هۆمۆسێکسوالیتی و چانسه‌کانی وه‌رگرتنی مافی نیشته‌جێبوون

ئاب 8, 2009 at 01:05

ڕێنێسانس نیوز؛ ستۆکهۆڵم ـ تایبه‌ت: “نیشتمانی باوکم بووه‌ به‌ غوربه‌تی من و نیشتمانی منیش بوو به‌ غوربه‌تی باوکم”، ئه‌و وته‌یه‌ ده‌ره‌نجامی دیارده‌یه‌کی ئاڵۆزی دنیای مۆدێرنه‌ که‌ ئێمه‌ پێی ده‌ڵێین کۆچ، له‌وانه‌یه‌ کۆچ به‌شێکی گه‌وره‌ی رابردووی کورد و به‌شێکی به‌رچاوی چاره‌نووس و داهاتووه‌که‌شی بێ، روویه‌کی دیکه‌ی کۆچ ده‌ره‌نجامی گر‌‌‌ێیه‌ ده‌روونی و هه‌میشه‌ییه‌که‌ی ‌‌ئێمه‌یه‌ که‌ نه‌بوونی (نیشتمان)ێکه‌ به‌ده‌ر له‌ واتا ره‌مزییه‌که‌ی.
ئه‌و به‌رامبه‌رم دانیشتبوو، چاوه‌ ره‌ش و پڕ گومانه‌کانی بڕیبووه‌ قاوه‌که‌ی به‌رده‌می، وه‌ک ئه‌وه‌ی ره‌شیی چاوی و ره‌شیی قاوه‌ و ره‌شی قه‌ده‌ری ‌تێکه‌ڵی یه‌ک بووبن، زه‌وق و برقی رۆژئاوا کاریگه‌ری کردۆته‌ سه‌ری و رێگه‌ی غوربه‌تی گرتۆته‌ به‌ر،  قووڵ مژێکی له‌ سیگاره‌که‌ی دا و شاره‌زووریانه‌ گوتی: “خوا قه‌زا، ده‌ستی ئه‌م بێ ئیقامه‌ییه‌م شکاوه‌، ئه‌گینا چیم داوه‌ له‌م به‌زمه‌”.

 (د) گه‌نجێکی 26 ساڵه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یی‌یه‌، سێ ساڵ ده‌بێ له‌ سوێده‌ و هه‌رچه‌ند دوای هێرشی ئه‌مریکا بۆ ئێراق رووی له‌ ئه‌ورووپا کردووه‌ به‌لام هێندێک دره‌نگتر له‌ سوێد گیرساوه‌ته‌وه ‌و سه‌ره‌تا خۆی به‌ عه‌ره‌بێکی به‌غدایی  ناساندووه‌؛ عه‌ره‌ب بوونه‌که‌ی دادی نه‌داوه‌ و ‌ دوای دوو جار وه‌ڵامی نه‌رێنیی ئیداره‌ی کۆچ، ئێستا مامه‌ڵه‌یه‌کی 15 هه‌زار دۆلاری له‌ گه‌ڵ کچێک کردووه‌ که‌ بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ ده‌بنه‌ هاوسه‌ر  و پاشان له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ئیقامه‌ی هه‌میشه‌یی وه‌رده‌گرێ، ئه‌و بۆی گێرامه‌وه‌ که‌: “هه‌موو (ئه‌ورووپا) گه‌ڕاوم، ماوه‌یه‌ک له‌ یۆنان خه‌ریکی ‌حه‌واڵه‌ و قاچاخچێتی بووم، پاشان له‌ نه‌رویج مانگێک گیرام، له‌ ته‌ک پۆلیسا شه‌ڕم کرد و ده‌ستێکم شکا”. بۆ وه‌رگرتنی ئیقامه‌ش له‌و رێگه‌یه‌وه‌ که‌ پلانی بۆ دارشتووه‌ به‌ وته‌ی خۆی “ئه‌بێ حه‌وت خانی رۆسته‌م ته‌ی کا”. وه‌ک ئه‌و ڕوونی کرده‌وه‌، ده‌بێ بگه‌رێته‌وه‌ ولاتێکی رۆژهه‌لاتی نێوه‌راست که‌ سه‌فاره‌تی سوێدی لێ بێ و جارێکی دیکه‌ وێنه‌ی سیزیف به‌رده‌که‌ به‌ره‌و لوتکه‌ پاڵ پێوه‌ بنێته‌وه‌.

رێگه‌یه‌کی دیکه‌ که‌ زۆرجار، به‌ له‌به‌ر چاوگرتنی به‌ها و نۆرمه‌ دینی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وه‌ک ریسکێکی گه‌وره‌ دێته‌ ئه‌ژمار، په‌نابردنه‌ بۆ هۆمۆسێکسوالیتی [هاوجنسخوازی] و به‌کارهێنانیه‌تی وه‌ک دواهه‌مین تیری به‌ده‌ستهێنانی مافی نیشته‌جێبوون.

(ئا) و (ب) دوو کوڕه‌گه‌نجی کوردن که‌ ئه‌و ڕێگه‌یان تاقیکردۆته‌وه‌. ئه‌وان خۆیان به‌ هۆمۆسێکسوێل ناونووس کردووه‌. (ئا) مافی نیشته‌جێبوونی هه‌یه‌ و (ب)ی کردووه‌ به‌ هاوژیانی خۆی تا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ مافی نیشته‌جێبوونی بۆ ده‌سته‌به‌ر بکا. به‌هۆی هه‌ستیاریی بابه‌ته‌که‌، هیچکام له‌و دوو لاوه‌ کورده‌ ئاماده‌ نه‌بوون له‌گه‌ڵمان بدوێن، به‌ڵام هاورێیه‌کی نزیک له‌وان له‌ په‌یوه‌ندیه‌کی ته‌له‌فۆنیدا پێی راگه‌یاندین که‌ دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ک (ئا) و (ب) پێکه‌وه‌ ژیان، سه‌ره‌نجام ئیداره‌ی کۆچ وه‌لامی نه‌رێنی پێدانه‌وه‌ و ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ش که‌ به‌ بڕێک پاره‌ رێکه‌وتنی له‌ سه‌ر کرابوو، کێشه‌ی خسته‌ نێوان (ئا) و (ب)وه‌.

وه‌ک هاوڕێکه‌ی ئه‌و دوو که‌سه‌ به‌ ڕێنێسانسی گوت: “بۆ سه‌رگرتنی ئه‌و مامه‌ڵه‌یه (ب) ‌ پێشه‌کی نیوه‌ی پاره‌که‌ی دابوو  به‌ (ئا)، که‌ دوای سه‌رنه‌گرتنی مامه‌ڵه‌که‌‌ش داوای پاره‌که‌ی ده‌کاته‌وه‌.” سه‌رچاوه‌که‌ به‌ ده‌ربرینێک ئاماژه‌ی به‌و هه‌ره‌شه‌ کولتووری و نه‌ریتییانه‌ کرد که‌ وه‌ک شه‌ڕێکی ده‌روونی بۆیان پێکهاتووه‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵ ده‌ده‌ن پێش به‌ ئاشکرابوونی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بگرن و که‌س تا کاریان لێی ئاگادار نه‌بن، ئه‌مه‌ش کێشه‌ی ئه‌و دوو که‌سه‌ی ئاڵۆزتر کردووه‌.

مافی په‌نابه‌ری به‌ چالاکانی سیاسیش ڕه‌وا نابینن

(ق) کوردێکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌ که نۆزده‌ مانگ ده‌بێ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و کوره‌ سێ ساڵه‌که‌ی رووی کردۆته‌ سوێد و تا ئێستا مافی نیشته‌جێبوونی پێ ڕه‌وا نه‌بینراوه‌. ئه‌و هه‌موو عومری گه‌نجیی خۆی له‌ نێو حیزبێکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا به‌سه‌ر بردووه‌ و پاش قه‌یران و لێکدابرانه‌کانی ئه‌و دواییانه‌ی حیزبه‌کان، له‌ خه‌بات نائومێد و به‌ ئومێدی دابینکردنی داهاتوویه‌کی باشتر بۆ بنه‌ماڵه‌که‌ی، جانتای سه‌فه‌ری کردۆته‌ شان و پشتی کردۆته‌ رابردووی خۆی.

ئه‌و به‌ ده‌نگێکی پڕ له‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ قسه‌ی بۆ ده‌کردم و نائومێدی به‌ ڕوخسارییه‌وه‌ دیار بوو. جار جار هه‌رایه‌کی کوره‌که‌ی ده‌کرد نه‌کا زۆر لێی دوور بکه‌وێته‌وه‌، ده‌یگووت: “نازانم بۆ ره‌دیان کردمه‌وه‌، ئه‌من کادر بووم و هه‌موو به‌ڵگه‌کانیشم پێ بوو، باوه‌ڕ بکه‌ ئه‌گه‌ر شانس نه‌یکرد، لێره‌ش نایکا”.

 ئێستا (ق) چاوه‌رێی چاوپێکه‌وتنی  دووهه‌مه‌ و له‌ که‌مپێکی په‌نابه‌ریدا نیشته‌جێیه‌؛ زۆر جار حه‌سره‌ت بۆ رابردوو ده‌خوا.

 جێگه‌ی وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه‌ که‌ رۆژ له‌ دوای ڕۆژ یاساکانی وه‌رگرتنی په‌نابه‌ری له‌ وڵاتانی رۆژئاوا قورستر و ئاڵۆزتر ده‌بن و  یه‌کیه‌تی ئه‌ورووپاش، بۆ پاراستنی وڵاته‌کانی له‌ هێرشی تیرۆریستی و  مه‌ترسی و هه‌ره‌شه‌ و گرفته‌ سیاسی و ئابووری …یه‌کان، مه‌رجه‌کانی وه‌رگرتنی په‌نابه‌ران قورستر ده‌کا و له‌ به‌رامبه‌ریشدا کۆچ له‌ کوردستانه‌وه‌ بۆ رۆژئاوا به‌رده‌وامه‌.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

تێبینی: به‌ ئامانجی پاراستنی که‌سایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌شداربووه‌کان، (پیت)ێكی خوازراو له‌ جێی ناوه‌کان دانراوه‌.

Advertisements

Entry filed under: کۆنه‌بابه‌ت.

ده‌میرتاش؛ ئه‌ستێره‌ کورده‌که‌ى سینه‌ماى جیهان ڕه‌زاله‌تی که‌هریزه‌ک


ئه‌رشیڤ

ئاب 2009
د س W پ ه ش ی
« تەموز   ئیلول »
 12
3456789
10111213141516
17181920212223
24252627282930
31  

سه‌رژمێریی میوان

  • 38,484 میوان سه‌ردانیان کردووم

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: