“ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی” تورکیا چرای سه‌وزی بۆ ئه‌ردۆگان هه‌ڵکرد

ئاب 22, 2009 at 11:26

ئه‌رته‌ش: با پڕۆسه‌که‌ درێژه‌ی هه‌بێ
ڕێنێسانس نیوز؛  ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی تورکیا، که‌ ساڵی 1933 له‌پێناو پاراستنی بنه‌ماکانی کۆماردا دامه‌زراوه‌ و بێجگه‌ له‌ ڕێبه‌رانی سیڤیل ژێنه‌ڕاڵه‌ هه‌رێ پایه‌به‌رزه‌کانی سوپاش له‌خۆ ده‌گرێ، ڕازیبوونی خۆی ڕاگه‌یاند به‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ که‌ حکوومه‌ته‌که‌ی ئه‌ردۆگان له‌پێناو چاره‌سه‌ریی پرسی کورددا ده‌ستی پێکردووه‌.
دوای کۆبوونه‌وه‌یه‌کی حه‌وت کاتژمێری، که‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تیی عه‌بدوڵا گوڵ له‌ کۆشکی سه‌رکۆماریی تورکیا به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی تورکیا ڕایگه‌یاند: “زانیاریی پێویست دراوه‌ به‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن له‌ بابه‌ت ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ که‌ له‌ژێر چاودێریی وه‌زیری ناوخۆدا وه‌ڕێخراوه‌، بۆ پاراستنی یه‌کڕیزی و یه‌کیه‌تیی خاک و میلله‌تی تورکیا، هه‌روه‌ها له‌پێناو ده‌سته‌به‌رکردنی ئاشتی، ئارامی و ژیانێکی باشتر بۆ خه‌ڵک.” ڕاشیگه‌یاند: “به‌ باشی ده‌زانین که‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ که‌ له‌ژێر چاودێریی وه‌زیری ناوخۆدا ده‌ستیان پێکردووه‌، درێژه‌یان هه‌بێ، له‌پێناو ده‌سته‌به‌رکردنی ئاشتی و ژیانێکی باشتردا بۆ کۆمه‌ڵگه.”

ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی تورکیا،  که‌ له‌ ساڵی 1933دا و له‌پێناو پاراستنی بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی کۆماری تورکیادا دامه‌زراوه‌، بێجگه‌ له‌ سه‌ر کۆمار و سه‌رۆکوه‌زیران، له‌ سه‌رۆک ئه‌رکانی ئه‌رته‌ش، سه‌رۆکی هێزه‌ ده‌ریایی، زه‌وینی و هه‌واییه‌کانی ئه‌رته‌ش و ژماره‌یه‌کی زۆر ژێنه‌ڕاڵی پایه‌به‌رز پێکهاتووه‌.

ئه‌و پشتیوانییه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی تورکیا له‌ کاتێکدا دێت که‌ ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌و وڵاته‌ و به‌ تایبه‌تیش پارتی نه‌ته‌وه‌په‌رستی (MHP) به‌ توندی دژی هه‌وڵه‌کانی سه‌رۆکوه‌زیر ئه‌ردۆگان ڕاوه‌ستاون و رۆژنامه‌کانی تورکیاش وای لێک ده‌ده‌نه‌وه‌ که‌ پشتیوانییه‌که‌ هه‌وڵێک بێ له‌ پێناو “ڕازیکردنی گرووپه‌ توندڕه‌وه‌کانی ناوخۆی تورکیا” که‌ دژی هه‌ر چه‌شنه‌ گۆڕانێکن له‌ سیاسه‌تی وڵاته‌که‌یاندا سه‌باره‌ت به‌ پرسی کورد.

وه‌ک رۆژنامه‌ی (توده‌ی زه‌مان) بڵاوی کردۆته‌وه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا به‌ شێوه‌یه‌کی فه‌رمی باسی له‌ پرۆسه‌ی دێموکراسیی تورکیا نه‌کراوه‌، به‌ڵام وه‌زیری ناوخۆ “به‌شێر ئاتاڵای” ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌که‌ی له‌و په‌یوه‌ندییانه‌ ئاگادار کردۆته‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵ داموده‌زگا مه‌ده‌نییه‌کانی تورکیادا بوویه‌تی. ئاتاڵای جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ پشتیوانیی واتاداری لێکراوه‌ له‌ لایه‌ن که‌رتی پیشه‌سازی، دامه‌زراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، سه‌ندیکا کرێکارییه‌کان و هونه‌رمه‌ندانی تورکیاوه‌.

ئاتاڵای له‌ پرێس کۆنفڕانسێکدا ڕایگه‌یاند که‌ ئه‌نجومه‌ن به‌ باشی زانیوه‌ که “نه‌خشه‌ی ڕێگا”ی چاره‌سه‌ریی پرسه‌که‌، به‌ هاوده‌نگی و هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا ئاماده‌ بکرێ و دووباره‌شی کرده‌وه‌ که‌ پارتی کۆمه‌لگه‌ی دێموکراتیک، ئه‌گه‌ر بیه‌وێ له‌ پرۆسه‌که‌دا به‌شدار بێ، “ده‌بێ چاره‌سه‌‌ری له‌ ناو ده‌وڵه‌تێکی یه‌کگرتوودا په‌سه‌ند بکا.”

له‌ لێدوانه‌که‌ی “ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی” تورکیادا هه‌روه‌ها هاتووه‌ که‌ “ئه‌رته‌ش، له‌ کۆبوونه‌وه‌کانی پێشووی ئه‌نجومه‌ندا، ئه‌و بابه‌ته‌ی تاوتوێ کردووه‌ و به‌و ئه‌نجامه‌ گه‌یشتووه‌ که‌ پرۆسه‌که‌ درێژه‌ی هه‌بێ.”

ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی تورکیا به‌ ده‌سته‌ڵاتترین ئۆرگانی ده‌وڵه‌تییه‌ له‌‌و وڵاته‌، که‌ دوای کوده‌تاکه‌ی ساڵی 1982 چه‌ندین که‌س له‌ پایه‌به‌زرانی سوپا تێیدا ئه‌ندامن و چوارچێوه‌ی ده‌سته‌ڵاته‌که‌شی له‌ قانوونی ئه‌ساسیی تورکیادا گونجێنراوه‌.

Advertisements

Entry filed under: کۆنه‌بابه‌ت.

حکوومه‌تی ئێڕاق گومان ده‌کا هێزه‌کانی ئیسرایل له‌ باشووری کوردستان بن ئاسۆی سیسته‌می جیهانی (1)


ئه‌رشیڤ

ئاب 2009
د س W پ ه ش ی
« تەموز   ئیلول »
 12
3456789
10111213141516
17181920212223
24252627282930
31  

سه‌رژمێریی میوان

  • 38,484 میوان سه‌ردانیان کردووم

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: