سه‌رمایه‌دارانی بێگانه‌ له‌ ئیداره‌ی گه‌نده‌ڵی کوردی سڵ ده‌که‌نه‌وه‌

ئه‌یلول 27, 2009 at 13:07

ڕێنێسانس نیوز؛ گرێبه‌ستێکی ناڕوونی ئیداره‌ی کوردی له‌گه‌ڵ کۆمپانیایه‌کی نۆڕوێژی، تیشکی خستۆته‌ سه‌ر دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ باشووری کوردستان و ئه‌وه‌ش گومانی لای بازرگانه‌ بیانییه‌کان دروستکردووه‌ له‌ بابه‌ت وه‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه‌کانیان له‌و هه‌رێمه‌؛ ئه‌مه‌ به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرتێکی شیکارییانه‌ی ئاژانسی هه‌واڵی ڕۆیته‌رز.
ده‌سته‌ڵاتی کوردی به‌وه‌ تاوانبار ناکرێ که‌ پێشێلکاریی له‌ ده‌ستووری ئێراقیدا کردبێ، به‌ڵام نهێنیکاری و ناشه‌فافیه‌ت له‌ گرێبه‌سته‌که‌یاندا له‌گه‌ڵ کۆمپانیای “دی ئێن ئۆ”ی نۆڕوێژی، گومانی نوێ دروست ده‌کات له‌ بابه‌ت نیه‌تچاکیی کورده‌کان له‌ به‌ربه‌ره‌کانیکردن له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی، به‌هێزکردنی چاودێری و کۆتاییهێنان به‌ باڵاده‌ستیی سیاسه‌ت له‌ مه‌یدانی بازرگانیدا. گومانه‌کان له‌ بابه‌ت گه‌نده‌ڵی و باڵاده‌ستیی هه‌ردوو حیزبی ناو حکوومه‌ت له‌ به‌ستێنی بارزگانیدا، سه‌رئه‌نجام گومان لای بازرگانه‌ بیانییه‌کان دروست ده‌کا که‌ هه‌رێمه‌که‌ به‌جێ بێڵن.

ڕاپۆرته‌که‌‌ی ڕۆیته‌رز ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردووه‌ که‌ تا ئێستا هیچ کارمه‌ندێکی پایه‌به‌رزی حکوومی له‌به‌ر گه‌نده‌ڵی داداگایی نه‌کراوه‌، به‌ڵام به‌ پشتبه‌ستن به‌ قسه‌ی شارۆمه‌ندانی کورد ڕوونیشی ده‌کاته‌وه‌ که‌ “بۆ به‌دواداچوون و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و پارانه‌ی له‌ کاروباری حکوومیدا تێداچوون، ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی که‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندی و ده‌مچه‌ورکردن مۆر ده‌کرێن و … پێویست به‌ به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ ناکات”. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کراوه‌ته‌وه‌ که‌ “ناڕه‌زایه‌تییه‌کی به‌رفراوان له‌ ناو خه‌ڵکی ئاساییدا هه‌یه‌” .

توێژه‌رێکی ناوه‌ندی (Washington’s Carnegie Endowment for International Peace) له‌و بواره‌وه‌ ده‌ڵێ: “ئه‌مه‌ گه‌نده‌ڵییه‌کی ڕووته‌، کارمه‌ندان له‌ دانی گرێبه‌سته‌کاندا پاره‌یان ده‌ست ده‌که‌وێ …. ئه‌وانی تریش هه‌روا، له‌لایه‌کی دیکه‌ش دوو حیزبی سیاسی هه‌موو ئه‌و شانۆیه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، ئه‌وه‌ بابه‌تێکه‌ که‌ بۆ که‌س ڕوون نییه‌.

کارگێرانی حکوومی دانی پێدا ده‌نێن که‌ ساڵانێکی درێژ ده‌خایه‌نێ هه‌تا گه‌نده‌ڵی ڕیشه‌کێش ده‌کرێ و هێندێکیشیان ئه‌و دیارده‌یه‌ بۆ وێکهه‌ڵنه‌کردنی کۆمه‌ڵگه‌ی حقوقی و سوننه‌تی ده‌گێڕنه‌وه‌. ڕاوێژکاری حکوومه‌تی هه‌رێم ژیلوان قه‌زاز، له‌و بواره‌وه‌ به‌ ڕۆیته‌رزی گوتووه‌ که‌ “هه‌ندێک بابه‌ت که‌ وه‌ک گه‌نده‌ڵی چاویان لێده‌کرێ زۆر ئاسایین […] به‌شێکن له‌ سروشتی کولتووریی ئێره‌.”

ناوبراو گوتیشی: “ئێمه‌ ناڵێین که‌ شته‌کان به‌ شه‌ووڕۆژێک ده‌گۆڕین، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ پڕۆسه‌یه‌که‌ که‌ 4 ـ 5 تا 10 ساڵیش ده‌خایه‌نێ. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوێکی نه‌ترسانه‌یه‌، کۆمه‌ڵێک ناڕه‌زایه‌تیی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌.”

قه‌ززاز، وێڕای ئاماژه‌ به‌وه‌ که‌ “له‌ ئێستاوه‌ خه‌تێک ده‌کێشن”، گوتی: “له‌ ئێستاوه‌ به‌و شێوه‌یه‌ کار ده‌که‌ین، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ته‌ نوێیه‌ نه‌بن، ته‌مبێ ده‌کرێن.”

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هێندێک له‌ چاودێران گومانیان هه‌یه‌ که‌ ئالیانسی بارزانی ـ تاڵه‌بانی ئه‌و ویست و توانایه‌ی هه‌بێ که‌ له‌ لێپرسینه‌وه‌ی کارمه‌نده‌ پله‌خواره‌کان به‌ولاوه‌تر بڕوا.

هه‌ردوو سه‌رۆکه‌ کورده‌که‌ی ئێراق، سه‌ر به‌ دوو بنه‌ماڵه‌ی به‌ده‌سته‌ڵات و به‌هێزی بازرگانین و سه‌رمایه‌دارانی بێگانه‌ ناڕازین له‌وه‌ی که‌ ده‌بێ هێندێک کۆمپانیای خۆجێیی بکه‌نه‌ هاوبه‌ش، که‌ په‌یوه‌ندیی نزیکیان له‌گه‌ڵ ئه‌و یه‌کێک له‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ هه‌یه‌.

پسپۆڕی تایبه‌تی ئێراق له‌ زانکۆی له‌نده‌ن تۆبی دۆدج ده‌ڵێ: “گه‌نده‌ڵی به‌شێکه‌ له‌ مێتوودی ئێلیتی ده‌سته‌ڵات، له‌ کاروباری بازرگانیدا. ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی به‌ ته‌واوی ڕیشه‌کێش بکرێ، چاره‌نووسی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ ده‌که‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.”

Advertisements

Entry filed under: کۆنه‌بابه‌ت.

کڕین و فرۆشتنی بڕوانامه‌ی خوێندنی باڵا له‌ تاران جه‌لال تاڵه‌بانی: ڕێگه‌ به‌ هیچ وڵاتێک ناده‌ین له‌ وڵاته‌که‌مانه‌وه‌‌ هێرش بکاته‌ سه‌ر ئێران


ئه‌رشیڤ

ئه‌یلول 2009
د س W پ ه ش ی
« ئاب   کانونی دووهەم »
 123456
78910111213
14151617181920
21222324252627
282930  

سه‌رژمێریی میوان

  • 38,484 میوان سه‌ردانیان کردووم

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: