شوان حه‌مه‌: ئۆپۆزیسیۆن پێویستییه‌کی ژیانیی هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌که‌

ئاب 31, 2009 at 20:44 1 comment

Shiwan_Hemeڕێنێسانس نیوز؛ له‌ دیمانه‌یه‌کی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ بنکه‌ی ئینته‌رنێتیی (ڕێنێسانس نیوز)، نووسه‌ر و ڕۆشنبیری کورد شوان حه‌مه‌، باس له‌ جه‌وهه‌ری ئه‌و داخوازییه‌ گشتییه‌ ده‌کا که‌ کۆمه‌ڵگای کوردیی باشووری کوردستان سه‌باره‌ت به‌ گۆڕانکاریی هه‌یه‌تی و وای بۆ ده‌چێ که‌ لیستی ده‌سته‌ڵات [کوردستانی] توانای جێبه‌جێکردنی ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی تێدا نه‌بێ که‌ دۆخه‌که‌ لێی ده‌وێ.
ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ سه‌باره‌ت به‌و ڕێتۆریکه‌ تونده‌ش که‌ لیسته‌کان له‌ رۆژه‌کانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و تا ئێستاش له‌ به‌رامبه‌ر یه‌کتردا ڕه‌چاوی ده‌که‌ن پێێ وایه‌ “دۆخه‌که‌ که‌مێک هێور بووه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هێشتا وه‌ک پێوسیت نا‌، گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کان له‌م ئاسته‌ی ئێستادا بمێنێته‌وه‌و ئه‌م جه‌نگه‌ میدیاییه‌ دژی یه‌کتر به‌رده‌وام بێت، ‌ پێکه‌وه‌ژیانی په‌رله‌مانی وه‌ک چه‌ند لیستێکی دژ به‌ڵام هاوکار، له‌ ئاینده‌دا چاوه‌ڕوانی باشی لێ ناکرێت.”

ئاماده‌کردنی: ناوه‌ندی هه‌واڵ و سیاسه‌ت

ڕێنێسانس نیوز؛ هه‌رکام له‌ لیسته‌ به‌شداربووه‌کانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم و پارله‌مانی کوردستان، به‌ جۆرێک باسیان له‌ چاکسازی ده‌کرد له‌ ژینگه‌ی سیاسی ـ کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی کوردستاندا؛ به‌ باوه‌ڕی ئێوه‌ چانسی مه‌یسه‌ربوونی ئه‌و چاکسازییه‌‌ چه‌نده‌‌یه‌ که‌ گرووپه‌کان بۆخۆیان کردۆته‌ ئامانج، له‌ کاتێکدا وێناچێ هیچ یه‌کده‌نگی و هاوئاهه‌نگییه‌ک له‌ نێوانیاندا هه‌بێ له‌ پێناو ده‌سته‌به‌ربوونی ئامانجه‌که‌دا؟

شوان حه‌مه‌: من وای نایبینم لیستی کورستانی باسی له‌ چاکسازی کردبێت! ته‌نانه‌ت لیستی چوار حیزبه‌که‌ش به‌ شێوه‌یه‌کی کۆنکرێت به‌رنامه‌ی چاکسازی‌و گۆڕانیان نه‌خسته‌ڕوو. ته‌نیا لیستی گۆڕان تا ڕاده‌یه‌ک هه‌وڵیدا وه‌ڵام به‌ چه‌ند پرسی گرنگ بداته‌وه‌‌ به‌و ئومێده‌ی له‌داهاتودا بیانخاته‌ به‌رنامه‌ی کاری خۆیه‌وه‌! لیستی گۆڕان له‌ زاری سه‌رۆکه‌که‌یه‌وه‌ “نه‌وشیروان مسته‌فا” له‌ کاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به‌ ده‌نگ و وێنه‌ی خۆی بانگی هه‌ژده‌ په‌یامی جۆراوجۆری دا که‌ ئاڕاسته‌ی زۆربه‌ی چین‌و توێژه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ جیاجیاکانی کرد. له‌وانه‌ش پرسه‌کانی گه‌نده‌ڵی‌و ژنان‌و په‌روه‌رده‌و ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان. په‌یامی لیستی کوردستانی له‌ دواشیکردنه‌وه‌دا له‌ بازنه‌ی “پیرۆزی ئه‌مڕۆ (ئه‌م ساته‌ وه‌خته‌) وه‌ گرنگی ئه‌و ڕۆژانه‌ی ئه‌مڕۆیان دروست کرد” تێپه‌ڕی نه‌کردووه‌. گه‌ر به‌راوردێکی په‌یامه‌کانی لیستی کوردستانی بکه‌ین له‌ نێوان هه‌ڵبژاردنه‌کانی 2005 و 2009 ده‌بینین تا ڕاده‌یه‌کی زۆر هاوشێوه‌ن. به‌هه‌رحاڵ به‌رنامه‌کانی هه‌موو حیزب‌و لیسته‌کان له‌ به‌شێکی گرنگیدا په‌یوه‌ستن‌ به‌ کرده‌ی مێژویی لایه‌نه‌کان‌و چاوه‌ڕوانی لێیان، نه‌ک ته‌نیا ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا چییان وتووه‌. بۆ نموونه‌ گه‌ر به‌ پێوه‌ری به‌ڵێنی بانگه‌وازی هه‌ڵبژاردنه‌کان هه‌ڵسه‌نگاندن بکه‌ین، ده‌بێت له‌مڕۆ به‌دواوه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بین که‌ هه‌موو ساڵێک هه‌زاران خوێندکاری کورد له‌ هه‌رێمه‌وه‌‌ ڕه‌وانه‌ی زانکۆ جیهانییه‌کان بکرێن! ئه‌مه‌ یه‌کێک بوو له‌ په‌یامه‌کانی سه‌رۆکی لیستی کوردستانی‌، به‌رهه‌م ساڵح، که‌ بڕیاره‌ ببێته‌  سه‌رۆک وه‌زیران، واته‌ که‌سی یه‌که‌می ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن؟ گریمان ئه‌م په‌یامه‌ش جێبه‌جێکرا که‌ من لای خۆمه‌وه‌ گومانم هه‌یه‌! ئایا چوارساڵی دی کاتێک خوێندکاره‌کان به‌ زانستی نوێوه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ کوردستان چه‌ند ده‌رفه‌تی کارکردنی جیاوازیان هه‌یه‌؟ ئایا ده‌چنه‌وه‌ ناو هه‌مان سیسته‌می گه‌نده‌ڵ‌و ماندوی ئیداری‌و سیاسی‌و  ئابووری ئێستا؟ من ئه‌م نمونه‌یه‌م بۆیه‌ هێنایه‌وه‌ تا سه‌رنج  بده‌مه‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان.‌ لیستی گۆڕانی لێده‌ربچێت، ته‌واوی لیسته‌کانیتر نه‌یانتوانی له‌ سنووری جوڵانه‌وه‌ی خۆیاندا ئه‌و پێگه‌یه‌ ببینن، پێگه‌ی وه‌رچه‌رخان. تۆ بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانکاری ئه‌رێنی له‌ واڵاییه‌کی گه‌نده‌ڵ‌و ماندودا دروستبکه‌یت، به‌ر له‌ هه‌ر شتێک پێویستیت به‌ ڕوانینی نوێ‌و به‌ بیرکردنه‌وه‌ی جیاواز هه‌یه‌. تا کاتی نوسینی ئه‌م وه‌ڵامه‌ش ئێمه‌ ده‌بیستین، به‌هۆی شکستی سیاسی لیستی کوردستانییه‌وه‌، به‌تایبه‌ت یه‌کێتی، ده‌رکردن له‌سه‌ر کارو نانبڕینی خه‌ڵک له‌ حیزب‌و حکومه‌تدا دریژه‌ی هه‌یه‌، ئه‌م ئاماژه‌یه‌ پێمان ده‌ڵێت که‌ لایه‌نی شکست خواردوو تا ئێستا باوه‌ڕی به‌ شکستی خۆی‌و سه‌رهه‌ڵدانی  ئه‌وانیتر نه‌هێناوه‌، بۆیه‌ نابێت چاوه‌ڕوانی گه‌وره‌ له‌ هاوئاهه‌نگی  نێوان لایه‌نه‌کان بکرێت. 

ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم دوو ڕه‌‌هه‌ند گرنگه:‌ یه‌که‌م, بوون‌و ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆکی هه‌رێم، دووه‌میش کاندیده‌ رکه‌به‌ره‌کانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک! ڕاسته‌ ئێمه‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیمان کردو هه‌رێمه‌که‌ سه‌رۆکێکی هه‌یه‌، به‌ڵام تا ئێستاش دیار نییه‌ ئه‌م سه‌رۆکه‌ له‌ بازنه‌ی چ سیسته‌مێکی سیاسیدایه‌؟ ئایا سیسته‌می کوردستان ده‌بێته‌ سیسته‌مێکی سه‌رۆکایه‌تی یان په‌رله‌مانی؟ پاشان ئێمه لانیکه‌م تا ئه‌مڕۆ‌، ده‌ستورێکمان نییه‌ ده‌سه‌ڵات‌و ئه‌رکی ئه‌م سه‌رۆک‌و سه‌رۆکایه‌تییه‌ ده‌ستنیشان بکات.  بۆیه‌ له‌ ئێستادا ته‌واوی پرسی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ بۆشاییه‌کی پڕ ته‌مومژدا به‌گیرهاتووه‌. 

دووه‌م، کاندیده‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم ئێمه‌ شاهیدی ڕوداوێکی کاره‌ساتبارین‌! کاتێک میراوده‌لی وه‌ک نوسه‌رێکی دووره‌وڵات‌و نه‌ناسراو لای چه‌ندین نه‌وه‌ی ده‌نگده‌ر‌، له‌ هه‌نده‌رانه‌وه‌ دێت‌و ڕکابه‌ری له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی گه‌وره‌ترین حیزبی سیاسی‌و کاندیدی ده‌سه‌ڵات‌و ته‌نانه‌ت کاندیدی لایه‌نه‌کانی تریش‌ ده‌کات، کاتێک له‌ کۆی که‌متر له‌ دوو میلیۆن‌ ده‌نگده‌ر، نیو میلیۆن ده‌نگ ده‌هێنێت‌، وه‌ به‌ هۆی ساخته‌کارییه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ دان به‌ بردنه‌وه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێمی ئێستادا نانێت، ئیتر ده‌رفه‌تێک بۆ گومان نامێنێته‌وه‌ که‌  ده‌سه‌ڵاتی پارتی‌و یه‌کێتی به‌رجه‌سته‌ له‌ حیزب‌و حکومه‌تدا میسداقییه‌تیان که‌وتووه‌ته‌‌ ژێر پرسیاری گه‌وره‌وه‌. من ده‌مه‌وێت بڵێم  ده‌نگه‌کانی  میراوده‌لی ئه‌و ده‌نگانه‌ بوون که‌ ئاماده‌ بوون ده‌نگ به‌ ڕکابه‌ری بارزانی بده‌ن، یان له‌ نه‌بوونی ڕکابه‌ردا ده‌نگ نه‌ده‌ن. جیاوازی میراوده‌لی‌و ڕکه‌به‌ره‌کانی تری بارزانی ئه‌وه‌بوو که‌ میراوده‌لی له‌ کایه‌ سیاسیه‌که‌ تێگه‌شتووه‌. به‌رژه‌وه‌ندی له‌گه‌ڵ پارتی‌و یه‌کێتی نییه ‌و‌ له‌ ئه‌وروپا ژیان ده‌کات. هه‌مانکات هه‌وڵ ئه‌دات که‌ڵک له‌ ئه‌زموونی خۆرئاواییه‌کان وه‌ربگرێت کاتێک هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن دێته‌ کایه‌.

ڕێنێسانس نیوز؛ یه‌کێک له‌و لیستانه‌ی که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رچاوتر له‌وانی دیکه‌ بانگی ڕیفۆرمیزه‌کردنی سیسته‌می ئیداریی وڵاتی به‌گوێی هه‌ڵبژێره‌کاندا ده‌خوێند لیستی “گۆڕان” بوو، به‌ڵام ئه‌و لیسته‌یه‌ دوای ئاشکرابوونی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان ڕایگه‌یاند که‌ وه‌ک ئۆپۆزیسیۆن ده‌مێنێته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت تا ئێستاش وازی له‌و ڕێتۆریکه‌ تونده‌ی رۆژانی به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن نه‌هێناوه‌! ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌وان چه‌نده‌ ده‌توانێ خزمه‌ت به‌ ئامانجه‌که‌یان بکا؟

شوان حه‌مه‌: هێوربوونه‌وه‌ی هه‌را وهاوار پاش هه‌ڵبژاردنه‌کان دیارده‌یه‌کی ده‌گمه‌ن نییه‌و له‌ زۆربه‌ی وڵاته‌ دیموکراتیه‌کانی دونیا ئه‌م دیارده‌یه‌ هه‌یه‌. من ده‌بینم دۆخه‌که‌ که‌مێک هێور بووه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هێشتا وه‌ک پێوسیت نا‌، گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کان له‌م ئاسته‌ی ئێستادا بمێنێته‌وه‌و ئه‌م جه‌نگه‌ میدیاییه‌ دژی یه‌کتر به‌رده‌وام بێت، ‌ پێکه‌وه‌ژیانی په‌رله‌مانی وه‌ک چه‌ند لیستێکی دژ به‌ڵام هاوکار، له‌ ئاینده‌دا چاوه‌ڕوانی باشی لێ ناکرێت!  ده‌شێت کارکردن بۆ دروستکردنی ژینگه‌یه‌کی گونجاو بۆ پێکه‌وژیان له‌ ناو په‌رله‌ماندا له‌ ئه‌وله‌ویاتی لیسته‌کان بێت. تا هه‌ر لایه‌ک له‌ پێگه‌ی خۆیه‌وه‌ کاربکات‌و له‌سه‌ر مه‌بده‌ئی ئۆپۆزیسیۆن‌و ده‌سه‌ڵات یه‌کتر قبوڵ بکه‌ن.

هیچ گومان نییه‌ که‌ بوونی ئۆپۆزیسیۆن پێویستییه‌کی ژیانیی هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌که‌. هه‌مانکات گومان نییه‌ له‌وه‌ی که‌ لیستی گۆڕان هه‌ر ئێستا جۆرێک گۆڕانکاری دروستکردووه‌. به‌ڵام ده‌بێت له‌بیرمان بێت که‌سایه‌تییه‌ دیارو به‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانی ئه‌م لیسته‌و خودی بیرۆکه‌ی ڕیفۆرم (به‌ واتای سیاسی) له‌ منداڵدانی حیزبه‌ سونه‌تییه‌ کوردیه‌کانی باشوور له‌ دایکبووه‌. بۆیه‌ کلتوری سیاسی‌و ئیداری حیزبی کلاسیکی کوردی به‌شیكه‌ له‌ سروشتی ئه‌و لیسته‌‌. بۆ نمونه‌ پاشه‌کشه‌ی نه‌وشیروانی دوان له‌ یاوه‌رانی  وه‌ک ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، هه‌مان لوتبه‌رزی‌و  خۆ به‌گوره‌تر زانینی سه‌رکرده‌کانه‌ له‌ په‌رله‌مان. واته‌ کاتێک ئاماده‌ نین له‌ په‌رله‌ماندا خه‌بات بکه‌ن به‌و مانایه‌ دێت که‌ ئه‌وان خۆیان له‌ په‌رله‌مان به‌ گه‌وره‌تر ده‌زانن و نایانه‌وێت له‌ چوارچێوه‌یه‌کی یاسایی‌و ده‌ستوریدا کار بکه‌ن، چونکه‌ به‌شێکی گرنگ لا کاری یاسایی‌و ده‌ستوری لێپرسینه‌وه‌یه‌ له‌ خودی په‌رله‌مانتاره‌کان له‌ کاتی ئاشکرابوونی که‌موکوڕیدا. به‌ بڕوای من گرنگترین جوڵه‌ بۆ جێبه‌جێکردنی په‌یامه‌کانی لیستی گۆڕان بریتییه‌ له‌ خۆداماڵین‌و خۆته‌کاندنی به‌ڕێوه‌به‌رانی لیسته‌که‌یه‌ له‌ میراتی سیاسی‌و ئیداری یه‌کیتی‌و پارتی! واته‌ گۆڕانه‌که‌ ده‌بیت‌ سه‌ره‌تا له‌ خوددا دروستبێت. جارێ به‌ته‌واوی نازانرێت ئه‌و “خود”ه‌ کێیه‌؟ ئایا گۆڕان ده‌بێته‌ کیانێکی سیاسی؟ ئایا سه‌رکردایه‌تی گۆڕان سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتیش ده‌گرێته‌ ده‌ست؟ یان به‌و هه‌یکه‌له‌ی ئێستای ده‌مێنێته‌وه‌؟

پرسی گۆڕان پرسێکی دوو جه‌مسه‌ره‌. مه‌رج نییه‌ له‌ داهاتوودا وه‌ک خۆی بمێنێته‌وه‌. جه‌مسه‌ری یه‌که‌م لیستی گۆڕانه‌ که‌ له‌ کۆمه‌ڵیک کادیری پله‌ یه‌ک‌و دووی پێشتری یه‌کێتی‌و کۆمه‌ڵێک ئه‌کادیمی‌و که‌سانی بێلایه‌ن پێکهاتوون سه‌رکرایه‌تیان له ‌ده‌ستدایه‌.‌ جه‌مسه‌ری دووه‌م که‌ گرنگتره‌، بزوتنه‌وه‌یه‌کی به‌رفروانی ناڕازی‌و توڕه‌یه‌ که‌ له‌ هه‌ناوی کۆمه‌ڵگه‌که‌وه‌ هاتووه داوای گۆڕان ده‌کات. واته‌ لیستی گۆڕان وه‌ک جه‌مسه‌ری یه‌که‌م، و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ک جه‌مسه‌ری دووه‌م. بۆیه‌ هێزی یه‌که‌م له‌ دووه‌مه‌وه‌ دێت. و پشتیوانی دووه‌م بۆ یه‌که‌م مه‌رجداره‌، مه‌رجه‌که‌ش دروستکردنی گۆڕانکاریه‌که‌ که‌ لانیکه‌م له‌ مه‌و‌دای بینیندا بێت. لای زۆرینه‌ی ده‌نگده‌رانی لیستی گۆڕان مێژوو مه‌حه‌ک نییه‌ به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی داهاتوو مه‌حه‌که‌!! ئه‌شێت هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتووی په‌رله‌مانی ئێراق‌و هاوکاریکردن‌و هاوڕابوونی لیسته‌ کوردیه‌کانی ناو په‌رله‌مانی ئێراق له‌ داهاتوودا به‌شێک له‌ گرژییه‌کانی نێوان لا‌یه‌نه‌کانی ناو کوردستان خاو بکاته‌وه‌. هه‌مانکات جۆرێک له‌ نزیکبوونه‌وه‌ له‌ نێوان ده‌نگده‌رانی لیسته‌ دژه‌کانی کوردستان لێ بکه‌وێته‌وه‌.

ڕێنێسانس نیوز؛ وه‌ک له‌ ئه‌زموونی وڵاتانی دیکه‌شدا تاقی کراوه‌ته‌وه‌، ڕیفۆرم دواجار به‌ مانای‌ قانوونمه‌ندکردنی جڤاک و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌که‌ی دێت له‌ پرۆسه‌یه‌کی عه‌قڵانیی پشوودرێژ و به‌کاوه‌خۆدا؛ به‌ڵام ڕیفۆرم به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش پێویستی به‌ گۆڕانی زه‌ینیه‌تی تاک و گرووپه‌کانی ئه‌و جڤاکه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ قه‌راره‌ بگۆڕدرێ. ئایا زه‌مینه‌ی وه‌رچه‌رخانێکی به‌و شێوه‌یه ‌ئاماده‌یه‌؟

شوان حه‌مه‌: له‌ وه‌ڵامی پێشوودا که‌مێک تیشکم خسته‌ سه‌ر ئه‌م پرسه‌‌. واته‌ ریفۆرم یان چاکسازی ده‌بێت له‌ ڕوانین‌و بیرکردنه‌وه‌دا سه‌رچاوه‌ بگرێت، پاشان بکه‌وێته‌ ڕێ. چاکسازی ڕوخساریی.. چاره‌ی نه‌خۆشیه‌که‌ ناکات. ئازاره‌که‌ی ئێمه‌ له‌ قوڵایی گیانه‌وه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بکه‌وینه‌ باری ئاسووده‌یی‌و نۆرماڵبوون پێویستمان به‌ گۆڕان هه‌یه‌ له‌ هه‌موو ئاسته‌کاندا. له‌ مێژووی بینراوی ئێمه‌دا هیچکات وه‌ک ئێستا تاکی کورد هوشیار‌و ڕاچه‌نیو نه‌بووه‌. هیچکاتیش وه‌ک ئێسته‌ ده‌رفه‌ته‌تی دروستکردنی ماڵی کورد نه‌هاتوه‌ته‌ پیش. زه‌مینه‌ی گۆڕین له‌ ئاسته‌ کلتوریه‌که‌یدا به‌ شیوه‌یه‌کی گشتی له‌ هه‌مووکات زیاتر له‌باره‌. هه‌روه‌ها له‌ باره‌ سیاسیه‌که‌شیدا به‌ هه‌مانشێوه‌. سیاسه‌توانان ئه‌رکی مێژوویی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر شانه‌. په‌رله‌مانی کوردستان ده‌بێت له‌ ته‌لارێکه‌وه‌ که‌ ناوی په‌رله‌مان بوو، بگۆڕدرێت بۆ په‌رله‌مانێک که‌ ژن‌و پیاوه‌ ئازاکان وه‌ک نوێنه‌ری گه‌ل، یاسا مه‌ده‌نی‌و مۆدێرنه‌کان بنووسن‌ و ده‌نگی بۆ بده‌ن‌و چاودێری جێبه‌جێکردنی بکه‌ن. ڕۆشنبیران‌و ئه‌کادیمیه‌کان ده‌نگیان ده‌بیسترێت‌و رۆڵیان ده‌بینرێت، بۆیه‌ نابێت له‌م ڕووه‌وه‌ کورتکاری بکرێت. میدیایه‌کی ئه‌هلیمان هه‌یه‌ که‌ سازش له‌سه‌ر پپشه‌که‌ی خۆی ناکات‌و ساڵانێکه‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چاره‌نوسسازدایه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات. ئه‌م میدیایه‌ پێویستی به‌گه‌شه‌ی زیاتر هه‌یه‌. له‌م په‌رله‌مانه‌ی ئێستادا له‌ کۆی 111 په‌رله‌مه‌نتار 39 ئه‌ندامیان ژنن. واته‌ له‌ کۆی هه‌ر سێ په‌رله‌رمه‌نتار ژنێک هه‌یه‌. گه‌ر ژنان هوشیاری ڕه‌گه‌زی پێویستیان هه‌بێت، ده‌توانن گه‌وره‌ترین فراکسیۆن له‌ په‌رله‌مانه‌که‌دا پێک بێنن‌ و له‌ چوارساڵی داهاتوودا بۆ ژن‌و کۆمه‌ڵگه‌ تێبکۆشن. خاڵێکی گرنگیتر که‌ مایه‌ی دڵخۆشییه‌ ڕۆڵی گه‌نجانی کورده‌ له‌ ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی‌دا. گه‌نجی کورد هه‌وڵ ئه‌دات پێگه‌یه‌ک بۆ خۆی په‌یدا بکات له‌ سه‌نته‌ری کۆمه‌ڵگه‌که‌ی خۆیدا. هه‌موو ئه‌م ئاماژانه‌‌ پێمان ده‌ڵێن که‌ زه‌مینه‌ی گۆڕان له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌کاندا و‌ له‌ ئاستی جۆراوجۆردا ئاماده‌ن. ئه‌مڕۆ له‌ ناوچه‌که‌دا سێ ئه‌زموونی جوانی هه‌ڵبژاردنی دیموکراتی هه‌ن. یه‌که‌م ئیسرائیل، دووم تورکیا (به کوردو تورکه‌وه‌)  وه‌ سێیه‌م کورد له‌ باشوور. سه‌رکه‌و‌تنی ئه‌م سێ ئه‌زموونه‌ش ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ گۆڕینی ئه‌رێنی زه‌ینیه‌تی ده‌نگده‌ر. وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیعتبار بۆ تاک‌. هه‌مانکات هاوڕابوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ڕاسته‌ جیاوازین به‌ڵام هه‌موومان پێکه‌وه‌ جوانین.

 

Advertisements

Entry filed under: کۆنه‌بابه‌ت.

“جوندوڵا” سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌لانی ئاوه‌ڵبه‌ندی ده‌وڵه‌ت وشیار ده‌کاته‌وه‌ یه‌کیه‌تیی ئه‌ورووپا په‌نابه‌ری زیاتر له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان وه‌رده‌گرێ

1 لێدوان

  • 1. aso ahmadi  |  ئه‌یلول 12, 2009 له‌ 22:21

    werai dash xoshi le kak Shwan bo am didare nawerokdare, mn amhawet 2 xal ke lam waie kak shwanish amajei pekrdon ziatr zaq bkamawe. 1. awe ke goran le esas da berhami razi nebon be estaye(reaktive) yan hawl bo dahatoyeki basht le esta(Proactive). Awei ke ema ai binin le kurdstan lemei yekamina achety. Boye zor grnge agadar bin am jore le goran hamishe akami bashi lenakewet agar hezi goranxwaz aw heze kara u tondo tole nebet ka tebini zorek le haletekani dwai gorani krdbet.
    2. Zor jar jmo jol u narezayeti weko goran sayr akren betaibet le wlatani dwa kawto le halek da tania shtek le be goran hisab agret awaye ke le natijei axr da ham halso kawtekan goranian beser dahatbet u hamish netije shteki tr bet. ja boye har wako kak Shwanish amajei pe krdwe abet bzanin aya awanei bzweneri harakai gorann le kurdstan xoian aw karakteraian tedaie ke bbne hezi pshtseri goran u anjam lew gorane bete di.


ئه‌رشیڤ

ئاب 2009
د س W پ ه ش ی
« تەموز   ئیلول »
 12
3456789
10111213141516
17181920212223
24252627282930
31  

سه‌رژمێریی میوان

  • 38,451 میوان سه‌ردانیان کردووم

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: