ڕامانێک له‌ سه‌ر شه‌هیدبوونی 11 پێشمه‌رگه‌ی کوردستان

ئاب 20, 2009 at 17:46 1 comment

Eyazئه‌یاز خوون سیاوه‌شان
1_ له‌ حه‌وتووی رابردوودا، هه‌واڵی شه‌هید بوونی 11 پێشمه‌رگه‌ی سێ حیزبی حدکا، حدک و کومه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان له‌ مێدیاکاندا بڵاو بوویه‌وه‌. ڕواڵه‌ت و فورمی هه‌واڵی له‌نێوچوونی پۆلێک پێشمه‌رگه‌‌، ئه‌ویش له‌ سه‌رده‌می پڕ ئاژاوه‌ و پڕ قه‌یرانی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورددا، ڕه‌نگه‌ وه‌ک هه‌واڵێکی ڕووتینی و وه‌ک ڕووداوێکی ساده‌ و ساکار سه‌یر بکرێت و نه‌توانێ هه‌ڵگری بنه‌ما و فاکته‌ره‌ جیدیه‌کانی پێداچوونه‌وه‌ و نۆژه‌ن کردنه‌وه‌ی ئیستراتیژی و تاکتیکی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ چاوی واقیعبینانه‌‌وه‌ سه‌یری ڕووداوه‌کان بکه‌ین و چاویلکه‌ی ده‌مارگرژی و خۆ فریودان له‌ چاومان بسڕینه‌وه‌  و هه‌ل و مه‌رجی واقیعی ئێستای کوردستان  به‌شێوه‌یه‌کی عیلمی و متدیک شرۆڤه‌ و ته‌فسیر بکه‌ین، نه‌ ته‌نیا ڕووداوێکی ساده‌ و ساکار نییه‌ به‌ڵکوو تراژیدییه‌کی مه‌زنه‌ که‌ سه‌رتاپای بزووتنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی گرتۆته‌ خۆ. تراژیدیه‌ک که‌ ئه‌گه‌ر نه‌بێته‌ پرۆژه‌یه‌ک و هه‌موو چه‌مک و ڕه‌هه‌نده‌کانی نه‌خرێته‌ به‌ر ڕاڤه‌ و تأویله‌وه‌ و خه‌ساره‌کانی پێناسه‌ نه‌کرێن، به‌ره‌و هه‌ڵدێرێکی مه‌زن تر و به‌رین ترمان ده‌بات.

2_ له‌ سه‌ده‌ی 21 دا، سه‌ده‌ی سه‌ته‌لایت و موبایل و ئینته‌رنه‌تدا، سه‌ده‌ی بچووک بوونه‌وه‌ی جوگرافیای جیهان بۆ پانتایی ژوورێک، سه‌ده‌ی بزووتنه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نیه‌کاندا، پۆلێک پێشمه‌رگه‌، پۆلێک لاوی ئه‌مه‌گناس، پۆلێک  دڵی پڕ له‌ خوزگه‌ و پۆلێک ئه‌ندێشه‌ی پڕ له‌ شه‌هوه‌تی ژیان، به‌ سه‌بک و شێوازی ده‌یه‌ی 60ی هه‌تاوی به‌ڵام خه‌مناکتر، بێ به‌زه‌یانه‌تر و خۆفناک تر، شه‌هید ده‌بن. شه‌هاده‌تێک که‌ درێژکراوه‌ی هه‌مان خه‌ون و هه‌مان تراژیدیا و هه‌مان چاره‌نووسه‌. چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یه‌کی بێزراو، له‌عنه‌ت لێکراو، به‌ڵای جیهاد لێدراو، دووپات بکه‌نه‌وه‌. نه‌ته‌وه‌یه‌ک، سه‌رتاپا خه‌مڵیوه‌ له‌ خوێن، سه‌رتاپا گه‌وزاوه‌ له‌ خوێن، سه‌رتاپا ڕۆچووه‌ به‌ ناو ده‌مار و گلوبووله‌کانی خوێندا. پۆلێک پێشمه‌رگه‌ شه‌هید ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مان داستان و هه‌مان چاره‌نووس و هه‌مان تراژیدی نه‌ته‌وه‌یه‌ک دووپات و هه‌زار پات بکه‌نه‌وه‌ که‌: دره‌ختی ئازادی به‌ خوێن ئاو ده‌درێ!

3_ له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا نزیکه‌ی 20 ساڵ شه‌ڕی چه‌کداریمان کرد. 20 ساڵ حه‌ماسه‌مان خولقاند، 20 ساڵ هه‌زاران داستانی پڕ له‌ شانازیمان بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان تۆمار کرد، 20 ساڵ له‌ جه‌رگه ‌و گوڕه‌پانی شه‌ڕدا بووین، شه‌ڕ! به‌ هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانیه‌وه‌، به‌ فرمێسک و ئاواره‌گی و ده‌ربه‌ده‌رییه‌وه‌، به‌ تراژیدی و خوێنیه‌وه‌، به‌ مردن و ژیانیه‌وه‌، به‌ خۆکوشتن و براکوژییه‌وه‌! به‌ تومارکردنی کولتووری ده‌مارگرژی و ئه‌ده‌بیاتی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌وه‌. 20 ساڵ بووین به‌ سووته‌مه‌نی و به‌ خوراک و به‌ هه‌وێنی شه‌ڕه‌وه‌. هه‌زاران دایک به‌رگی ڕه‌شیان پۆشی، هه‌زاران دڵ له‌ لێدان که‌وت، هه‌زاران باخچه‌ و چۆم و کانیمان به‌ خوێنی خۆمان ڕه‌نگین کرد. هه‌زاران ماڵ کاول کران ، هه‌زاران پرد ڕووخان هه‌زاران بنه‌ماڵه‌ ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ر بوون، هه‌زاران ئینسان که‌مئه‌ندام بوون. به‌ڵام ئایا رۆژی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه ڕاشکاوانه‌ ئه‌و پرسیاره‌ ئاراسته‌ی ویژدانی خۆمان و باره‌گای نه‌ته‌وه‌که‌مان و لاپه‌ڕه‌کانی مێژوو بکه‌ین که‌ به‌ ڕاستی‌ کوا ده‌سکه‌وته‌کانمان؟!

4_ ئه‌وه‌ی که‌ شه‌ڕ به‌ سه‌رماندا سه‌پا!، قه‌بووڵ. ئه‌وه‌ی که‌ وڵات که‌وته‌ ده‌ست گرووپێکی بناژۆخوازی ئیدئۆلۆگه‌وه‌، قه‌بووڵ. ئه‌وه‌ی که‌ شاڵاوی جیهاد هه‌ره‌سی به‌ خه‌ونه‌کانمان هێنا‌، قه‌بووڵ. ئه‌وه‌ی که‌ دوژمن هه‌موو ناوه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵاتی قورغ کرد و زۆربه‌ی پرینسیپه‌ ئه‌خلاقی و مرۆییه‌کانی سڕیه‌وه‌، قه‌بووڵ. ئه‌وه‌ی که‌ جینووسایدی  کولتووری، میژوویی و ئینسانی کراین، قه‌بووڵ. ئه‌وه‌ی که‌ هه‌تکی حورمه‌ت کراین، به‌ قاتڵ و ڕێگر و جه‌رده‌ ناسێنراین، قه‌بووڵ. ئه‌وه‌ی که‌ نووسه‌ر و ڕووناکبیر و هو‌نه‌رمه‌ندمان خرایه‌ سیاچاڵی تاریکتر له‌ مه‌رگه‌وه‌، قه‌بووڵ. ئه‌وه‌ی  که‌ ڕێبه‌رانمان چ له‌ مه‌یدانی شه‌ڕ و چ له‌ سه‌ر مێزی وتووێژدا ناجوامێرانه‌ شه‌هیدکران، قه‌بووڵ. ئه‌وه‌ی که‌ پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی دوژمن داخراوتر و تاریکتر له‌وه‌ بوو که‌ به‌ شێوه‌ی مه‌ده‌نی و ریفورم بچووکترین ئاڵوگۆڕی به‌ سه‌ردا بێت، قه‌بوول. به‌ڵام دووباره‌ ده‌پرسمه‌وه‌ که‌ ئایا شه‌ڕ ته‌نیا ڕێگه‌ بوو؟ ئایا به‌ چاوێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه‌ ڕابردوو و مێژووی شه‌ڕی چه‌کداریمان ڕاڤه‌ و شرۆڤه‌ کردووه‌؟ ئایا لایه‌نه‌ پۆزیتیڤ و نیگاتیڤه‌کانیمان دیاری کردووه‌؟ ئایا توانیومانه‌ له‌ هه‌موو زه‌رفیه‌ت و میکانیزمه‌کان بۆ عه‌قڵانیزه‌ کردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان که‌ڵک وه‌ربگرین؟ ئایا ئاڵوگۆڕه‌ جیدیه‌کانی کۆمه‌ڵگا و ناوچه‌ و جیهانمان ده‌رک کردووه‌ و له‌ باری تئۆری و کرده‌وه‌دا خۆمان نۆژه‌ن و (ئادابته‌‌) کردۆته‌وه‌؟

با دایبنین  فاکته‌ره‌ ئیحساسی و ته‌نانه‌ت هه‌نده‌سیه‌کانیش، ڕه‌وایی و مه‌شرووعیه‌تی شه‌ڕمان بۆ پشتڕاست بکه‌نه‌وه‌، که‌چی دووباره‌ ناتوانین له‌ ژێر قورسایی و هه‌یبه‌تی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌رباز بین که‌ به‌ ڕاستی کوا ده‌سکه‌وتمان؟

5_ ناردنه‌وه‌ی تیمی پێشمه‌رگه‌ له‌ لایه‌ن حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کودستانه‌وه‌ بۆ ناوخۆی وڵات و بۆ ناو دڵی جه‌ماوه‌ر (چ بۆ کاری ته‌شکیلاتی و چ بۆ شه‌ڕ و …) ڕه‌نگه‌ پاساوێک بێت بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و ره‌خنانه‌ی له‌ به‌ لێشاو به‌ هۆی پاسیڤبوون، ئۆردووگانشینی، لێکدابران و ئینشعاب و هه‌روه‌ها دوورکه‌وتنه‌وه‌ و دابڕان له‌ جه‌ماوه‌ر، له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌، ئاراسته‌یان ده‌کرێ، بێت.

هه‌وڵدان بۆ ده‌ربازبوون له‌ قه‌یرانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ و دۆزینه‌وه‌ی ڕێکار و مکانیزمی ئوسوولی بۆ ده‌رچوون له‌و بازنه‌ به‌رته‌سک و نه‌خوازراوه‌، مافی سروشتی حیزبه‌ ڕه‌سه‌نه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌. به‌ڵام به‌ که‌ڵکوه‌رگرتن له‌ هه‌مان میکانیزمی کون و کلاسیک، به‌ که‌ڵکوه‌رگرتن له‌ هه‌مان که‌ره‌سه‌ و ئامرازی سواوی ده‌یه‌ی 60ی هه‌تاوی، جگه‌ له‌ که‌مته‌رخه‌می و ده‌رک نه‌کردنی ڕۆح و جه‌وهه‌ره‌ی قه‌یران، چ په‌یامێک ئاراسته‌ ده‌کا؟

ڕه‌نگه‌  زۆر که‌س به‌ هۆی هه‌ل و مورجی ئه‌و کاتی ئێران و کوردستان، کۆمه‌ڵێک پارادایم و کۆمه‌ڵێک فاکت بۆ شه‌ڕی چه‌کداری پێناسه‌ بکه‌ن و به‌ شێوه‌یه‌ک ڕه‌وایی و مه‌شرووعیه‌تی پێ بده‌ن. به‌ڵام ده‌بێ بزانین که‌ هه‌ل و مه‌رجی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و…. له‌ ئێران و کوردستان ئاڵووگۆڕی بنه‌ڕه‌تی و قووڵی به‌ سه‌ردا هاتووه‌ و له‌ ڕاستیدا پێکهاته‌ی هه‌موو کۆمه‌ڵگا هه‌ڵته‌کێنراوه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات به‌ میکانیزمی مودێرن و به‌ که‌ره‌سه‌ و ئامرازی ئه‌مڕۆژییه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ پێکهاته‌ی خه‌بات رووبه‌روو نه‌بنه‌وه‌، پانتایی تراژیدی و ئاقاری خه‌ساره‌کان به‌رینتر ده‌بێته‌وه‌.

 

Advertisements

Entry filed under: کۆنه‌بابه‌ت.

نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ لیستی گۆڕان دێته‌ ده‌رێ مێزگرد‌‌: رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست؛ قه‌یران و هه‌وڵی ڕزگاربوون (به‌شداری ئه‌مجاره‌ ـ ڕزگار ئه‌مین نه‌ژاد)

1 لێدوان

  • 1. beshwen  |  ئاب 29, 2009 له‌ 16:18

    kaka ayaz gyan brek la basakant qabol dakam balam awat pe dalem ka shwenakat xosha haqet pe dadam awaha awanda be xam bochon dar bbri to har aw ayazai mariwani ka manai azadio barxodanet nadazani…….


ئه‌رشیڤ

ئاب 2009
د س W پ ه ش ی
« تەموز   ئیلول »
 12
3456789
10111213141516
17181920212223
24252627282930
31  

سه‌رژمێریی میوان

  • 38,451 میوان سه‌ردانیان کردووم

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: