ستراتیژی ناروون و تاکتیکی هه‌ڵه‌

ئاب 28, 2009 at 12:43

Refet_Muradiره‌فعه‌ت مورادی
خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کورد هه‌وراز و نشێوی زۆری بڕیوه‌ و له‌و پێناوه‌شدا زۆرجار تامی سه‌رکه‌وتن و شکستی گه‌وره‌ وبچووکی چێشتووه‌، به‌ڵام به‌شێکی زۆری ئه‌و سه‌رکه‌وتن و شکستانه‌ی که‌ له‌ ئاکامی شه‌ری داسه‌پاوی داگیرکه‌راندا هاتوونه‌ته‌ دی ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی ئه‌و ساته‌ وه‌ختانه‌یه‌ که‌ده‌کرێ بڵێین زاده‌ی واقیع بوون و تا ئێستاشی له‌ گه‌ڵدا بێت وه‌ک ستراتێژێکی به‌رگریکه‌رانه‌ شیاوی داکۆکی لێکردنن، ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ که‌ زیانه‌کانیشی ئه‌وه‌نده‌ کاریگه‌ر نه‌بووبن له‌ چاو ئه‌و زیانانه‌ی که‌ له‌م ساته‌ وخته‌ ناسکه‌دا وه‌ به‌ر جه‌سته‌ی گه‌له‌که‌مان ده‌که‌وێت.

جاران پاساوی ئه‌وه‌مان ده‌هێنایه‌وه‌ که‌ دوژمن هه‌موو رێگاکانی به‌رووماندا داخستووه‌ و ناچارین ده‌ست بۆ شه‌ڕی چه‌کدارانه‌ به‌رین، ئه‌م تاکتیکه‌ش تا ئه‌و ده‌م میتۆدێکی باو و کلاسیکی بوو که‌ به‌ هه‌ق یان ناهه‌ق په‌یره‌و ده‌کرا، له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئامرازه‌کانی دروستکردنی په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری گه‌له‌که‌مان به‌هۆی شانه‌ چه‌کداره‌کانه‌وه‌ یان خود له‌ رێگای مه‌فره‌زه‌ چه‌کداره‌کانه‌وه‌ مه‌یسه‌ر ده‌بوو و ده‌رئه‌نجامه‌کانیش به‌ ئاسایی وه‌رده‌گیران.

 ئێستاکه‌ کۆمه‌ڵیک فاکته‌ری ئه‌قلیمی و جیهانی ناچارمان ده‌که‌ن ستراتیژی نوێ دابرێژین و له‌و پێناوه‌شدا تاکتیکی کارا و لۆژیکی بگرینه‌ به‌ر، که‌چی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ پارته‌ سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان نه‌ ته‌نیا هه‌لومه‌رجی نوێ خه‌بات و ئاڵوگۆڕه‌ سیاسییه‌کانی ناوچه‌که‌ و جیهان ره‌چاو ناکه‌ن به‌ڵکو بۆ قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشایی و لێکبڕانه‌ سیاسییه‌ی که‌ له‌ تێوان خۆیان و جه‌ماوه‌ره‌که‌یاندا دروستیانکردووه‌ هه‌نگاوی به‌ په‌له‌ و پڕهه‌ڵه‌ ده‌گرنه‌ به‌ر، سه‌رکردایه‌تی سیاسی حزبه‌ به‌رهه‌ڵستکاره‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ باتی ئه‌وه‌ی هۆکاره‌کانی ئه‌و دابرَان و لێکترازانه‌ی ئه‌م دوایه‌ی خۆیان و هاوسه‌نگه‌ره‌کانیان شرۆڤه‌ بکه‌ن و به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ زانیاری و ته‌کنۆلۆژیای نوێ و لێکدانه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی سیاسی وڵات، ستراتیژ و تاکتیکی نوێ وکارا پرۆڤه‌ بکه‌ن، به‌ داخه‌وه‌ تازه‌ به‌ تازه‌ په‌نا بۆ شه‌ڕی چه‌کدارانه‌ به‌ تاکتیکی کۆن و سواوی جاران ده‌به‌ن و به‌بێ هۆشیاری و زانیاری پێویست کێبڕکی ناردنی مه‌فره‌زه‌ ده‌که‌ن بۆ نیۆخۆی وڵات؟

رووداوه‌کانی ئه‌م دوایانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ڵگه‌ی ئه‌و راستییه‌ن که‌ ئه‌و هاورێیانه‌ نه‌ ته‌نیا خویندنه‌وه‌یه‌کی راست و لۆژیکییان بۆ واقیعی کۆمه‌ڵگاکه‌یان نییه‌ به‌ڵکو به‌و سیاسه‌ت وپلانه‌ کاڵ وکرچانه‌ چه‌ندین رۆڵه‌ی به‌وه‌ج وفیداکاری گه‌لیان به‌ خه‌ساردا که‌ هه‌ریه‌ک له‌وانه‌ پاڵپشتێکی گه‌وره‌ و رێبه‌رێکی به‌توانای شۆرش و به‌رخۆدان بوون بۆ دواڕۆژ، سه‌رنجراکێش ئه‌وه‌یه‌ که‌به‌شێک له‌و پێشمه‌رگه‌ ئازا وگیان له‌ سه‌رده‌ستانه‌ ئه‌زموونێکی سه‌ربازی ئه‌وتۆیان نه‌بووه‌ وپتر له‌وه‌ی په‌روه‌رده‌کراوی به‌ره‌ی شه‌ڕ بن کادیری راگه‌یاندن و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستی ئه‌و حزبانه‌ بوون، ئه‌مه‌ش ئه‌و پرسیاره‌مان بۆ دێنێته‌ گۆرَی که‌ داخۆ سه‌رکرداێتی ئه‌و حزبانه‌ تا چه‌نده‌ له‌ به‌رده‌م ئه‌و رووداوه‌ تاڵ وناخۆشانه‌دا خۆیان به‌رپرسیار ده‌زانن؟

تۆ بلێی ئێستاش خۆیان به‌ عه‌قڵی گشتی و به‌ده‌ر له‌ هه‌ڵه‌ی سیاسی نه‌زانن، کێ ده‌بێ وه‌ڵامده‌ری ئه‌و خه‌ساره‌ بێت که‌ نه‌ته‌نیا زیانێکی گه‌وره‌یه‌ بۆ حزبه‌ به‌رهه‌ڵستکاره‌کان به‌ڵکو که‌ش وهه‌وایه‌کی یه‌جگار خه‌ماوی و نائۆمێدانه‌ی له‌ دڵ وده‌روونی لایه‌نگرانیان و خه‌ڵکی کوردستان به‌ گشتی دروستکردووه‌،ئه‌و به‌رێزانه‌ یان باوه‌ڕیان به‌ رێکخستنه‌کانی نێوخۆی وڵات نه‌ماوه‌ یان ئه‌وه‌ی که‌ تا ئێستاشی له‌ گه‌ڵدا بێت نه‌یانتوانیوه‌ کادیرێکی ئه‌وتۆ له‌نێوخۆدا پێبگه‌ینن بۆ پراکتیزه‌ کردنی ئه‌و ئه‌رکه‌ حزبیانه‌ی که‌ پتر له‌ بۆنه‌ و یاده‌وه‌ریه‌کاندا به‌ره‌و روویانده‌بێته‌وه‌؟

له‌ هه‌ردوو حاڵه‌تدا ئه‌و خه‌مساردییه‌ش هه‌ر له‌ ئه‌ستۆی ئه‌واندایه‌ و چیتر پاساو بڕو بیانوو وه‌ر ناگرێت چونکه‌ ئه‌وه‌ سه‌ره‌تاییترین ئه‌رکی حزبه‌ له‌ بواری رێکخستنه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر پارته‌ سیاسییه‌کانی ئێمه‌ ئه‌و ئه‌رکه‌ گرنگه‌ ره‌چاو نه‌که‌ن بێگومان زیانی زیاترمان وه‌به‌ر ده‌که‌وێت .   

Advertisements

Entry filed under: کۆنه‌بابه‌ت.

مێزگرد‌‌: رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، قه‌یران و هه‌وڵه‌کانی ڕزگاربوون (به‌شداری دووهه‌م ـ باباعه‌لی مێهرپه‌روه‌ر) ئیسماعیل بێشیکچی سه‌باره‌ت به‌ پرسی کورد له‌ باکوور و باشووری کوردستان ده‌دوێ (دیمانه‌)


ئه‌رشیڤ

ئاب 2009
د س W پ ه ش ی
« تەموز   ئیلول »
 12
3456789
10111213141516
17181920212223
24252627282930
31  

سه‌رژمێریی میوان

  • 38,484 میوان سه‌ردانیان کردووم

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: