بۆخۆم لێره‌ و یار له‌وێ ـ روونکردنه‌وه‌یه‌کی پێویست

شوبات 14, 2011 at 16:02

وه‌ک به‌شێک له‌ دۆست و نزیکانم ئاگادارن، ماوه‌ی زیاتر له‌ سێ مانگ ده‌بێ له‌و سایته‌دا دارم له‌سه‌ر به‌ردی دانه‌ناوه‌. ده‌مویست به‌ خشکۆڵی له‌ ئه‌رکه‌کانی دوور که‌ومه‌وه‌ و به‌و چه‌ند دۆسته‌ی بسپێرم که‌ پێشتریش جار و بار کاریان له‌ سه‌ر سایته‌که‌ کردووه‌ و به‌ سیاسه‌تی وه‌شان و … ئاشنان.

ئه‌وه‌ی بوو به‌ هۆی نووسینی ئه‌و چه‌ند دێڕه‌، به‌ پله‌ی یه‌که‌م ئاگادارکردنه‌وه‌ی به‌رده‌نگه‌کانی رێنێسانس بوو له‌و گۆڕانه‌ که‌ له‌ ستافی سایته‌که‌دا پێک هاتووه،‌ به‌ تایبه‌ت دوای رووداوی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕینی یه‌کێک له‌ پره‌نسیپه‌کانی پێشووی رێنێسانس نیوز، که‌ له‌و دووـ سێ رۆژه‌ی رابردوودا بۆ کارگێرانی ئێستای سایته‌که‌ هاته‌ پێش.

هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ دوور و نزیکه‌وه‌ ئاگاداری رووداوه‌کانی ناوخۆی وڵاتن له‌ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ کار و چالاکییه‌ فه‌رهه‌نگی و سیاسییه‌کاندا، ده‌بێ به‌وه‌ش حه‌سیابن که‌ له‌ په‌راوێزی ئه‌و چالاکییانه‌دا که‌ کۆمه‌ڵێک کچ و کوڕی نیه‌تچاک و داوێنپاک به‌ڕیوه‌یان بردووه‌ و له‌سه‌ری که‌وتوونه‌ گرتووخانه‌کان، ئه‌شکه‌نجه‌ کراون و ته‌نانه‌ت له‌داریش دراون، هێندێک که‌سی دیکه‌ش هه‌بوون که‌ له‌ پێناو خۆرزگارکردن له‌ ژیانی ناوخۆی وڵاتدا جه‌وسازییان له‌ ده‌وری که‌سایه‌تی و چالاکییه‌ به‌ناو فه‌رهه‌نگییه‌کانی خۆیان کردووه‌.

که‌م نین ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌ر سفره‌ی حه‌سه‌نپوور، که‌بوودوه‌ند و که‌مانگه‌ره‌کان خۆیان گه‌یاندۆته‌ وڵاتانی رۆژئاوا. ئه‌وه‌ی ئه‌لف و بێیه‌ک بزانێ له‌و کێشانه‌ش ئاگاداره‌ و لێره‌دا چ پێویست به‌ نموونه‌ هێنانه‌وه‌ ناکات.

سیاسه‌تی وه‌شانی رێنێسانس نیوز، له‌ رابردوودا ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ به‌هیچ جۆرێک رێگه‌ به‌و جۆره‌ جه‌وسازییانه‌ نه‌دا و ته‌نیا  داکۆکیکاری مافی ئه‌وانه‌ بێ که‌ به‌ ڕاستی گیانیان له‌ مه‌ترسیدا بووه‌ و به‌ کرده‌وه‌ که‌وتوونه‌ به‌ر په‌لامار. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئێمه‌ هێندێک جار که‌سانێکی لێمان تۆراندووه،‌ به‌ڵام ئێمه‌ گوێمان به‌و شتانه‌ نه‌داوه‌ و مۆدێلی کاری خۆمان پێ باشتر بووه‌ له‌و سایت و رۆژنامانه‌ی خۆیان کرده‌ دارێک له‌ ده‌ست چه‌واشه‌کاراندا. یه‌که‌م کاردانه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ “بابه‌ت”ـه‌کانیان له‌ رێنێسانس نیوزدا بڵاو نه‌که‌نه‌وه‌ و لێره‌ و له‌وێش به‌ “سایتی چه‌واشه‌کار” و “سایتی خۆفرۆش” ناوی لێ ببه‌ن.

با درێژدادڕی نه‌بێ: یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانی ستافی ئێستای رێنێسانس نیوز، که‌ به‌ داخه‌وه‌ ئاگاداری ئه‌و سیاسه‌ته‌ی رێنێسانس نیوز نه‌بووه‌، له‌و چه‌ند رۆژه‌دا وتاری یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ی له‌ فه‌یس بووکه‌وه‌ راگوێستبوو و ئه‌وه‌ش هه‌ڵای لێ که‌وته‌وه‌. هه‌تا هێندێک نانخۆرـ چ ئی سیاسی و چ ئی کۆمه‌ڵایه‌تی  ـ له‌و هه‌لا ئه‌لکترۆنییه‌دا گوتیان “نا بۆ رێنێسانس”، بێ ئه‌وه‌ی له‌ کۆی مه‌سه‌له‌که‌ ئاگادار بن. بۆیان به‌ داخم.

با ئه‌وه‌ش روون که‌مه‌وه‌ که‌ ئه‌من به‌هیچ جۆرێک نامه‌وێ خۆم له‌ به‌رپرسیاره‌تیی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بدزمه‌وه‌ و بێگومان هه‌ڵه‌که‌ له‌ منه‌وه‌ بووه‌ نه‌ک له‌و هاوڕێیه‌ که‌ وتاری ئه‌و که‌سه‌ی بڵاوکردۆته‌وه‌. من بووم که‌ ده‌بوو ستافی نوێم له‌و مه‌سه‌له‌ ئاگادار کردبایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و پره‌سنیپه‌ کۆنه‌ی رێنێسانسدا باز نه‌ده‌ن. به‌ واته‌یه‌کی دیکه‌ تاوانباره‌که‌ منم نه‌ک که‌سێکی دیکه‌.

به‌هانه‌یه‌کی دیکه‌‌م بۆ نووسینی ئه‌و کورته‌ روونکردنه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ بوو که‌ به‌رده‌نگه‌کانم ئاگادار بکه‌مه‌وه‌ که‌ من ئێستا له‌سه‌ر سایتی رێنێسانس نیوز کار ناکه‌م ـ هه‌ر چه‌ند سایته‌که‌ هه‌ر به‌ ناوی منه‌وه‌ تۆماره‌، به‌ڵام سه‌رقاڵیی شه‌خسی و …‌ ده‌رفه‌تی کارکردنیان بۆ نه‌هێشتوومه‌وه‌. بێگومان ئێستاش هه‌ر وه‌ک ده‌زگیرانێکی فره‌ ئازیز چاو له‌ سایته‌که‌ ده‌که‌م و تا بۆم بکرێ وه‌ک چاوی خۆم ده‌یپارێزم. ئه‌و کورته‌ نووسینه‌ش هه‌ر هه‌ڵوێستێکه‌ له‌و ئاراسته‌یه‌دا. خۆ به‌وه‌ی نییه‌ یارم له‌وێ‌ به‌جێ هێشتووه‌ و بۆخۆم لێره‌م. (ئه‌و دێره‌ی دوایی‌ له‌ نموونه‌ی سه‌ر سایته‌که‌دا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هاتووه‌ ـ یارم لێره‌ به‌جێ هێشتووه‌ و بۆخۆم له‌ شوێنێکی دیکه‌م).

بۆ ئه‌وانه‌ی حه‌ز به‌ کاره‌کانی من ده‌که‌ن، ئه‌وا په‌نجه‌ره‌یه‌کی بچووکم کردۆته‌وه‌ و ورده‌ ورده‌ خه‌ریکی وه‌رگێڕانم. جاری واش هه‌یه‌ بابه‌تێک تینم بۆ دێنێ و هه‌تا خۆم پێ نه‌نووسێته‌وه‌ وازم لێ ناهێنێ. ده‌ڵێن پرۆسه‌ی نووسین وه‌ک منداڵبوون وایه‌. نووسه‌ر به‌ دیتنی رووداوه‌کان ئاوس ده‌بێ، به‌ هه‌ستکردن به‌وه‌ی که‌ خه‌ریکه‌ له‌ ناو خۆیدا “بوونه‌وه‌رێک” پێده‌گه‌یه‌نێ شاگه‌شکه‌ و به‌ هێنانه‌ جیهانیشی دڵی ده‌حه‌سێته‌وه‌. راست وه‌ک دایک.

Advertisements

Entry filed under: ورده‌بابه‌ت.

رێوڕه‌سمی پرسه‌ی مامۆستا شێخ عیزه‌دین و شانۆی سیاسه‌تکاران رۆمان و باوه‌ڕ، سه‌ردێڕی وتارێکی د. هاشم ئه‌حمه‌د زاده‌یه


ئه‌رشیڤ

شوبات 2011
د س W پ ه ش ی
« کانونی دووهەم   ئازار »
 123456
78910111213
14151617181920
21222324252627
28  

سه‌رژمێریی میوان

  • 38,451 میوان سه‌ردانیان کردووم

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: