه‌تی له ژێر سێبه‌ری باڵه تیژپه‌ڕه‌کانی زمان و گه‌مه‌کانی زماندا دێنه گه‌شه و نوشه‌ست… هه‌وڵه‌کانی مرۆڤ له‌پانتای زماندا(له مێژوودا کو‌لتوور و ورده‌کولتوور سازده‌که‌ن و سه‌قامگیر ده‌بن و ده‌بنه ده‌سه‌ڵات (له پێناسه فۆکۆییه‌که‌یدا) له کولتوورێکی بستراودا زمانیش به‌رده‌وام خه‌ریکی چه‌ندپاتبوونه‌وه‌یه و له ئه‌ره‌ستوو تێناپه‌ڕێنێ… به پێچه‌ونه‌وه زمانی (پوویا( (پڕجم وجۆڵ) فه‌رهه‌نگگه‌ل کراوه سازده‌کا و ئه‌یگه‌یه‌نێته شارستانییه‌تی ئه‌مڕۆژینه و تاک و کۆ تیایدا به‌شدارده‌بن و ده‌سه‌ڵاتی مه‌رگ تیایدا ده‌بێته ده‌سه‌ڵاتی ژیان…
ــ چى له‌و واقیعه تاڵه بکه‌ین که خه‌یاڵ و فه‌نتازیا ناتوانن بیگۆڕن؟
ساڵح سووزه‌نی: سه‌رچاوه‌کانی خه‌ون و فه‌نتازیاش هه‌مان واقیعه تاڵ و شیرین و سوێرانه‌ی ژیانی مروڤن له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ شت و دیارده‌کان ومه‌یله سه‌رکوتکراوه‌کانیدا… و ناراسته‌وخۆ شوێنی خۆی له‌سه‌ر واقیع (تاڵ یان شیرین) داده‌نێته‌وه ئه‌گه‌ر بۆچوونه‌کانی (یۆنگ)یشمان له‌مه‌ر نائاگای کۆ (ناخودآگاه جمعی) قه‌بووڵ بێ، ئه‌وه پێوه‌ندییه‌که قووڵتریش ده‌بێته‌وه)؛ ژێرده‌ریاییه فه‌نتازیاییه‌که‌ی (ژوول وێرن)ت له بیره؟ قاڵییه‌که‌ی حه‌زره‌تی سولێمان چی؟ خه‌ون و فانتزیش رێگه‌یه‌کی تری جگه زمان بۆ ده‌ربڕین نییه و ناچاره به‌وه‌ی له‌گه‌ل واقیع هه‌ڵس و که‌وت بکا و شوین دانێ و شوین هه‌ڵبگرێ… به‌ڵام نابێ لێی به په‌له بین… بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ترازووه‌دا لایه‌کیش کاته و ئه‌ویش ده‌وری خۆی ده‌بینێ… نیچه وته‌نی: هونه‌ر جیهانمان بۆ والێده‌کات که مرۆڤ بتوانێت تێیدا بژی.
(هنر زندگی را ممکن و شایسته‌ی زیستن می‌کند).
ــ (لیسینگ) ڕوانینى وه‌هایه: (هه‌ندێک که‌س بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌که‌ن که ڕه‌خنه ڕه‌سه‌نایه‌تیى له مرۆڤدا کاڵ ده‌کاته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر من ڕه‌سه‌نایه‌تى و داهێنانم هه‌بن، ئه‌وا له ڕێگه‌ى ڕه‌خنه‌وه به‌ده‌ستم هێناون). ئه‌م ڕسته‌یه‌ى لیسینگ له کوێوه ناکۆک و ته‌با ده‌که‌وێته‌وه له‌گه‌ڵ (داهێنه‌ر) و (داهێنان)ى ئه‌ده‌بیى؟
ساڵح سووزه‌نی: ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له ره‌سه‌نایه‌تی هه‌مان ترادسیۆنی سه‌قامگیربووی نێو کۆمه‌ڵه؟ دیاره ڕه‌خنه به‌رده‌وام رووبه‌ڕووی ئه‌و به‌شه‌ی ده‌بێته‌وه که نه‌یتوانیوه له‌گه‌ڵ ره‌وتی کات و ژیان و شارستانییه‌تدا هه‌ڵکشێ و خۆی نوێ بکاته‌وه. به‌ڵام هه‌موومان ده‌زانین مه‌به‌ستی ڕه‌خنه‌ی نوێ له‌کاڵکردنه‌وه‌ی هه‌نێ دیارده‌ی ره‌سه‌ن، پڕره‌نگ کردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌شانه‌یه‌تی که توانای کراژخستن و نوێبوونه‌وه‌یان هه‌یه. گادامێر له‌م پێوه‌ندییه‌دا ده‌ڵێ: “تێگه‌یشتنی هێرمۆنتیکی له‌گه‌شه‌ی فه‌رهه‌نگی ئه‌وه‌یه که تێبگه‌ین گه‌شه یان ره‌وتی فه‌رهه‌نگی له‌ئێستادا چ مانایه‌کی هه‌یه، تێگه‌یشتنی هێرمۆنتیک به‌رهه‌می وتووێژی ره‌سه‌نی ئێستا و رابردووه، ئه‌وه‌ش کاتێک رووده‌دات که له‌نێوان ئێستا‌و رابردوودا پێکهاته‌یه‌ک له‌سنووره‌کانمان له‌به‌رده‌ستدابێت، مه‌رجی ئه‌و پێکهاته‌یه‌ش خودی سوننه‌ته” ، واته ڕه‌خنه ده‌بێ به‌رده‌وام شوێنپێیه‌کی پته‌وی له‌نێو کولتووری پێشوودا هه‌بێ که بتوانێ له‌وێوه قه‌ڵه‌مباز بدا و به بێ ئه‌م (سه‌کۆی قه‌ڵه‌مبازه) ڕه‌خنه‌گر داهێنانه‌کانی لێ ون ده‌بێ و ده‌که‌وێته بۆشاییه‌وه… به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیش دێته نێو هه‌مان تێگه‌یشتنه‌وه؛ هیچ ده‌قێکی داهێنه‌رانه نابینن که ئه‌و سه‌کۆی قه‌ڵه‌مبازه‌ی له‌نێو نه‌ریتدا نه‌بێ. (مارسێل پرۆست) هه‌مان نه‌ریتی (بیره‌وه‌ری) به شێوه‌ی نوێ و ده‌ستکاری کردنی کاتی زانستی نووسییه‌وه… جۆیس و ڤاگنێر و ڤۆلڤ یش هه‌وڵی سرینه‌وه‌ی کاتی واقیعییاندا له نێو نه‌ریتی تائه‌وساته‌ی رۆمان‌دا… نووسه‌رانی رۆمانی نویش کات و شوێنیان پێکه‌وه موتوربه‌کرد و کات- شوێنیان داهێنێو شتیان به‌رجه‌سته‌تر کرده‌وه… پاشمودێرنه‌کان گه‌رانه‌وه بۆ ته‌وس و توانج و ناپێکهاته‌یی و له‌ێوه بازیاندا…
ــ یه‌کێک له ڕوانینه‌کانى (دێرک واڵکۆت) وه‌هایه: (ئه‌ده‌ب ده‌مى زامێک هه‌ڵده‌داته‌وه، قووڵتر له‌و زامه‌ى مێژوو هه‌ڵیده‌داته‌وه). ئێمه ده‌توانین به‌م شێوه‌یه‌یش بڵێین: لێکۆڵه‌ر و ڕه‌خنه‌گرى کوردیى قووڵتر ده‌چنه نێو پێکهاته‌ى ده‌قه‌کان؟
ساڵح سووزه‌نی: زۆربه‌ی مودێرنیسته‌کان، به‌پێچه‌وانه‌ی پاشمودێرنخوازه‌کان، ره‌شبینییه‌کی خه‌ستیان ده‌هێنایه نێو ده‌ق و به‌س زامیان پێ هه‌ڵده‌دایه‌وه… من لام وایه ئه‌ده‌ب ده‌توانێ ئه‌گه‌ر بخوازێ چێژه‌کانیش به‌ده‌ق بکا و هیواوئاواته‌کانیش بنووسێته‌وه… به‌ڵام چبکه‌ین له‌دۆخی کورد و نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گری کوردی کڵۆڵ که به‌رده‌وام ده‌بێ ده‌می زام هه‌لبداته‌وه و ئه‌نفاڵ و هه‌ڵه‌بجه به‌ده‌قبکاته‌وه… به‌ڵێ راسته ئه‌گه‌ر لێکۆڵه‌ر و ڕه‌خنه‌گر قووڵتر نه‌چنه نێو پێکهاته‌ی ده‌ق ئیتر نابێ لێکۆڵه‌ر و ڕه‌خنه‌گر بن… به‌ڵام وه‌ک گوتم کورد هه‌موو شتێکی جیاوازه، ڕه‌خنه‌گری (!!) کورد نایهه‌وێ هه‌ست به‌و قووڵاییه بکا، هه‌رده‌قێک له‌چه‌ند گۆشه‌نیگای جیاوازه‌وه به‌راوه‌ردبکاته‌وه و په‌رده‌له‌سه‌ر نه‌نووسراوه‌کانی هه‌ڵبداته‌وه و به‌گشتی ده‌ق بکاته مه‌رجی خوێندنه‌وه جیاوازه‌کان، نه‌ک خاوه‌ن ده‌ق و نووسه‌ره دۆست یان نادۆسته‌که‌ی…
به خۆشیه‌وه جیلێکی نوێ سه‌ریان هه‌ڵداوه که هه‌وڵئه‌ده‌ن قووڵتر له ده‌ق بڕوانن و به‌س ده‌ق بکه‌نه پێوه‌ری خوێندنه‌وه‌کانی خویان… من به‌م جیله گه‌شبینم… به‌وئاواته‌وه…
ــ په‌یوه‌ندیى نێوان (ده‌ق) و (چێژ) له‌نێو ئه‌ده‌بى ئێمه‌دا تا دێ کاڵ و کاڵتر ده‌بێته‌وه و تا ئێسته‌یش ئێستگه‌لێک بۆ ئه‌م دوو زاراوانه نه‌کراون له لایه‌ن ڕه‌خنه‌گرانمان-ئه‌گه‌ر بڕیاره ڕه‌خنه‌گرمان هه‌بێ-، بۆ ئه‌وه‌ى تێکه‌ڵاوبوونێکى ڕه‌یشئاژۆیى بخوڵقێنین پێویسته له کوێوه ده‌ست پێ بکه‌ین؟
ساڵح سووزه‌نی: ده‌قی سه‌رده‌مانه خوێنه‌ری سه‌رده‌مانه‌شی ده‌وێ و وه‌ک به‌رهه‌م نییه که ره‌حه‌ته‌لقوم بێ و بدرێ به‌ده‌ست هه‌مووکه‌سه‌وه… دڵنیام خوێنه‌ری چالاک چێژی ره‌گاوه‌ژۆی نێو ده‌ق هه‌ست پێده‌کا و خۆشی تیایدا به‌شدار ده‌کا بۆ ئه‌وه‌ی نه‌نووسراوه‌کان و توێگه‌ل ستاتیکی و واتایی ده‌قی بۆ هه‌ڵده‌دریته‌وه و ده‌رکی ده‌کا… کاتی خۆی (بووف کور) واته: (کونده‌بووی کوێر)ی (سادق هیدایه‌ت) نووسه‌ری به‌نێوبانگی ئێرانی له په‌نجا به‌رگدا بڵاوکرایه‌وه و ئێستا ملوێنان که‌س چێژی لێوه‌رده‌گرن، (ڤانگۆگ) تان له‌بیره؟ کاتی خۆی له ئه‌وروپاش که‌س تاقه‌تی خوێندنه‌وه (گه‌ڕان به‌دوای کاتی له‌ده‌ستچوو)ی پرۆست ی نه‌بوو و چێژیان لێوه‌رنه‌ده‌گرت… ئه‌مانه له ئه‌ده‌بی ولاتانی دیکه‌دا ڕه‌نگه ئاسایی بێ… به‌ڵام له ئاست ئه‌ده‌بی کوردی‌دا من ئه‌و نیگه‌ران بوونه‌ی جه‌نابت هه‌ست پێ ده‌که‌م؛ بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌رئه‌و په‌نجاخۆێنه‌ره چالاکه‌شمان نییه، خوێنه‌ری مامنێوه‌ندیشمان که‌مه و ده‌سه‌ڵاتی زمانی وێنه و سه‌ته‌لایت و موبایل و… هه‌مووخوێنه‌رانی ئاساییشی کێشاوه به‌دوای خۆیدا… وه‌ک ئه‌وه وایه بڵێی: ئێستاکه ئێمه فێره پامه‌له بووینه ئاوی قووڵمان ده‌ست ناکه‌وێ هیچ، هه‌ر ئاو بۆ خواردنه‌وه‌ش که‌مه. راسته به‌ڵام (خاریقی عادات( ه‌که‌ی نالی و ئه‌وپه‌ڕ به‌نه‌وشه‌که‌ی (ژید( ت له‌بیر نه‌چێ! ڕه‌خنه‌گریش (ئه‌گه‌ر وه‌ک جه‌نابت ده‌فه‌رمووی بمانبێ) ئێستا خوێندنه‌وه‌ی خۆی ئاراسته‌ی ده‌قه‌کان ده‌کا و ئه‌و ئه‌رکه کلاسیکییه‌ی نه‌ماوه که ببێته پردی پێوه‌ندی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ری ناحاڵی… به‌و حاڵه‌ش کاتێ ده‌قێک چه‌ندین خوێندنه‌وه‌ی باشی ئاراسته بکرێ، به‌رۆژ ده‌کریته‌وه و ژماره‌ی خوێنه‌ره‌کانی زێده‌تر ده‌بێ… ئه‌وه حاشاهه‌ڵنه‌گره. له‌کورده‌واریدا له‌هه‌رکویوه ده‌ستپێبکه‌ین باشمان پێکاوه بۆ وه‌ی هیچ نه‌کراوه یان زۆرکه‌م کاری بۆ کراوه. که‌وایه با خوێندنه‌وه‌کانمان له‌مه‌ڕ ده‌قی کوردی (له به‌یته کانمانه‌وه تا غه‌زه‌ڵنووس و…) بڵاو بکه‌ینه‌وه و دڵنیام شوێنی خۆی داده‌نێ و ئه‌وتێکه‌ڵاوبوونه‌ی که جه‌نابت ده‌ڵێی سازده‌بێ…
ــ بۆچى ڕه‌خنه‌ى به‌راوردکاریى کارى له‌سه‌ر نه‌کراوه به شێوه‌یه‌ک که سه‌رچاوه‌مان له‌مباره‌یه‌وه هه‌بێ، له کاتێکدا ده‌بوو ئێسته زیاتر له جاران بایه‌خى پێدرابا، چونکه نائاماده‌ییى له ڕۆژگارێکى وه‌کوو ئه‌مڕۆدا هه‌م (بۆشایى) و هه‌م (قه‌یران) و هه‌م ده‌رگه‌ى (داخستنى سه‌رده‌مێک)یشمان به ڕوودا ده‌کاته‌وه؟
ساڵح سووزه‌نی: 2 ده‌بێ له‌گه‌ڵ 1 یان 3 به‌راوه‌رد بکرێ. کاتێ هه‌م 1 و هه‌م 2 و هه‌م 3، هی خۆت نه‌بوو، به‌راوه‌رد کاری 2ی نه‌بوو و 3ی قه‌رزمان له‌گه‌ڵ 2008ی ئه‌وان گه‌مه‌یه‌کی خۆش نییه… بۆئه‌وه‌ی ئێمه دوو00 و 8ێکمان که‌مه! ئه‌مه ڕه‌نگه پارادۆکسێک له‌گه‌ڵ وه‌ڵامه‌کانی سه‌ره‌وه‌م ساز بکا و راستت ده‌وێ من خۆشم له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره به‌راوه‌ردی پێکهاته‌یی و پۆزیتیویستیانه‌دا نیم… به‌ڵام قسه قسه‌دێنێ قسه‌ی زل هیچی تێناچێ… پیاو (!!) نه‌یکا ده‌ته‌قێ. من کاتی خۆی به‌راوه‌ردی نالی و کانتم کرد (بڕواننه نالی و جوانیناسی کانت) یا (نالی و یارییه زمانییه‌کانی ویتگونشتاین له کتێبی نالی و خوێندنه‌وه‌نوێکانی سه‌رده‌مدا) و زۆرم پێ سه‌یر بوو که پرۆفسۆره‌کانمان له سلێمانی ده‌یانگوت که هیچی لێ حاڵی نه‌بووین (نالی و جوانیناسی کانتم له فستیواڵی نالی له‌سلێمانی خوێنده‌وه) به‌ڵام گرینگ حاڵی بوون یان نه‌بوونی ئه‌وان نییه گرینگ ئه‌وه‌یه من به‌شبه‌حاڵی خۆم به‌رده‌وام خه‌ریکی ئه‌و به‌راوه‌ردکارییه‌م و ڕه‌خنه‌گرانی دیکه‌ش مافی خۆیانه کاری وابکه‌ن یان نا… حه‌وزه‌که قووڵه و هه‌رکه‌س له‌هه‌ر کوێوه خۆی تێده‌هاوێ با بفه‌رمێ؛ به‌ڵام نابێ له‌بیرمان بچێ (گۆم تا قووڵ بێ مه‌له‌ی خۆشتره) پێویستیمان به‌مه‌له‌وان هه‌یه و هیوادارم مه‌له‌وانه‌کانمان به‌رده‌وام بن و به‌ته‌ما نه‌بن له (جۆگه‌له‌یه‌کی گچکه‌دا مرواریی قه‌به بدۆزنه‌وه)!!
ــ ڕه‌خنه‌گرانمان به ده‌ر له کارى خۆیان (ڕه‌خنه‌گر)یى، هاوکات (به‌دیل دۆزه‌ره‌وه)یشن، پێتوایه ئه‌م دووانه گه‌ره‌کیان به که‌سى تایبه‌تمه‌ند و ئه‌کادیمیستى تایبه‌ت به خۆیان هه‌بێت؟ که‌نگێ ده‌قى ئه‌ده‌بیى (ئه‌ڵته‌رناتیڤ) ده‌خوازێ؟
ساڵح سووزه‌نی: سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر قوتابخانه‌یه‌کی هونه‌ری- ئه‌ده‌بی له‌راستیدا هه‌وڵێکه بۆ به‌دیل دۆزینه‌وه‌یه‌کی نوێتر له‌پانتای هۆنه‌ریدا و به‌ده‌سه‌ڵاتکردنی زمانێکی دیکه و جیاواز… پێویست ناکا حه‌تم هه‌وڵه‌که ئاکادمیک بێ. هه‌رچه‌ند له‌و وڵاتانه‌ی به سیسته‌مێکی کراوه راهاتوونه ئاکادمیا ئه‌توانێ پشتیوانی ئه‌و به‌ده‌سه‌ڵاتکردنه بێ و بیکاته سیسته‌مێکی په‌روه‌رده‌یی بۆ جیلی داهاتوو. به‌ڵام مێژووی هونه‌ر نیشانی داوه هه‌رکات بزووتنه‌وه‌یه‌کی هونه‌ریی سه‌قامگیربووه له‌ڕێوه جیلێکی دیکه سه‌ریهه‌ڵداوه و هه‌وڵی سازکردنی ئه‌ڵته‌رناتیڤێکی دیکه‌دراوه… بڕواننه سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه و نوشستی بزووتنه‌وه هونه‌رییه‌کانی کلاسیسم و رێئالیسم تا رۆمانسی و سووررێئال و ئاوانگارد و…
سه‌یر ئه‌وه‌یه دواجار هه‌موو ئه‌و قوتابخانانه دێنه‌وه نێو پێناسه‌ی هه‌مان دال ی سه‌رکیی هونه‌ر و سه‌رله‌نوێ هه‌وڵه‌که‌به‌رده‌وام ده‌بێته‌وه… بڕواننه وتاری (دال ی شیعر، مه‌دلوولی خۆیه‌تی و به‌س(+
ــ ئه‌و ڕێگایانه کامانه‌ن که‌وا ده‌بن به پردى په‌یوه‌ندیى قووڵى نێوان (نووسه‌ر – وه‌رگر)؟ بۆ ئه‌وه‌ى سیحرێکى ئاگاییانه بچه‌سپێنین له فیکرى خوێنه‌ردا تاکوو تێکه‌ڵبوون و هاومه‌ستییه‌کى ڕه‌گئاژۆیى بخولقێنین، ئه‌و خاڵه سه‌ره‌کییانه چین که له‌وه‌ها کاتێکدا کۆمه‌کمان پێ ده‌به‌خشن؟
ساڵح سووزه‌نی: پیش‌تر زۆرکه‌سان ڕه‌خنه‌یان به پردی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر پێناسه‌ده‌کرد و راستت ده‌وێ، من ئه‌و پێناسه‌یه‌م قه‌بووڵ نییه! من لام وایه ڕه‌خنه خوێندنه‌وه‌جیاوازه‌کانی خوێنه‌ر یان خوێنه‌رانی چالاکه له سه‌ر ده‌ق و هه‌رکام له‌و خوێندنه‌وانه به‌راڤه‌یه‌ک ده‌زانم به‌پێی وزه‌ی نێوه‌کی ده‌ق و میزانی زانست و پێشئاگایی و نائاگایی خوێنه‌ره‌که‌ی و هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌ک مافی ئه‌وه‌ی نییه خۆی به‌سه‌رخوێندنه‌وه‌کانی دیکه‌دا بسه‌پێنی و خۆی له‌وانی دیکه به سه‌ره‌کتر بزانێ و… هه‌رچه‌ند هه‌مان چه‌ندخوێندنه‌وه‌یی ده‌ق یارمه‌تی خوێنه‌رانی مامنێوه‌ند و ئاساییده‌دا که ده‌قه‌که کراوه‌تر ببینن و باشتری بخوێننه‌وه… به‌ڵام ئه‌وه ناراسته‌وخۆیه و هیچکات ڕه‌خنه‌گر نابێ به‌و مه‌به‌سته‌وه ده‌قێک بخوێنێته‌وه که گوایه ئه‌یهه‌وێ مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی نووسه‌ر بۆ که‌سانێکی دیکه(خوێنه‌رانی ناحاڵی!!) روونبکاته‌وه… ئه‌وقازیقوزاتییه نه ده‌وری ماوه و نه باو.
ــ پێتوایه هۆى داته‌پینى بناغه‌ى هه‌ر ده‌قێک، به‌شێکى بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه که بوونیادى ده‌ق له مانا داخراوه‌کانه‌وه سه‌رچاوه بگرێ؟ به واتایه‌کى تر: بۆ ئه‌وه‌ى پێکهاته‌ى ده‌ق بپارێزین له کاڵگه‌رایى و بوونى کاتیى، گه‌ره‌که داواى کۆمه‌ک له چیی بکه‌ین، تا وه‌کوو فریادڕه‌سێک به هانای ده‌قه‌وه بێ، هاوکات ته‌مى عه‌ده‌مییه‌ت و مه‌رگی ده‌ق له گۆڕێ‌دا نه‌مێنن به‌شێوه‌یه‌کی ئاگایی تۆوى مانا بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ نێو ده‌ق، تا به هۆى ئه‌م تۆوه وه ڕووبه‌رووى (مانای کراوه)ی ده‌ق ببینه‌وه؟
ساڵح سووزه‌نی: من لام وایه ئه‌وه ماناکان نین که داخراون، به‌ڵکوو چۆنییه‌تی ئیش‌کردن به‌ماناکانن که زۆرجار ده‌رکه له‌رووی ماناکان داده‌خه‌ن؛ متۆد یان رێسا و سیسته‌می گه‌مه‌زمانییه‌کانن که ئه‌توانن (دال)گه‌لێکی گشتی وه‌ک ژیان، مه‌رگ، ئه‌شق، جیهان، خه‌بات، ئازایه‌تی و خیانه‌ت و… به‌کراوه‌یی یان داخراوه‌یی بنوێنن… ئه‌گینا ساڵه‌هایه ئه‌ده‌ب و هونه‌ر خه‌ریکی نواندنه‌وه‌ی ئه‌شقه و حافز(شاعیری فارس) گوته‌نی؛ له هه‌ر زمانێکه‌وه ئه‌یبیستمه‌وه دووپاتنه‌کراوه‌یه… +++، ئینجا ئه‌وه وزه‌کانی نێو ده‌قه که له‌خوێندنه‌وه‌ی په‌یتاپه‌یتادا ئاپده‌یت(به‌رۆژ) ده‌بێته‌وه و له‌بوونی کاتیی ده‌یپه‌ڕێنێته‌وه… هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر دیسانه‌وه ده‌ق و به‌رهه‌م تێکه‌ڵ نه‌که‌ین! مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که ده‌ق خۆی هه‌ڵگری ئه‌و تۆوه‌یه که قه‌قنه‌س ئاسا له خۆڵه‌مێشی نێوئاگره‌که‌ی خۆیدا سه‌رله‌نوێ ده‌ژیێته‌وه و به‌س پێویستی به خوێندنه‌وه هه‌یه وه‌ک یارمه‌تی، که هه‌ڵبه‌ت وه‌ک جه‌نابت ئاگاداری ئه‌و خوێندنه‌وه‌ش ده‌ره‌کی نییه بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی خوێنه‌ری چاڵاک پشتئه‌ستووره به‌هه‌مان وزه‌ی ده‌ق…
ــ ئه‌گه‌ر به وردیی سه‌رنج له ڕۆمانه کوردییه‌کان بده‌ین، ده‌بینین به‌شی زۆری کارئه‌کته‌ر و پاڵه‌وانه‌کانیان ئه‌فسانه‌یی و سوپه‌رمانیین. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ڕامانه ئه‌مه‌یه: بۆچی زینده‌وه‌ران و سروشت تا ئاستێکی باش ته‌وزیف نه‌کراون له‌نێو ئه‌م ژانره فره‌ڕه‌هه‌نده‌دا؟
ساڵح سووزه‌نی: رۆمانه کوردییه‌کان شتێکی گشتی نین که پێکه‌وه له مه‌نجه‌ڵێکدا بیانکوڵینین… ئه‌م به‌گشتی بینینه (یان به‌گشتی خوێندنه‌وه) هه‌مان متۆدی داخراوه که نه‌ک هه‌ر یارمه‌تی ده‌ق نادا بۆ خۆنواندنی ئاوه‌ڵاتر به‌ڵکوو له‌ژێر قورسایی به‌رهه‌مدا ده‌یخنکێنێ. زۆر رۆمانی کوردیمان راسته‌وخۆ پرژاونه‌ته سه‌ر مرۆڤ و سروشت و هه‌نی له رۆمان و نۆڤلێت نووسانی جیلی نوێ هه‌وڵیانداوه فه‌نتازیا و هیزی خه‌یاڵینی مروڤ زێده‌تر به‌رجه‌سته بکه‌نه‌وه… که ئه‌وه‌ش به‌له‌ونێ هه‌مان په‌رژانه‌سه‌ر مرۆڤه له گۆشه‌نیگایه‌کی دیکه‌وه… کێ ده‌توانێ بڵێ (دواهه‌مین هه‌ناری دنیا) یان (له‌سه‌رباران ده‌نووسم) یان (پێده‌شتی کارمامزه کوژراوه‌کان) و (باڵنده‌کانی ده‌م با) نه‌پرژاونه‌ته سه‌ر مرۆڤ و سروشت؟
ــ ڕۆماننووسه کورده‌کان تا چه‌ند توانیویانه له سایه‌ی گێڕانه‌وه‌دا که‌ڵک له زمان وه‌ربگرن؟
ساڵح سووزه‌نی: هێند نییه (وه‌ک زه‌مه‌ن) رووناکبیرانی کورد به شێوه‌ی جیددی رۆمان ده‌نووسن، به‌وحاڵه‌ش من لام وایه باشترین که‌ڵکیان وه‌رگرتووه له‌سیسته‌مه‌کانی گێڕانه‌وه و هه‌ڵبژاردنی گۆشه‌نیگای به‌جێ و کات- شوێن ی ته‌با و که‌س و رووداو و… بڕواننه سیسته‌می گێڕانه‌وه له (باڵنده‌کانی ده‌م با)دا؛ چیرۆکنووسێک ژیانی جیرۆکنووسێکیتر ده‌نووسێ که ئه‌ویش خه‌ریکی نووسینی چیرۆکێکی تره له‌مه‌ڕ چیرۆک‌نووس یان هونه‌رمه‌ندێکی تر و… ئه‌م گێڕانه‌وه له‌نێو گێڕانه‌وه‌دا به‌ڕاستی ئه‌وپه‌ڕی یه‌کگرتنه‌وه‌ی فۆرم و نێوه‌رۆکه له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا… یان له دواهه‌مین هه‌ناریدنیادا هه‌ر سێ من( لید و ئێگۆ و سووپێرئێگۆ)ی ناخی مروڤ وه‌ک سێ که‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆ دێنه نێو سیسته‌مه‌کانی گێڕانه‌وه… یان که‌ڵکوه‌رگرتن له زمانی به‌یته‌کانمان له (پێده‌شتی کارمامزه‌کوژراوه‌کان) داسیسته‌مێکی ره‌وایه‌تی- ستاتیکی ی خولقاندوه و جێی سه‌رنجه… نموونه زۆره: بڕواننه هه‌ڵبژاردنی گۆشه‌نیگای ره‌سم و وینه له (له‌سه‌رباران ده‌نووسم) و که‌ڵکوه‌رگرتن له شێوه گێڕانه‌وه‌ی ریالیسمی جادوویی له شاری مۆسیقاره سپیه‌کان و به‌کارهێنانی زمانی ئرۆتیکی له (بیربا)دا و… ئه‌م یاریگه‌له له‌نێو سیسته‌می نیشانه‌یی زماندا دێنه‌گه‌ر و دڵنیام زمانی کوردی ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌کا…
ــ زۆر له چیرۆک‌نووسان ڕوانینیان وه‌هایه که ژانری چیرۆک پلیکانه‌ی یه‌که‌مه، مه‌رجه بیبڕی، دوای ئه‌وه نۆڤلێت دێ، دواجاریش ڕۆمان. ئه‌و هاوکێشه پله‌داره چۆن ده‌بینی؟
ساڵح سووزه‌نی: به‌گشتی ئه‌ده‌ب ناچێته ژێرباری هیچ ئه‌بێ و نه‌بێیه‌که‌وه و ئه‌و مه‌رجه‌ی ئه‌مرۆ قه‌بووڵیده‌کا ڕه‌نگه سبه‌ینی ره فزی بکاته‌وه… چیرۆک و رۆمان هه‌رکام له هه‌وڵی قوازتنه‌وه‌ی سات یان ساتگه‌لێکی ژیانی تاک و کۆی مرۆڤدان و مه‌رجی سه‌ره‌کی نییه هه‌موو چیرۆک‌نووسان ببنه رۆماننووس… هه‌رچه‌ند پشوودرێژی زۆرێ له‌چیرۆکنووسان ئه‌نجام نۆڤلێت و دواتر رۆمانی لێکه‌وتۆته‌وه… ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێ که چیرۆکێکی ده‌وڵه‌مه‌ند سه‌د رۆمانی لاواز دێنێ… مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ڕه‌خنه‌گر به بست ده‌ق ناپێوێ و رۆماننووس له‌خۆڕا له چیرۆک‌نووس به سه‌رتر یان خوارتر ده‌ستنیشان ناکا… ئه‌وه گرینگه… نه‌ک ره‌وتی پلیکانه‌یی و ناپلیکانه‌یی…
ــ نووسه‌ران هه‌میشه له سه‌فه‌رێکدان له‌گه‌ڵ خۆیان و له‌گه‌ڵ دنیادا، ئاخۆ ئێوه له‌و سه‌فه‌ره‌تاندا گه‌یشتوونه‌ته کوێ ؟
ساڵح سووزه‌نی: سه‌فه‌ری من له‌گه‌ڵ دنیادا زۆری نه‌خایاند و هه‌ر له گه‌نجێتییه‌وه زیندان کرام، له مامۆستایی ده‌رکرام و بێکاریی و کرێکاریی و نه‌گبه‌تی ژیان و… به‌ڵام له‌سه‌فه‌ری له‌گه‌ڵ خۆمدا، باشم پێکردوه و به‌رده‌وام خوێندوومه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵیان چوومه‌ته وڵاتانی؛ (سه‌مفۆنیا)، (دیاری)، (هه‌زاردیوانی که‌ڵه‌گه‌ت له پرسه‌دا)، (درۆ موقه‌دده‌سه‌کان)، (شیعره‌سات)، (به ژماره‌ی ته‌له‌فۆنه‌کانی عاله‌م)، (وه‌همه‌کانی ئه‌شق و تابۆکانی ده‌مامک) (حه‌بێکی هه‌نگوینی داده‌نێی مه‌ترسه) و ئێستا تازه گه‌یشتوومه‌ته (تۆمنترین درۆ… منتۆترین ده‌مامک)؛
له‌م 23 نه‌گبه‌ته‌دا
چ گیرێک چه‌قیوم
… … … … … … … … … … … له سه‌رووتانه‌وه هێلکه‌م
ته‌مه‌نێک
به‌ره‌ودوا خزیوه
چ سه‌رسامم به‌و ناحه‌زانه‌وه
که چ شیرینن تا… …
… … … … … … … … … … من
بڕوا، چ فه‌لسه‌فه‌یه‌کی حیزه!
له‌م شه‌رابه قاوه‌ییه‌ی تۆدا
،،،،، شله‌ف له‌باتی شه‌ره‌ف… … … …
شیعر چیه‌و چۆن پێناسه ده‌کرێت؟
به‌رامبه‌ری ئه‌م پرسیاره ئه‌مه‌یه، زه‌ریا چۆن له‌هێڵه‌ک ده‌درێت؟
به‌پێی دیارده‌ناسی (فنۆمنۆلوژیا) راسته هه‌ر که‌سه له‌گۆشه نیگای خۆیه‌وه ویستوویه بیبه‌ستێ به‌مانێو هه‌ستێکی کاتیه‌وه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وکه‌سه دوای ماوه‌یه‌ک ڕه‌نگه پێناسه‌که‌ی خۆی ره‌فزکاته‌وه‌و به‌جۆرێکی تر بۆی بچێت، ده‌ڵێت زمان سه‌ره‌تای بوونی مرۆڤه… که‌وایه دایه گه‌وره‌مان فێر باوه ئاده‌می کرد‌و بووه هۆی ده‌رکردنمان له‌به‌هه‌شتی خوایی… یان ئه‌و داسه گوازه «ئیستعاره»ییه بوو که «گایا» دایه ده‌ست «کرۆنووسی» کوڕی بۆ ئه‌وه‌ی باوکی خۆی «ئۆرانۆسی» پێ له‌تله‌ت بکات و… … هه‌ر بۆیه شیعر به‌پێچه‌وانه‌ی زانست مل ناداته (تابۆ) یاساکانی باوک و له‌هه‌موو «یۆتۆپیا» یه‌ک فڕێ ده‌درێته ده‌ره‌وه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر کچی دایکی خۆی بێت، ئاخر شیعر بنه‌ی دایکانه‌ی هه‌یه‌و ئێستاش ملکه‌چی دایکسالاریی رۆحی نه‌رم و ژنانه‌ی ئیلاهه «ئۆرفه»ییه‌کانی ئاسمان و زه‌وییه! هه‌ر بۆیه به‌نێوی «ته‌ئنیسی» (مێی) په‌ری و فریشته‌و ئیلاهه‌وه گۆشکراوه، Orphee (ئۆرفه) له‌میتۆلۆژیا یۆنانییه‌کاندا، نێوی شاعیرێکی ده‌نگخۆش و سازێنه‌ری «چه‌نگ»ه که به‌هێزی شیعره‌کانی گیانه‌له‌به‌ران، ته‌نانه‌ت داروبه‌رد ده‌هه‌ژێنێت… بۆ ئه‌وه‌ی ناتوانێت داوی (evridice) ئوریدسی خێزانی بژی به‌ئیزنی خواکان؟ ده‌چێته جیهانی مه‌رگ، به‌ڵام له‌گه‌ڕانه‌وه‌دا، باوه‌کو ئاوڕدانه‌وه‌ی لێ مه‌نع کراوه… ئاوڕداته دواوه‌و به‌و بۆنه‌یه‌وه ئوریدیس بۆ هه‌تاهه‌تایه ون ده‌بێت و ئورفه‌ش ده‌بێته ئوستووره‌ی شاعیرێک که به‌بێ خه‌یاڵی ئوریدیس ناتوانێت بژی و به‌رده‌وام له‌شیعره‌کانیدا ئوریدیس ده‌ژێنێته‌وه…
ڕه‌نگه مۆسیقای شیعر ده‌نگدانه‌وه‌ی «نا»کانی ئورفه بێت له‌چه‌نگه‌که‌یدا بۆ نه‌زمی دڵڕفێنی سروشت و نمه‌ی باران و جوانی ئه‌ستێران له‌چاوه‌کانی ئوریدیسدا نازانم، به‌ڵام ده‌زانم خه‌یاڵی ئورفه سێیه‌م که‌ره‌سه‌ی شیعری بوو (دوای زمان و موسیقا) بۆ ژیانی به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ ئوریدیس و نوستالژی شیعری… … یان شیعر ڕه‌نگه که‌مه‌ربه‌نده‌که‌ی «ئافرودیت» بێ که paris (پاریس)ی هاندا له‌نێوان «ویێرا» و «ئاتنا»دا یه‌کێکیان هه‌ڵبژێرێت و به‌رده‌وام ناچاربووه له‌گه‌ڵ دێ‌و و درنجان به‌شه‌ڕ بێت و چه‌کی به‌ره‌نگاری له‌شان بکات… هه‌رچی بێت، گومان له‌وه‌دایه نییه که شیعر له‌جنسی ئیلاهه‌یه‌و حه‌زی له‌یاساکانی به‌ستنه‌وه‌ی پیاوانه نییه شیعر جگه زمان هیچیتر نییه، ده‌سه‌ڵاته‌کان زمان سازیان ده‌کات و شیعریش له‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌یه که به‌یاری وشه ساز ده‌کرێت و ده‌فڕێت… (یاریه‌کی ئازاده، به‌ڵام وا ده‌نوێنێ که به‌ڕاستی خه‌ریکی یاری ئه‌قڵه)، هه‌ر بۆیه ده‌سه‌ڵاته‌کانی ئه‌قڵ و مانێو یۆتۆپیاکانی سه‌رکه‌وتن و ریوایه گه‌وره‌کان به‌رده‌وام هه‌وڵی راوکردن و هاوردنه ژێر رکێفی خۆیانیان بۆداوه‌و هه‌رگیز وه‌ک ده‌سه‌ڵاتێک دانیان پێدانه‌نێوه، به‌ڵام راستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه شیعر له‌مێژه ئاڵای سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵداوه، هه‌رچه‌ند مقه‌سته‌کانی زانست- ده‌سه‌ڵات له‌زۆر بڕگه‌ی مێژوویی‌دا په‌لوپۆیان کردبێت، دیسانه‌وه وه‌ک قه‌قنه‌س له‌ئاگری له‌شی خۆی بووژاوه‌ته‌وه‌و بانگی سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵداوه‌ته‌وه.
(شمشێره تیژه‌کانتان فڕده‌ن
شه‌ونم ئه‌یانڕزێنێ… شیعر نه‌یانبه‌زێنێ) (2) (شکسپیر)
(گۆشتی من راخه‌ن به‌ماشا
له‌من خه‌ن تیر‌و که‌ڤانا
ناچمه دیوانی… میروحاکما) (فه‌قێ ته‌یران)
به‌ڵام ئایا شیعر ده‌توانێت هه‌تاهه‌تایه خۆی له‌بازنه‌ی زانست- ده‌سه‌ڵات بپارێزێت و ئه‌و که‌له‌بچه نه‌چێته پای، که پێشتر له‌مێژوودا سه‌دان جار به‌زۆر چه‌پاندوویانه‌ته پای و زه‌ویشیان پێوه به‌ستووه‌ته‌وه؟
(به‌سه‌دان جار ئه‌ینووسمه‌وه
که ئه‌رز هه‌رگیز ناخولێته‌وه
ده وێڵمکه‌ن
من شاعیرم! خۆ رۆسته‌م نیم!) دیاری (له‌زمانی گالیله‌وه)
دیاره شاعیر له‌نێو هه‌ر کۆمه‌ڵێکدا بژی زمانی چه‌ند هه‌زار ساڵه‌ی ئه‌و گه‌له‌ی له‌پشته شه‌ڕو ئاشتی، ئومێد‌و ره‌شبینی، ره‌نج و شادی، داگیرکراوی و داگیرکه‌ری، براکوژی و ئاواره‌یی، مۆسیقا‌و گۆرانی و خۆشه‌ویستی، یاری و گه‌مه‌و به‌یت و باو و… داب و نه‌ریتی ئه‌و گه‌له وه‌ک ئه‌زموونێکی مێژوویی له‌ناخودئاگایی بیروهه‌ستیدا ده‌ژی و ده‌کوڵێت و سارد ده‌بێته‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌زموون و رۆشنبیری که‌سی خۆیدا تێکه‌ڵ ده‌بێت و له‌کاتی خولیاییدا بێئه‌وه‌ی بیر له«فرمۆڵی» شیعر بکاته‌وه، ته‌نیا رێگه ده‌داته هاتنه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سێڵاوه بۆ نێو ده‌ماره‌کانی خامه، شاعیر بیر له‌فرمۆڵی شیعر وه‌ک پێناسه ناکاته‌وه، وه‌ک چۆن هه‌نگ بیر له‌فرمۆڵی هه‌نگوین ناکاته‌وه» وه‌ک چۆن په‌پووله بیری لای سووتان نامێنێت، وه‌ک چۆن بولبول ئاگای له‌په‌نجه تیژه‌کانی هه‌ڵۆی ده‌سه‌ڵات نییه، ئه‌و گوڵی لامه‌به‌سته‌و گۆرانی، که هه‌زاران ساڵه فێری بووه‌و دڵنیام ئاگای له‌ده‌زگاو نۆته‌ی گۆرانییه‌کانیشی نییه،ئه‌وه کێشه‌ی ئێمه‌یه که ده‌مانه‌وێت پێناسه بۆ چڕینی بولبول سازکه‌ین، هه‌نگوین فرمۆڵه بکه‌ین یان ئه‌شقی په‌پووله بپێوین.
شیعر دۆزینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیگه‌لێکی نوێیه له‌نێوان دیارده‌کانی سروشتدا، له‌نێوان سروشت و مرۆڤدا، له‌نێوان من و تۆدا، من و کۆمه‌ڵدا، له‌نێوان من و خۆمدا، له‌به‌ین زه‌وی و ئاسماندا، له‌نێوان هه‌ست و نه‌ستا، له‌نێوان شیعر‌و په‌خشان و فه‌لسه‌فه‌و زانست‌دا له‌نێوان ئێستا‌و مێژوو و ئایه‌نده‌دا، شیعر ئه‌شق و نفرت و بێلایه‌نی زمانه، ئه‌رێ شیعر چی نییه؟ شیعر هه‌رخۆیه‌تی و به‌س.
شیعر منم که ره‌نج ئه‌به‌م
شیعر تۆشی که ئه‌مکوژی
شیعر ئێمه‌ین که ره‌نج کوژین… …
به مۆسیقاوه یان بێ مۆسیقا
به‌مارشه‌وه یان به‌دزیه‌وه‌و له‌به‌ندیخانه‌یه‌کی قۆڕدا… «نیچه» ده‌ڵێت فه‌یله‌سووفان هه‌رچی خۆیان هه‌ڵمسێنن، فڕوفیشاڵ به‌که‌ن، کتێبی قه‌به‌قه‌به چاپ بکه‌ن یان هه‌ڵیت و پڵیت بڵێن و ریشی پان دانێن و گاڵته به‌وانی تر بکه‌ن، جگه خۆیان و ده‌روونی خۆیان هیچیان نه‌گوتووه. (نیچه: ئه‌وپه‌ڕی چاکه‌و خراپه). منیش ده‌ڵێم راسته! شاعیریش قه‌ت له‌خۆی تێنه‌په‌ڕاندووه، جا ئه‌و خۆیه کێ بێت؟ یه‌کێک بێت بازنه‌یه‌کی ده‌سه‌ڵات هه‌ڵیمساندبێت؟ یان: ئه‌وینێک ئاگری دابێت و ده‌ردێک پلیشاندبێتیه‌وه‌و زلهێزێک پای نابێت به‌سه‌ریا، یان: گیریکردبێت به‌ده‌ست (ژوزێفین) و «سالوومه» و (ناتالیا)یه‌که‌وه؟ کانت شیعر ده‌به‌سێت به‌جوانییه‌وه‌و سه‌رچاوه‌ی جوانیش به‌سروشت و نه‌زمی سروشت ده‌زانێت، به‌ڵام هه‌ر به‌ته‌نیا لاساییکردنه‌وه‌ی راسته‌وخۆی سروشتیش به‌هونه‌ر نازانێت و باسی نبووغ ده‌کات و داهێنان که پێی وایه هونه‌ر له‌زانین (کارله‌ڕووی زانسته‌وه) جوێ ده‌کاته‌وه، به‌ڵام کاتێک دێته سه‌رپێناسه‌ی نبووغ و داهێنان، ئه‌وه ئیتر داده‌مێنێت: (ده‌توانین هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی (نێوتۆن( له‌به‌رهه‌مه هه‌رمانه‌که‌یدا «بنه‌مای حکمه‌تی سروشت» (اچول حکمت گبیعی) هاوردوویه‌تی به‌باشی فێربین، سه‌رفه‌نه‌زه‌ر له‌وه‌ی چ مێشکێکی گه‌وره پێویست بووه بۆ خوڵقاندن و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و بنه‌مایانه، به‌ڵام ناتوانین شیعرێکی ره‌وان بڵێین، هه‌رچه‌نده‌ش یاسای هونه‌رو ئامۆژگاری شاعیرانی باش و سه‌رکه‌وتوو بخوێنینه‌وه‌و فێری بین 1 دیاره له‌به‌رئه‌وه‌ی نیوتون خۆی ده‌یزانی چی کردووه‌و ده‌شی توانی هه‌رئه‌وشته فێری قوتابیه‌کانی بکات، به‌ڵام شاعیران له‌کاتی خوڵقاندندا بیر له‌فرمۆڵی شیعره‌که‌یان ناکه‌نه‌وه. وه‌ک باسیکرا ئه‌وه به‌کێشه‌ی خۆیان نازانن. ئه‌وه کێشه‌ی کانته که ده‌یه‌وێت بزانێت نبووغ و داهێنان چییه؟ (عین القچاه( ده‌ڵێت ئه‌ی جوامێر! ئه‌م شیعرانه به‌ئاوێنه بزانه ده‌زانی خۆ ئاوێنه خۆی سیمای نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێی بڕوانێت خۆی تیاده‌بینێت، هه‌وه‌ها ئه‌وه بزانه که شیعر له‌خۆیدا بێمانایه، به‌ڵام هه‌رکه‌سه‌و ئه‌وه‌ی لێ تێده‌گات که ڕه‌خنه‌ی رۆژگار‌و که‌ماڵی کاری خۆیه‌تی (ده‌یه‌وێت یان حه‌ز ده‌کات تیا ببینێت)2 ئه‌مه بۆچوونێکه که دواجار دیارده‌ناسانی ئه‌ورووپی له‌هۆسرێله‌وه تا دوایی… سه‌باره‌ت به‌ده‌ق و خوێنه‌ر دایان و ئه‌نجام گرنگی داهێنان له‌نووسه‌رو شاعیره‌وه گوێزرایه‌وه لای خوێنه‌ر. ڕه‌نگه له‌سه‌رده‌می «عین القچاه»دا هه‌ردوو جۆره ئاوێنه (ساف و ژه‌نگدار) هه‌بووبێت و ئه‌و باشی بۆ چووبێت، به‌ڵام ئێستا زانستی درۆ‌و سه‌نعه‌ت فه‌رهه‌نگ ئه‌وه‌ند ئاوێنه‌ی جۆراو جۆریان سازکردووه که ده‌توانن ماست به‌ڕه‌ش و ره‌ش به‌سپی بنوێنن که وایه هه‌روا که شاعیری به‌توانێو له‌شاعیرچوومان زۆره، خوێنه‌ری چالاک و ناخوێنه‌ریشمان زۆره. که‌وایه ده‌بێت ئه‌و گرینگی‌یه‌مان له‌بیرنه‌چێت که شاعیر‌و خوێنه‌ری به‌توانا هه‌ڵبژێرین ئه‌گینا ده‌که‌وینه داوی سه‌نعه‌تفه‌رهه‌نگه‌وه. زمانی سه‌نعه‌ت یانی کارخانه‌ی شێوه‌سازی له‌ڕووی ئه‌وچوارچێوانه‌وه که باوه یان به‌پێی ده‌سه‌ڵاتێک ده‌یانه‌وێت باو بێت. شیعره‌که‌شی یانی شیعری شه‌وچه‌ره بۆ کاتی بێ‌کاری و گه‌مه یانی( سه‌رپۆشێک بۆ سه‌ر دڕندایه‌تی نێوکۆمه‌ڵگاو به‌ئه‌سپایی رۆیشتن به‌لای دڕنده‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی هاشاوڵت بۆنه‌با… . یانی نه‌فیی ئاڵوگۆڕی سوڵته‌و سوپایی دڵنیایی بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌ری له‌عه‌داله‌ت و سه‌ربه‌خۆیی و ئازادیی( شیعری وا، واتا دژایه‌تیکردن له‌گه‌ڵ شیعر- له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی هونه‌رو زمانی ئانارشی هۆنه‌ریی، دژی بینای کۆن؛ بۆ ئه‌وشتانه‌ی که‌نییه، واتا نوقمکردنی ده‌نگی تاکه‌که‌س له‌نێو کۆمه‌ڵداء واتا سازکردنی زه‌وقی گشتیی بۆ په‌ره‌دان به‌سه‌رمایه‌و قازانجی زیاتر واتا سازکردنی (سیستم) له‌لایه‌ن ده‌زگاکانی په‌یوه‌ندی جه‌ماوه‌ره‌وه… واتا ئازادکردنی له‌ش و هێرش بۆسه‌ر ده‌روون 3، به‌ڵام زمانی هونه‌ر به‌پێچه‌وانه (داڵده‌ی تاکه‌که‌س ده‌دات له‌به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵدا. وه‌ک ئادرنۆ ده‌ڵێت: هونه‌ر، (ئپۆزسیون)ی سه‌نعه‌ت فه‌رهه‌نگه: زمانی هونه‌ر واتا زمانی نامۆکردنه‌وه، واتا ده‌رچوون له‌بازنه‌ی زمانی ئه‌وانیتر… واتا تازه‌کردنه‌وه‌ی په‌یتاپه‌تیای ده‌قه‌کان، ماناکان، یان بێماناییه‌کان… واتا زمانی ده‌روونی من به‌هه‌موو جیاوازیه‌کییه‌وه که له‌گه‌له‌ڵ زمانی تۆ هه‌یه‌تی زمانی هونه‌ر وه‌ک کانت ده‌ڵێت واتا زمانی نبووغ. به‌داخه‌وه که‌سیش مانای نبووغ نازانێت!! ڕه‌نگه نبووغ یاریکردنێک بێت به‌سه‌ر پردی سیراته‌وه، خلیسکان به‌هه‌رلایه‌کدا (ده‌یکوژێت) ده‌بێته یاری مه‌رگ! شیعر، به‌رهه‌می ئه‌شقه به‌مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی! هه‌رکات (دال)ه‌کان ی شیعر که‌وتبێتنه تۆڕی مانایه‌که‌وه ئه‌وه‌یان درکاندوه. شیعر دژی یاساکانی موقه‌دده‌سه! بۆ ئه‌وه‌ی شیعر مێژوو به‌مێژووی مرۆڤ نازانێت، مێژوو درۆیه‌کی گه‌وره‌یه، درۆیه‌ک که ده‌یه‌وێت وابنۆێنێت که راسته، به‌ڵام شیعر راستێکه که به‌جلی درۆوه دێته گفتوگۆ‌و ئێستا؟ له جیهانێکی دۆڕاودا ئه‌ژین! له‌سه‌رده‌می مه‌سخی وشه‌به‌نرخه‌کاندا… سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداریی و دیکتاتۆریه‌تی زمانی باوک‌دا: له‌جیهانی زمانی دووهه‌زار رووی ئینته‌رنێت و سیبرنتیکا، ئه‌و وشانه‌ی سه‌رده‌مانێک خه‌ڵکی له‌خه‌و راده‌چڵه‌کاند، ئێستا بوونه‌ته تۆڕ‌و شیعری پێ راوده‌کرێت و خه‌ڵکی پێ گه‌وج ده‌کرێت. سه‌رده‌مانێک که عه‌قڵانییه‌ت و زانستی پوزیتیویسته‌کان، بووه‌ته بۆمبای قه‌ڵه‌و قه‌ڵه‌و و کوشتاری قه‌به‌قه‌به: له (ئاشویتس)ه‌وه تا جینۆساید… …
وشه‌گه‌لی ئازادیی و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و یاسا‌و ئه‌وین، که‌وتوونه‌ته زیندانی سه‌نعه‌ت فه‌رهه‌نگ له‌ته‌له‌فزیۆن و رادیۆ‌و گۆڤاره‌کانی درۆدا… له‌سه‌رده‌می مه‌رگی واقعییته‌کاندا، له‌جیهانی شبهی واقعی و (وانموو(دا جیهانی شاعیر‌و نووسه‌رو هونه‌رمه‌ندسازی له‌شه‌و و رۆژێکدا، جیهانی گه‌وره‌کردنه‌وه‌ی سیمای نێواقعی (له‌شیعرچوو و له‌شاعیر چوو) به‌نێوی شیعر‌و شاعیره‌وه، له‌جیهانی حیزبایه‌تی و شۆڕشگێڕی درۆدا… … شیعری به‌سته‌زمان چی له‌ده‌ست دێت!؟ جگه هه‌ڵاتن و په‌نابردن به‌قووڵایی ده‌روونا، جگه هه‌وڵدان بۆ شکاندنی ئه‌و زمانه کڵێشه ده‌سه‌ڵاتانه، جگه هه‌واڵدان بۆده‌رچوون له‌وبازنه نه‌حسانه، جگه کوشتنی ئه‌و باوکه زمانییه، ئه‌سڵه‌ن کێ ده‌ڵێت شیعر ده‌بێت حه‌تمه‌ن ئه‌رکێکی هه‌بێت… تاکه‌ی له‌کۆڵ شیعر نابنه‌وه؟!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
1- مه‌لای جه‌زیری
2- نالی
++ ئه‌و وتاره له کتێبی (له‌ژێر تیشکی ڕه‌خنه‌دا( بڵاو بۆته‌وه و له وێبلاگه‌که‌شمدا هه‌یه و خوێنه‌رانی به‌رێز ئه‌گه‌ر بیانهه‌وێ ده‌توانن بیخوێننه‌وه؛ http://sozeni.blogspot.com
+++ یک قصه بیش نیست غم عشق و زین عجب… . از هر زبان که می شنوم نامکرراست
+ – «دال»ی شیعر مه‌دلوولی خۆیه‌تی و به‌س
«شوێن ئاسکێکی وه‌حش که‌وتین
ئه‌و کاته‌ی لاو بووین
هه‌زارمان گرت هه‌و نه‌بوون
هه‌ر هیچیشیان
هه‌ویش بوون
هه‌ر هه‌مووشیان… »
«درۆکانی موقه‌دده‌س»
Entry filed under: کۆنه‌بابه‌ت.