“ڕیگای سه‌وزی هیوا” له‌به‌رده‌م ترس و چاوه‌روانییه‌کان دا

ئاب 17, 2009 at 20:02

ڕێنێسانس نیوز؛ ناوه‌ندی هه‌واڵ و سیاسه‌ت: له‌ چه‌ند رۆژی رابردووه‌وه‌ هه‌واڵده‌رییه‌کان باس له‌ سه‌رهه‌ڵدانی رێکخراوێکی نوێ به‌ ناوی “رێگای سه‌وزی هیوا” ده‌که‌ن. ئه‌م رێکخراوه‌ که‌ له‌ نه‌وعی خۆی له‌ ئێراندا دیارده‌یه‌کی تازه‌یه‌ و له‌ رایڵکه‌یه‌کی  کۆمه‌ڵایه‌تی پێک دێت که‌ تێده‌کۆشێ داخوازییه‌کانی خه‌ڵک له‌ پێناو دابینکردنی مافه‌کانی میلله‌ت دا که‌ به‌ وته‌ی به‌رپرسانی رێکخراوه‌که‌ له‌ رێگای جێبه‌جێکردنی ته‌واوی قانوونی ئه‌ساسیی وڵاته‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌بن، بباته‌ پێش. 

عه‌لیره‌زا به‌هه‌شتی، راوێژکاری به‌رزی موهه‌ندیس میر حوسێن موسه‌وی له‌و پێوه‌ندییه‌دا به‌ هه‌واڵده‌ریی کاری ئێران (ئیلنا)ی راگه‌یاند که‌ شۆرای ناوه‌ندی ئه‌م رێکخراوه‌ له‌ 5 یا 6 که‌س پێک دێت و شۆرایه‌کی راوێژکاریشی ده‌بێت که‌ خۆی له‌ 30 تا 40 که‌س ده‌دا. ناوبراو هه‌روه‌ها ده‌ڵێ که‌ بۆ ئه‌م رێکخراوه ئامانجێکی کورتخایه‌ن له‌ به‌رچاو گیراوه‌ که‌ به‌م زووانه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا به‌ ئاگادرای هه‌مووان ده‌گا.

رێکخراوی  رێگای سه‌وزی  هیوا پیش مه‌رجه‌کانی وه‌رگرتنی ئه‌ندامی  هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ دیاری کردووه‌. عه‌لیره‌زا به‌هه‌شتی له‌م‌ باره‌وه‌ به‌ ئیلنای گوت: “هه‌ر که‌سێک که‌ شوناسی ئێرانی – ئیسلامی وه‌ک سه‌رمایه‌یه‌ک چاو لێ بکا، هه‌ر که‌سێک که‌ بڕوای به‌وه‌ هه‌بێ که‌  پرسی شۆڕشی ئێران نیشانه‌ی خواستی خه‌ڵکی ئێمه‌ بووه‌ یان پابه‌ندبوون به‌ قانوونی ئه‌ساسی وه‌ک پره‌نسیپێک چاو لێبکا، ده‌توانێ به‌شێک بێت له‌م رێکخراوه‌.”

رێگای سه‌وزی  هیوا به‌ وته‌ی راویژکاری موسه‌وی “هه‌وڵ ده‌دا وه‌ک چاودێرێک به‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تدا کار بکا”. ناوبراو له‌ شه‌رحی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا ده‌ڵێ که‌ “کۆمه‌ڵه‌ کومیته‌یه‌ک له‌ نێو ئه‌م رێکخراوه‌دا چالاک ده‌بن و‌ له‌ رێگای چاودێریکردن به‌ سه‌ر کارو کرده‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و شه‌نوکه‌وکردنی سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ر له‌ چۆنییه‌تی جیبه‌جێکردنیان ئاگادار ده‌که‌نه‌وه”.

رێکخراوه‌که‌‌ بۆ ده‌رچوون له‌ ژێر باری زه‌حمه‌تیی تۆمارکردنی خۆێ و بڕینی رێگا ئه‌سته‌مه‌ قانوونییه‌کان، واز له‌ نووسینی پیڕه‌وی نێوخۆ ده‌هێنێ و به‌م شێوه‌ به‌ وته‌ی عه‌لیره‌زا به‌هه‌شتی “پێویست به‌وه‌ ناکا به‌ شێوه‌ی ره‌سمی تۆمار بکرێ.” له‌ به‌رانبه‌ردا خه‌ته‌ گشتییه‌کانی خۆی داده‌ڕێژێ که‌ ده‌توانێ پێوه‌ندی ئۆرگانیکی نیوان به‌شه‌ جیاوازه‌کانی ئه‌م رێکخراوه‌ دیاری بکا. 

دژکرده‌وه‌کان 

“رێگای سه‌وزی  هیوا، قۆناغێکی  تازه‌یه‌ له‌ کودیتای  ئامریکایی.” ئه‌مه‌ دژکرده‌وه‌ی حوسێن شه‌ریعه‌تمه‌داری، سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی (که‌یهان)ی تارانه‌ که‌ به‌ توندئاژووترین رۆژنامه‌نووسی دژ به‌ به‌ره‌ی ئیسڵاحات ناسراوه‌.  هه‌ر له‌ درێژه‌ی ئه‌م دژکرده‌وه‌یه‌دا حه‌مید ره‌زا فولادگه‌ر، نوینه‌ری ئیسفه‌هان له‌ مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامیدا به‌ هه‌واڵده‌ری فارسی راگه‌یاند “ئه‌گه‌ر ئاغای موسه‌وی پێ له‌ سه‌ر وته‌ نایاساییه‌کانی خۆی، له‌ بابه‌ت نامه‌شرووعبوونی ده‌وڵه‌تی ده‌یه‌مه‌وه‌ دابگرێ، قانوون رێگای جالاکبوونی پێ نادا.”   ناوبراو له‌ دریژه‌ه‌دا ده‌ڵێ “ئه‌گه‌ر ئه‌م  رێکخراوه‌ قه‌راره‌ وه‌ک حیزبێک چالاک بێ ده‌بێ په‌روانه‌ی کار له‌ کومیسیونی ماده‌ی 10ی ئه‌حزاب وه‌ر بگرێ. ئه‌گه‌ریش ده‌یه‌وێ به‌ره‌یه‌کی سیاسی پێک بهێنێ، دیسان ده‌بێ ئه‌ندامه‌کانی له‌ جوارچێوه‌ی قانووندا هه‌ڵ بژیرێ. “

عیزه‌توڵا سه‌حابی، سه‌رۆکی شۆرای هه‌ڵسووڕاوانی میللی- مه‌زهه‌بی پێێوایه‌ که‌ “قانوونی ئه‌ساسی ئێران سه‌رباری هه‌ندێک که‌موکووڕی، ئه‌وه‌نده‌ی زه‌رفییه‌ت تێدایه‌ که‌ بکرێ که‌لکی لێ وه‌ربگیرێ”. ئه‌مه‌ له‌ حالێکدایه‌ که‌ رۆژێک دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی سه‌رپێکه‌وتنی ئه‌و ریکخستنه‌، نوینه‌رێکی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی له‌ کومیسیونی ئه‌حزابدا وشیاریی دا که‌ “ئه‌گه‌ر هه‌ر حیزبێکی سیاسی له‌گه‌ل ریکخستنی له‌م چه‌شنه‌دا هاواکاری بکا، ئیجازه‌ی کارکردنی لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه‌. “

میرحوسێن موسه‌وی له‌ رێگای وه‌گه‌رخستنی ئه‌و رێکخسته‌نه‌وه‌ له‌ راستیدا ده‌وڵه‌ت و مه‌جلیسی له‌ به‌رانبه‌ر دۆخیکی ناهه‌مواردا داناوه‌. له‌ لایه‌که‌وه‌ زه‌حمه‌ته‌ بوونی رێکخستنیکی له‌و چه‌شنه،‌ که‌ له‌ پێناو ریکخستنی جه‌ماوه‌ریدا پێک هاتووه‌، ته‌حه‌مول بکرێ و له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ هه‌وڵدان بۆ به‌ربه‌ستکردنی ئه‌م رێکخراوه‌ به‌ وته‌ی سادق زیبا که‌لام “کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران به‌ره‌و رادیکالیزم و ئانارشیزم ده‌با”. 

زیبا که‌لام، کۆمه‌ڵناس و مامۆستای زانکۆ بڕوای وایه‌ که‌ “عه‌قڵی سه‌لیم و داهاتووی حکومه‌تی ئیسلامی ده‌خوازێ که‌ رێگای یاسایی بۆ چالاکبوونی ئه‌م رێکخستنه‌ ئاوه‌ڵه‌ بێت. ئه‌و سیزه‌ده‌ میلیونه‌ ده‌بێ خاوه‌ن پلاتفۆرمی خۆیان بن.  ئه‌گه‌ر حکومه‌ت به‌ هه‌ر هۆیه‌ک رێگا له‌و حه‌شیمه‌ته‌ بگرێ و نه‌هێڵێ که‌ ئه‌مانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی قانوون و به‌ شێوه‌ی ئاشکرا چالاک بن، ئه‌وا تووشی هه‌ڵه‌ و به‌لارێداچوون بووه‌. چونکه‌ ئه‌مه‌ ئه‌و سیزده‌ ملیونه‌ تووشی دڵساردی و ناهومیدی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کا  و ره‌نگه‌ که‌مینه‌یه‌ک له‌وان به‌ره‌و کاری ئه‌نارشیزمانه‌ و رادیکاڵانه‌ ببا. که‌وابوو حکومه‌ت ده‌بێ رێگا به‌ “رێگای سه‌وزی هیوا” بدا تا چالاک بێت.” ناوبراو هه‌روه‌ها ده‌ڵێ “ئه‌گه‌ر ئێمه‌ وای دابێنین که‌ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد 24 ملیون ده‌نگی هێناوه‌ته‌وه‌، دیسانه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌رپرسان پێیان وابێ که‌ مادام 24 ملیون ده‌نگ له‌ ئارادایه‌، چیدی پیوسیت به‌وه‌ ناکا که‌ گوی له‌و 13 ملیون که‌سه‌ بگرین که‌ ده‌نگیان به‌ موسه‌وی داوه‌. “

ڕیگای سه‌وزی هیوا، رێبازی هه‌موان نییه‌ 

له‌ به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامیشدا دژکرده‌وه‌ به‌رانبه‌ر به‌ سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م ریێکخستنه‌ تازه‌یه‌ له‌ ئارادایه‌. ماڵپه‌ڕی فارسی زمانی ” اخبار روز” له‌ وتارێکدا که‌ رۆژی سێشه‌مه‌ 18 ئۆگوست بڵاوی کردۆته‌وه‌، روانینی خۆی له‌م باره‌وه‌ ده‌ربڕیوه‌. له‌ به‌شێک له‌م وتاره‌دا هاتووه‌” یه‌که‌م پرسیار له‌م باره‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئاخۆ ئه‌م به‌ره‌یه‌ ده‌یه‌وێ به‌ره‌یه‌کی وافر بێت که‌ سه‌رجه‌می هێزه‌ به‌شداربووه‌کانی نێو بزووتنه‌وه‌که‌ رێبه‌ری بکا یان ته‌یفێکی تایبه‌ت له‌م هیزانه‌ له‌ خۆ ده‌گرێ؟

له‌م وتاره‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ که‌ “سه‌رباری بزووتنه‌وه‌ی سه‌وزی میرحوسێن موسه‌وی که‌ هه‌وڵ ده‌دا له‌ چوارچێوه‌ی قانوونی گشتی وڵاتدا کار بکا، بزووتنه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ش له‌ مه‌یدان دایه‌ که‌ سه‌کۆلاره‌ و پێ له‌ سه‌ر جیایی دین وده‌وڵه‌ت داده‌گرێ.”  به‌ پێی روانینی نوسه‌ری وتاره‌که‌‌ “هیچکام له‌و دوو بزووتنه‌وانه‌ ناچنه‌ ژێر رکیفی ئه‌وی دیکه‌، که‌وابوو ده‌بێ له‌ سه‌ر ئامانجێکی هاوبه‌ش که‌ هه‌ردوو بزووتنه‌وه‌که‌ بتوانن له‌سه‌ری به‌ ئاکام بگه‌ن قسه‌ بکرێ که‌ ئه‌ویش به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێکی ئازاده‌ تا له‌وێیدا خه‌ڵک رژیمی سیاسی دڵخوازی خۆی هه‌ڵبژێرێ.” ده‌ستنیشانیشی ده‌کا که‌ “ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌بێ له‌ ژێر چاو‌دێری بنیاته‌ حقووقی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا به‌ڕێوه‌ بچێ. له‌ حاڵێکی وادایه‌ که‌ هه‌ر گرووپ و باڵێکی سیاسی ده‌توانێ به‌ شێوه‌یه‌کی دیموکراتیک بکه‌وێته‌ رکه‌به‌ری و شوێن ئامانجه‌کانی خۆی بکه‌وێ. له‌ دۆخێكی له‌م چه‌شنه‌دا هاوخه‌باتی له‌ دژی ئیستبدادی فه‌رمانڕه‌وا زه‌ربه‌ نابینێ. “

Advertisements

Entry filed under: کۆنه‌بابه‌ت.

شه‌هیدی شه‌ڕی راسته‌قینه‌ یان شه‌ڕی نه‌خوازراو؛ خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ شه‌هیدبوونی پۆلێک پێشمه‌رگه‌ وتووێژی تایبه‌تی ڕێنێسانس له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و ڕۆشنبیر “سیروان عه‌بدول”


ئه‌رشیڤ

ئاب 2009
د س W پ ه ش ی
« تەموز   ئیلول »
 12
3456789
10111213141516
17181920212223
24252627282930
31  

سه‌رژمێریی میوان

  • 38,451 میوان سه‌ردانیان کردووم

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: