کورده‌کانی باکوور بیر له‌ جیابوونه‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌

ئه‌یلول 2, 2009 at 21:15

ڕێنێسانس نیوز؛ دوای کۆبوونه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی رۆژی یه‌کی سێپته‌منه‌ری شاری “ئامه‌د”، پارله‌مانتارێکی کورد ڕایگه‌یاند: ده‌بێ شاخ و ئیمرالی بێ چه‌ند و چۆن بکرێنه‌ به‌شێک له‌ پرۆسه‌ی چاره‌سه‌یی پرسی کورد. ئه‌گه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش فه‌شه‌ل بێنێ، ئه‌وا کورده‌کان بیر له‌ جیابوونه‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌.سه‌باره‌ت به‌ لێدوانه‌ تونده‌کانی وه‌زیری ناوخۆی تورکیا سه‌باره‌ت به‌ “له‌ناوبردنی په‌که‌که‌”، نوێنه‌ری “ئامه‌د” له‌ پارله‌مانی تورکیا ئایسه‌ل توغلووک، گوتی: له‌ سه‌رده‌می [تورگوت] ئۆزالیشدا ده‌خوازرا کرانه‌وه‌ی وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌ست پێ بکرێ، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی ئه‌و کات ده‌وڵه‌تی ئاشتبوونه‌وه‌ و پێکهاتن نه‌بوو. له‌ لێدوانه‌کانی ئه‌م دواییه‌دا وا ده‌رده‌که‌وێ که‌ دیسان ئاشتبوونه‌وه‌ و پێکهاتن له‌گۆڕێدا نه‌بێ. جه‌نابی وه‌زیر باسی “بناخه‌ی پارله‌مانی” ده‌کا، به‌ڵام ڕوون نییه‌ ئه‌و بناخه‌ پارله‌مانییه‌ چی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌.

هه‌وڵی له‌ناوبردنی په‌که‌که‌

وه‌زیری ناوخۆی تورکیا به‌شیر ئاتالای حه‌وتووی ڕابردوو ڕایگه‌یاندبوو که‌ ” له‌ ناو ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا چه‌ککردن و له‌ناوبردنیش جێ ده‌گرێ” و یه‌کدابه‌دووی ئه‌وه‌ش ڕای گشتیی کورده‌کانی باکووری کوردستان ئه‌وه‌یان وه‌ک “هه‌وڵی له‌ناوبردنی په‌که‌که‌” به‌ناوکردبوو.

ئایسه‌ل توغلووک، که‌ یه‌کدابه‌دووی کۆبوونه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی ڕۆژی یه‌کی سێپته‌مبه‌ر له‌ شاری ئامه‌د له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووسان دوا، له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ لێدوانه‌که‌ی وه‌زیری ناوخۆی تورکیادا گوتیشی: “ئه‌گه‌ر ئاکه‌په‌ پاشه‌کشێ له‌ پڕۆسه‌که‌ بکا، بێگومان ده‌یدۆڕێنێ. باشکردنی ڕه‌وشی ئیمراڵی، ئه‌نستیتۆی زمان، گێڕانه‌وه‌ی ناوه‌ کوردییه‌کانی گونده‌کان و گوته‌ی “وه‌رن له‌ ناو ده‌وڵه‌تدا جێی خۆتان بکه‌نه‌وه‌” ڕازیمان ناکا.”

له‌وانه‌یه‌ ده‌ته‌په‌ له‌ پرۆسه‌که‌ بکشێته‌وه‌

پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دێموکراتیک DTP، که‌ بیست نوێنه‌ری له‌ پارله‌مانی تورکیا هه‌یه‌ و خۆی به‌ لایه‌نێکی کێشه‌ی کورد ـ تورک ده‌زانێ، ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ کێشه‌که‌ به‌بێ به‌شدارکردنی لایه‌نی کوردی چاره‌سه‌ر نابێ و جه‌ختیشی ده‌کاته‌وه‌ که‌ “عه‌بدوڵا ئۆجالان کلیلی چاره‌سه‌ریی پرسه‌که‌یه‌”.

ئایسه‌ل توغلووک له‌و بواره‌وه‌ گوتی: چاوه‌روانیمان له‌ پارتی داد و گه‌شه‌پێدان ئه‌وه‌یه‌ لێدوانه‌که‌ی ئاتاڵای سه‌رراست بکاته‌وه‌؛ ئه‌گه‌ر نا، ئێمه‌ وه‌ک ده‌ته‌په‌ له‌وانه‌یه‌ له‌و پڕۆسه‌ بێ ناوه‌رۆکه‌ بکشێینه‌وه‌. ته‌نیا له‌ گه‌ڵ چاره‌سه‌ریی یه‌کجاریدا ده‌توانین باس له‌ چه‌ککردن بکه‌ین. ئه‌گه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بێننه‌ گۆڕێ، پێش له‌ چاره‌سه‌ریی ده‌گرن. پارتی داد و گه‌شه‌ پێدان ده‌بێ ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک بدات، له‌ چوارچێوه‌ی دروستکردنه‌وه‌ی متمانه‌دا.”

کورده‌کان بیر له‌ جیابوونه‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌

پارله‌مانتاره‌که‌ی ده‌ته‌په‌ له‌ دیداره‌که‌یدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووسان ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ “ئیمڕاڵی باسی “هێزی پاراستن”ی کرد بۆ کورده‌کان، به‌ڵام هه‌موو به‌ هه‌ڵه‌ له‌وه‌ تێگه‌یشتن. که‌چی ئه‌من پێم وایه‌ ئه‌وه‌ ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی ئه‌خلاقییه‌.” ڕوونیشی کرده‌وه‌ که‌ “جیهان ئیتر به‌ره‌و ده‌سته‌ڵاتی هه‌رێمی ده‌ڕوا، ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ هه‌رێمییه‌ له‌تبوون نییه‌. ئه‌من به‌ هه‌لومه‌رجی “ده‌سته‌ڵاتی خۆبه‌ڕیوه‌بردنی هه‌رێمیی ئه‌رووپا” ده‌یشوبهێنم. ئیمڕاڵی له‌ ساڵی 99 به‌ولاوه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ی گوتووه‌. یه‌ک ده‌وڵه‌ت و یه‌ک ئاڵا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ هیچ کێشه‌یه‌کمان نییه‌، به‌ڵام ده‌بێ شارۆمه‌نده‌کانی پێکه‌وه‌ ئاشت بنه‌وه‌ و مافه‌کانیان گارانتی بکرێن.”

له‌ کۆتاییشدا گوتی: “ئه‌گه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش فه‌شه‌ل بێنێ ئه‌وکاته‌ کورده‌کانیش بژاره‌یه‌کی دیکه‌ دێننه‌ گۆڕێ، له‌وانه‌یه‌ باسی جیابوونه‌وه‌ بکه‌ن.”

Advertisements

Entry filed under: کۆنه‌بابه‌ت.

“سه‌رۆکوه‌زیری کانادا داوای لێبوردن له‌ کورده‌کان بکات” “باڵوێزی ئێران له‌ سوێد ده‌رکه‌ن”


ئه‌رشیڤ

ئه‌یلول 2009
د س W پ ه ش ی
« ئاب   کانونی دووهەم »
 123456
78910111213
14151617181920
21222324252627
282930  

سه‌رژمێریی میوان

  • 38,451 میوان سه‌ردانیان کردووم

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: